لێكەوتەكانی لۆزان لەسەر خەباتی ژنانی كورد پرسێكی سەرەكیی كۆنفرانسی لۆزان بوو

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڤانە باهیر

نوێنەرانی كورد لەهەر چوار پارچەكانی كوردستان و رەوەندی كوردی بەشداریان لە كۆنفرانسێكی دوو ڕۆژیدا كرد كە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی هەموو ئەو لێكەوتانەی كە پەیماننامەی لۆزان دروستیكردووە بەسەر پرسی كوردەوە.

پەیماننامەی لۆزان ١٠٠ساڵ بەسەریدا تێپەڕی، كە لە ٢٤ی تەمموزی١٩٢٣دا، لەشاری (لۆزان)ی سویسرا لەنێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەڕەنساو ژاپۆن و یۆنان و رۆمانیا و سڕبیا و كرواتیاو سلۆڤینییا و توركیا)، بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیاو پێداچوونەوە بەپەیمانی سیڤەردا ئەنجامدرا.

كێشەی ژن و ڕێگا چارەسەریەكانیی تاوتوێكرا لە لۆزان، بۆئەوەی لە پڕۆژەیەكدا بخرێنەڕوو، ئەویش لە چوارچێوەی پانێڵێكی تایبەتدا لە دووەم ڕۆژی كۆنفرانسەكە كە لەلایەن ژاڵانە هەورامان و سەحەر ئایدە بەڕێوەبرا و هەریەك لە منەوەر عەزیز ئۆغلۆ، پڕۆفیسۆر لە زانكۆی برێمەنی ئەڵمانیا و نەرمین عوسمان، وەزیری پێشووی كاروباری ژنانی عێراق بەشداریان كرد بە توێژینەوەكانیان.

سەحەر ئایدە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سەد ساڵ لەمەوبەر لە پەیماننامەی لۆزاندا هەوڵی لاوازكردن و لەناوبردنی كورد و ژنی كورد درا، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ژنانی كورد لەهەر چوارپارچەی كوردستان و رەوەندی كوردەوە تێكۆشینەكانی ژنی كوردیان دژی ئەم پەیماننامەیە خستەڕوو».

 هەروەها ئاماژەی بە خەباتی  ژنی كورد كرد سەرەڕای ئەو كاریگەریە گەورەیەی لۆزان وایكردووە ئەمڕۆ دروشمی «ژن ژیان ئازادی «وەك دروشمی ئازادی ژنان لە جیهاندا بڵێنەوە.

سەحەر ئایدە باسیشی لەوەكرد، كۆی كۆنفرانسەكە و پانێڵی ژنانیش جەختكردنەوە بوو لە پێكەوەییبوونی كورد و بەتایبەتیش ژنان بۆ بەردەوامكردنی خەباتەكانیان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانمان وەك نەتەوەی كورد، كە ئەمەش خەونی پەیماننامەی لۆزانی لەناوبردووە.

پانێڵەكە بەبەشداری چەندین توێژەر و بەرپرسی دیكە بەڕێوەچوو كە یەكێك لەوانە نەرمین عوسمان وەزیری كاروباری پێشووی ژنانی عێراق بوو.

نەرمین عوسمان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەروو كە تەوەرەكەی باسكردن بووە لەهەموو لێكەوتەكانی لۆزان سەبارەت بە پرسی ژن لەهەموو ڕوانگەیەكەوە، بۆ نموونە كە چۆن بووەتەهۆی ئەوەی پەروەردە و خوێندن نەگەیشتۆتە هەموو ناوچەكان بۆ ژنان و بی بەش بوون لە خوێندن بەتایبەت لەناوچە دابڕێندراوەكان.

نەرمین عوسمان وتیشی: » ژێردەستەیی كورد و پارچە پارچەبوونی كورد وایكردووە ئاگامان لە ئەرشیفی یەكتر نیە و ئەرشیفەكانمان دزراون، ئەمەش یەكێك لە هۆیەكانی ئەوەبووە كە نەمانتوانیوە لە وڵاتی داگیركەردا بەزمانی خۆمان بنوسین ئەمە زیاتر سەبارەت بەپارچەكانی دیكەی كوردستانە كە ڕێگەنەدراوە بەزمانی كوردی  بنوسێت.

«بێگومان ئەمە هیچ قسەیەكی ناوێت، لە باشوری كوردستان مافەكان و ئازادیەكانی ژنان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ پارچەكانی دیكە، ناڵێم كەمتەرخەمی نییە، بەڵێ كەم كورتی هەیە و كێشە لە جێبەجێكردنی یاساكان هەیە، بەڵام دەڵێم بە شانازییەوە كە لەماوەی ڕابردوودا توانیومانە كاریكی باش بكەین» نەرمین عوسمان وای وت.

نەرمین عوسمان پێشیوابوو  لە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی كوردستانەوە بۆیان دەردەكەوێت ئازادی كوردستان و پرسی ژن چەند بەیەكەوە پەیوەستن و لۆزانیش بەو داگیركاریەی چەند كاریگەری هەبووە لەسەر ژنی كوردستان.

كۆنفرانسی لۆزان ماوەی دوو رۆژی خایاند كە لە ٢٢-٢٣ی تەمموزدا بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا بەشدارانی كۆنفرانسەكە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە وئەنجامەكانی گفتوگۆی ئەو دوو رۆژەیان ڕاگەیاند، كە بەشێكی تایبەتكرابوو بە داواكاری بۆ باشتركردنی دۆخی ژنانی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان.

لەبارەی ئەنجامی پانێڵی ژن لە كۆنفرانسی لۆزانیشەوە هەریەك لە سەحەر ئایدە، بەڕێوەبەری پانێڵی ژن و نەرمین عوسمان، وەزیری پێشوی كاروباری ژنانی عێراق ئاماژەیان بەوەدا « لە پانێڵی ژن بەتەنها باسمان لە كێشە ولێكەوتەكانی لۆزان نەكرد، بەڵكو باسمان لە چارەسەریەكانی ئەم ئاریشانەش كرد  بەچەندین خاڵ كە یەكێكیان داواكردنی زیادكردنی ئازادی ژنانە لەهەموو ناوچەكانی كوردستان كە ڕووبەڕووی نەتەوەیەكگرتوەكان و هەموو وڵاتانی بەدەستەڵاتی دوونیاو لایەنە سیاسیەكانی كوردیشی دەكەینەوە، ئەمەش لەپێناو كەمكردنەوەی كاریگەری پەیماننامەی لۆزان لەسەر پرسی ژن».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار