وەزارەتی پێشمەرگە: ئەو کەسانە دەدەینە دادگا کە نوسراوی وەزارەتییان دزەپێکردوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی پێشمەرگە رونکردنەوە لەبارەی بڵاوکردنەوەی نوسراوێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەدات کە تێیدا هاتوە بەبڕی زیاتر لە دو ملیار دینار خانو بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراوە.

وەزارەتی پێشمەرگە لەڕونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، چەند نوسراوێکی فەرمی وەزارەت لە چەند پەیجێکدا بڵاو کراونەتەوە، دەربارەی کڕینی خانو و ئۆتۆمبێل بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو دو خانوەی لە نوسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون، وەک تەواوی ئەو خانوانەی تر بەکاردەهێنرێن، کە وەزیر و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکاریاندەهێنن".

وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت:

١. ئەو دوو خانووەی لە نوسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون، وەک تەواوی ئەو خانووانەی تر بەکاردەهێنرێن، کە وەزیر و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکاریان دەهێنن.

٢. بەڕێز بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان کار ناکات، تەواوی ئەو فەرمانە وەزاریانەی، کە واژۆی لەسەر کردوون فەرمی و یاسایین.

٣. لەم ساڵدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراون لەناویاندا ئۆتۆمبێلێک دراوە بە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.

٤. بڵاوکردنەوەی نوسراوە فەرمییەکانی وەزارەت لێپێچینەوەی یاساییان لەسەرە و لەمبارەوە، تەواوی ئەو کەسانە دەدەینە دادگای سەربازی، کە کار لەسەر دزەپێکردنی نوسراوە فەرمیەکانی وەزارەت دەکەن و لە میدیاکاندا بڵاویان دەکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەمساڵ دو خانو بە بڕی یەک ملیارو 285 ملیۆن دینار بۆ بریکاری وەزیری پێشمەرگە کڕدراون، هەر ئەمساڵیش 160 ملیۆن بۆ نۆژەنکردنەوەیان تەرخانکراوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار