بەنزین لەهەولێر گرانترە بەراورد بەسلێمانی

شۆفێران چاوەڕێی دابەزینی نرخی بەنزین بوون، بەڵام نرخەكەی زیادیكرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



هەناو بابا رەسوڵ

بەنزین لەهەولێر گرانترە بەراورد بەسلێمانی و جیاوازی نرخی لترێك بەنزینی نۆرماڵ 200 دینارە، وتەبێژی بەنزینخانەكانی هەولێر دەڵێت:» دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی عێراق هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزینن».

نرخی بەنزین جارێكی دیكە لەهەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕێی دابەزینی نرخەكەی بوو، شۆفێران هاواریان لێهەستاوەو بازرگانانیش دەڵێن بەدەست ئەوان نییەو باس لەهۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەن.

ئێستا لەهەولێر و دهۆك لیترێك بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە هەزارو 100 دینار و لیترێك بەنزینی موحەسەن 1300 دینار و سوپەریش 1450 دینار لەزۆر بەنزینخانەش بەنزینی نۆرماڵ هەرزوو نامێنێ چونكە نرخەكەی لەدوو جۆرەكەی دیكە هەرزانترەو شۆفێران سەرەی بۆ دەگرن، لەسلێمانی و هەڵەبجەش لیترێك بەنزینی نۆرماڵ 900 دینارە.

جەنگی مەجید، وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەنزینی حكومی هەروەك خۆیەتی ٧٥٠ دینارە، بازرگانییەكەش بەپێی پێویستی كەم بێت گران دەبێت و زۆریش بێت دادەبەزێت».

وتیشی:»هۆكاری كەمبوونەكەی ئەوەیە كەپێشتر رێگاكان نەبوو، سامانە سروشتییەكان لەچەندڕۆژی رابردوودا بڕیارێكی دەركرد كەڕێگاكان بكرێنەوە، هەروەها گرانبوونی دۆلار و نەكەوتنە بواری جێبەجێكردنی بودجەشەوە هۆكارن».

وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر دەشڵێت :»رەنگە رێگاكان بكرێنەوەو دۆلاریش وا دادەبەزێت ئەگەر هەیە نرخی بەنزین هەرزان بێت».

«پاڵاوگەكانی لانازو كار بەنزینی حكومی بە ٧٣٠ دینار دەدەن و بە ٧٥٠ دەفرۆشرێتەوە، بازرگانییەكەش كە هەرئەوان بەشێكی دابین دەكەن ئەمڕۆ بە ١٠٨٠ دینار دراوە بەبەنزینخانەكان». جەنگی مەجید وای وت.

نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی بەنزین زۆر گران بووە، هۆكارەكە بەتەواوی نازانرێت و زیاتر ئەوەیە كەبەرهەمهێنانی لەپاڵاوگەكان كەمبووەتەوە».

وتیشی:»ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین و لێكۆڵێنەوە لەهۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەین، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش رایگەیاندووە كەئاسانكاری دەكەن بۆ بازرگانەكان كەبەنزین بهێنن».

لەساڵی 2019 ەوە نرخی بەنزین بەهەرسێ جۆرەكەیەوە لەهەرێمی كوردستان سێ هێندە بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا بەرپرسانی حكومی بەردەوام باس لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەكەن، بەڵام هێشتا چارەسەر نەكراوە.

ئازاد كەریم، شۆفێری تاكسی لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»شۆك بووم كە هاتم بینیم بەنزین 75 دینار چووەتەسەر، لەكاتێكدا لە شارەكانی دیكەی عێراق بەنزین كەمترە لە 500 دینارو لێرە(سلێمانی)  نۆرماڵ بە 900 یە».

ئەو شۆفێرە داوای  لەبازرگانەكان كرد «ویژدانیان بەكاربهێنن».

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لەپارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەكات.

بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «نرخەكان وەك خۆیانن، بەنزین لای ئێمە ٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەكان وەكو كارو بێجی زیاتر لەمانگێكە لەكاركەوتوون، پاشان ماوەی مانگێكە ئەو بەنزینەی عێراق بڕدراوە كە بە ٧٥٠ دینار بوو «.

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی پێشیوابوو كە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبۆرسەی جیهانی كاریگەری هەبوو، وتیشی:»هەموو بازرگانێك لەسنووری خۆماندا ئازاد بووەو كەس سوتەمەنی قۆرغ نەكردووەو كێ سوتەمەنی دەهێنێت و دیفرۆشێت ئازادە».

«لەئێستادا بەنزینخانەكانمان لەزەرەردان و هەوڵمانداوە كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەین، تا ئەو سنورەی بۆمان دیاریكراوە بەنزینخانەكان و بازرگانەكان هەوڵمانداوە نرخ گران نەبێت، بەڵام پاڵاوگەكانی كارو لاناز بەزین گران دەكەن و بەنرخێكی هەرزان نایدەنە بەنزینخانەكان، بەڵام پاڵاوگەیەكی دیكە كەزیاد لەمانگێكە كێشەی سیانەی هەبووە، بڕیارە دەستپێبكاتەوەو هاوكاری بەنزینخانەكان بكاتەوە « بەهمەن قادر وای وت.

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری یەكەم و سەرەكی گرانبوونی نرخی بەنزین قۆرغكارییە چ لەلایەن پاڵاوگەكانەوەو چ لەلایەن بازرگان و خاوەن وێستگەكانەوە، جگە لەوەی هیچ دەزگایەك لەهەرێمی كوردستاندا چاودێری نرخی بەنزین ناكات».

وتیشی:» هەندێك هۆكاری تریش هەن وەك بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارو بەهای نەوت و ئەمانە دەكەنە بیانوو بۆ ئەوەی زیاد لەپێویست نرخەكەی گران بكەن، لەكاتێكدا پاڵاوگە بۆ خۆی نەوتی خاو پەیدا دەكات و بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشێت ئیتر حكومەت چیبكات».

«پێویستە حكومەت چاودێری بكات لەڕووی كوالێتییەوەو قازانجەكەی بۆ دیاری بكات و ناكرێت بەمشێوەیە بازاڕی بۆ ئازادبێت و خۆی قازانج بۆ خۆی دیاری بكات، رۆڵی حكومەت لەم پرسەدا خراپەو بووەتە لایەنگیریش ئەگەربێتو لەڕووی نرخ و كوالێتییەوە چاودێری بكرێت نرخی بەنزین كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام حكومەت مەبەستی نییە». كەریم عەلی وادەڵێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت:» چەند چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە هەیە، حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان بەنرخی پاڵپشتی بدرێتە هاووڵاتیان، هەروەها رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقی كەخاڵێكی زۆر گرنگەو كوالێتی و نرخی بەنزین رێكبخەنەوە تاهەرێمی كوردستانیش لەڕووی سوتەمەنییەوە سەقامگیربێت».

كەریم عەلی ئاماژە بەوەدەكات «هەروەها چاودێرییەكی چڕی پاڵاوگەكان و بازرگانەكان و خاوەن وێستگەكان بكرێت و نرخ و قازانجیان بۆ دابینبكرێت ئەوكاتە كۆنترۆڵی نرخی بەنزین دەكرێت و بەرزی و نزمی روونادات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار