مۆتەكەی نەگەشتنی مووچە كۆتایی هات

وەزارەتی دارایی هەرێم: ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچە رادەگەیەنین و پێنجشەممە دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ماوەی چەند رۆژێكە مانگرتن و بایكۆتكردنی دەوام لەچەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم دەستیپێكردووەو فەرمانبەران داوای مووچەكەیان دەكەن، پاش زیاتر لە 40 رۆژیش بەغدا بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێم رەوانە بكات، بەوەش هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیەكی دیكەیان دەمێنێت وەریبگرن.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی 1-8-2023  دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەوانان كرد.

 لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەشێك لەپشكی هەرێمی كوردستانیان لەبودجەدا ناردووەو ئاماژەی بەوەشكرد، ناردنی پارەكە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدایە.

هەروەها لەبارەی ئەوەی كەپەیوەندی بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداوە هەیە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند:» رێككەوتنمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەو لیژنەش لەهەردوولا پێكهێندراوە بۆ چاودێریكردنی رێككەوتنەكە.

بڕی 912 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانكی هەرێم لەهەولێرو بڕیارە بەغداد دوای لێكتێگەیشتنەكانی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم پارەی دیكە رەوانە بكات.

تایبەت بەدابەشكردنی مووچە لەهەرێمی كوردستان، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئەو پارەیەی عێراق ناردوویەتی گەیشتووەتە بانكی هەرێم و ئەمڕۆ چوارشەممە خشتەی مووچە بڵاودەكەینەوەو دەست بەدابەشكردنی دەكەین».

چاوەڕوان دەكرێت رۆژی پێنجشەممە 3ی ئابی 2023 دابەشكردنی مووچە دەستپێبكات و لە 10 رۆژدا دابەش بكرێت.

بەشێكی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەتە بەنەوت ، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوە بكرێت، یان لە ناوخۆدا بەكاربهێندرێت.

 محەمەد شیاع سوودانی لەو بارەیەوە وتیشی: تاوەكو ئێستا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەستیپێنەكردووەتەوەو رۆژانە 55 هەزار بەرمیل لەهەرێمی كوردستان وەردەگرن.

دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەكاتێكدا لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم جوتیار عادل كەئەوكات وتەبێژی حكومەت بوو بەڵێنیدا هەموو 25 ی مانگێك مووچە دابەش بكرێت، بەڵام ئێستا مانگی هەشتە، فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە، بەو هۆیەوە فەرمانبەران لەچەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم بایكۆتی دەوامیان دەستپێكردووە.

رۆژی 01-08-2023 دكتۆر زانا عەلی، نوێنەری پزیشكانی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانمان ناچینە سەر كارەكانمان و پێنجشەممە دوایین مۆڵەتە بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

رۆژی 31ـی تەممووز، پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و پزیشكانی پلەبەند راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێدا ئاماژەیان بەوە كرد، «لەپاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 44 رۆژ بەسەر دابەشكردنی كۆتا مووچە و ناڕوونی چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 6 و 7،  دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەكانی ناو شاری سلێمانی، دەرەوەی سلێمانی فریاكەوتنەكانی ناو شار و دەرەوەی شار، بنكە و مەڵبەندە تەندروستیەكان و سەنتەرەكان، بایكۆت دەكەین تاوەكو داواكاریەكانمان جێبەجی دەكرێت.»

رۆژی دواتر بەشێك لەپزیشكانی نیشتەجێی خولاوو پلەبەندی نەخۆشخانەی شار لەپێش نەخۆشخانەكە گردبوونەوەو یەكێك لەپزیشكەكان رایگەیاند: بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی مانگی شەش و حەوت گردبوونەتەوە، چەندینجار رێككەوتن لەسەر ئەوە كراوە مووچە لەكاتی خۆی دابەشبكرێت و جێبەجێ نەكراوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار