پاش لەکەدارکردن و ناوزڕاندیان لەهەڵبژاردنەکاندا؛ ئاوارەکانی سوریا بەکۆمەڵ لەتورکیاوە دیپۆرت دەکرێنەوە
ئاوارە سورییەکان بەزۆر ئیمزایان پێدەکرێت رازیببن بەناردنەوەیان بۆ سوریا
یەک ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: میدڵ ئیست ئای
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
کاتێک خالید ئەحمەد رۆیشت بۆ سەرۆکایەتی ئەستەنبوڵ لەبەشی بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەری بەمەبەستی تازەکردنەوەی ناونیشانەکەی، نەیدەزانی کەسەردانە رۆتینییەکەی چی بەسەردێنێت.
دروستبونی دەمەقاڵێیەک لەنێوان ئەحمەدو فەرمانبەرێکی حکومی بووە هۆی ئەوەی دەستیگیربکرێت و رەوانەی بەندیخانە بکرێت لەشارێکی تری تورکیا.
دوای مانەوە لەبەندیخانە بۆ ماوەی مانگێک لەشاری کیلیس لەباشوری تورکیا، ئەحمەد بەناچاری و بەزۆر بەڵگەنامەیەکی ئیمزاکرد کە بەپێی بەڵگەنامەکە رازیبوونی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوەی «ئارەزوومەندانە» بۆ باکوری رۆژئاوای سوریا. ئەحمەد تەمەن 53 ساڵ باسی لەوە کردووە کە «لەلایەن پۆلیسێکی گەنجی تورکییەوە لەسەرو قاچی دراوە».
ئێستا کە لەماڵی هاوڕێیەکی دەمێنێتەوە لەشاری عەزازی سوریا، کە 10 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دوورە، ئەحمەد ترسی ئەوەی هەیە هەرگیز جارێکی دیکە خێزان و منداڵەکانی نەبینێتەوە.
«ماوەی هەشت ساڵە لەئەستەنبوڵ دەژیم و کاردەکەم، منداڵەکانم لەئەستەنبوڵ دەچن بۆ قوتابخانە، هەموو بەڵگەنامەیەکی فەرمیمان هەیە بۆ مانەوەمان لەوێ، بەڵام ئێستا لەیەک جیابووینەتەوە، نازانم کەی دەیانبینممەوە»، ئەحمەد وای وت.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی هەزار سوری، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، لەسەرەتای مانگی رابردووەوە بەشێوەی زۆرەملێ لەتورکیاوە دیپۆرت کراونەتەوە بۆ سوریا.
هەڵمەتە زۆرەملێکە لەساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەڵام دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بردەوە لەحوزەیرانی ئەمساڵدا، هەڵمەتەکە زیاتر کرا.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتێکدا بوو کە ئاستی جیاکاری و رقلێبوونەوە لەئاوارەکانی سوریا لە ئاستێکی بەرزدا بوو، لەگەڵ ئەوەی هەردوو کاندیدی هەڵبژاردنەکانیش بەڵێنی ناردنەوەی بەکۆمەڵی ئاوارەکانیان دەدا.
کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، چەندینجار بەڵێنی ئەوەیدا کە تەواوی ئاوارەکانی سوریا دیپۆرت بکاتەوە. هەرچەندە ئەردۆغان لەسەرەتاوە پاڵپشتی ئەو سوریانەی دەکرد کە لەجەنگ رادەکەن، بەڵام ئەمیش بەڵێنیدا «بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە» نزیکەی ملیۆنێک سوری بنێرێتەوە بۆ باکوری وڵاتەکەیان.
دوای گەڕانەوە لەوڵاتانی کەنداو لەکۆتایی مانگی رابردوو، ئەردۆغان رایگەیاند کە حکومەتەکەی هەنگاوی باشی ناوە لەپلانەکەیدا. «دروستکردنی خانوو لەباکوری سوریا بەردەوامە، ئێستا گەیشتووین بە 100 هەزار بۆ 150 هەزار خانوی دروستکراو،» ئەردۆغان وای وت.
قۆچی قوربانی
بەشێوەیەکی بەرچاو ئاوارەکانی سوریا بوونەتە قۆچی قوربانی قەیرانی ئابوری تورکیا کە تێیدا خەڵکی تورکیا هێزی بازاڕکردنیان لەدەستداوە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕابەدەری هەڵاوسان و خێرا دابەزینی بەرچاوی لیرەوە.
ئاوارە سورییەکان ناویشیان بەوشککەرەوەی سەرچاوەکانی تورکیا دەهێنرێت و لۆمەش دەکرێن بۆ چەندین گرفت لەوڵاتەکەدا، هەر لەگێچەڵی سێکسسیەوە بگرە تا تاڵان کردن، ئەمەش دوای بومەلەرزە کوشندەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ.
تەها ئەلغەزالی، شیکەرەوەیەکی سیاسی و چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ، دەڵێت کە رێکارە توندەکانی ئەنقەرە بێئومێدکەرن بەڵام چاوەڕواننەکراو نین.
«بەداخەوە، تەنگوچەڵەمەی ئاوارە سورییەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی بەکاردەهێنرێت لەلایەن پارتەکانەوە،» ئەلغەزالی ئەمەی وت و راشیگەیاند سەرۆککۆماری تورکیا دەیەوێت زۆرترین سوری بنێرێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەساڵی داهاتوودا چونکە «ئەو دەزانێت خەڵکی تورکیا دەیانەوێت ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە».
بەپێی ئاماری نەتەوەیەگرتووەکان، تورکیا نزیکەی چوار ملیۆن ئاوارەی لەخۆگرتووە کە سێ ملیۆن و 600 هەزار کەسیان بەناچاری لەسوریاوە ئاوارە بوون.
لەئێستادا، زیاتر لە 500 هەزار سوری ناویان تۆمارکراوە کە لەئەستەنبوڵ دەژین لەکاتێکدا شارەکانی باشوری وڵات وەک غازیعەنتاب، ئورفە، هەروەها هاتای هەریەکەیان هەزارەها ئاوارەیان لەخۆگرتووە.
بەنزیکەیی، هەموو ئاوارەیەک کارتێکی پارێزگاری دراوەتێ کە بەتورکی بە «کیملک» ناسراوە و بەو کارتە دەتوانن لە تورکیا بمێننەوە هەتا ئەوکاتەی وڵاتی خۆیان بەسەلامەت لە قەڵەمدەدرێت یان خۆیان بیانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.
بەڵام ئەلغازی دەڵێت ئەم هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەیە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پێچەوانە و سنوربەزاندنی رێککەوتننامەی 1951ی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر ئاوارەکان چونکە دۆخی سوریا چ لەژێر دەستی حکومەتی بەشار ئەسەد و چ لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن بەرەوپێش نەچووە هەرچەندە شەڕو جەنگ لەنێوانیان دامرکاوەتەوە.
دەرکردنی ئاوارە سورییەکان هاوتایە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدرێن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق و گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان بۆ پێش ساڵی 2011.
هەرچەندە پێشتر ئەردۆغان، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای بە «بکوژ» ناودەبرد، بەڵام لەم دواییانەدا نیازی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئەسەددا.
سووکایەتی پێکردن و لێدان
عەبدولڕەحمان عیسا کە تەمەنی 28 ساڵە و ئەمیش یەکێکە لەوانەی مانگی رابردوو دیپۆرتکراوەتەوە بۆ باکوری سوریا، دەڵێت بەپێچەوانەی ئەوەی کە مافی مانەوەی یاسایی لەتورکیا هەیە بەڵام لەوڵاتەکە دەرکراوە.
«سوکایەتیم پێکراو لێشمدرا، پۆلیسێک دەستی گرتم و بەزۆر پەنجەمۆری پێکردم لەسەر پەڕەی قایلبوون بەدیپۆرتکردنەوەی ئارەزوومەندانە،» عیسا وای وت.
عیسا دەشڵێت، «ژن و کچەکەم ئێستا لەهاتای دەژین بەبێ پاڵپشتی دارایی لەکاتێکدا من لە رەققە دەژیم کە شاری خۆشم نییە، من خەڵکی حەلەبم بۆچی ناردیانم بۆ رەققە؟»
بەپێی وتەی قسەی لەهەندێک خەڵکی سوریا، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکان سوکایەتی و زۆرەملێی تێدا بووە کە بەشێکی زۆر لەئاوارەکان لەڕێگەی خاڵە سنورییەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە بردراون.
ئێستا کە لە رەققە گیریخواردووە، عیسا دەڵێت پێناچێت جارێکی تر بگەڕێتەوە سوریا. «لەئێستادا چاوەڕێی ئەوەم بەسەلامەتی بگەمە ئیدلیب کە ئەویش کارێکی قورسە، کە گەیشتم ئەوکات داوا لەژنەکەم دەکەم تورکیا بەجێبهێڵێت و پێکەوە شاد ببینەوە،» عیسا وای وت.
وتەبێژێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) باسی لەوە کرد کە رێکخراوەکەیان «زانیاری باوەڕپێکراوی بیستووە لەسەر جێگۆرکێکردنی سورییەکان بۆ سوریا لەکەمپی ئەلبیسی لە کیلیس لەکاتی جەژنی قورباندا لەمانگی حوزەیران».
«بەڵام رێکخراوەکەمان لەئێستادا لێکۆڵینەوەی نوێی خۆی ئەنجام نەداوە، هەرچەندە ئەم راپۆرتانە هاوتەریبن لەگەڵ ئەو شتانەی بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆمان ئاشکرا بوون،» وتەبێژەکە وای وت.
لەمانگی نیساندا رێکخراوەکە لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد کە پاسەوانی سنوری تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لەهاووڵاتی سوری کردووە لەسەر سنور. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەوانەی هەوڵی مافی مانەوە دەدەن و کۆچبەرانیش کەدەیانەوێت سنوری تورکیا ببڕن دووچاری ئەشکەنجەو هێز بوونەتەوە.
‹تەواوی ژیانم تیاچوو›
ئەحمەد یاسینی تەمەن 24 ساڵ کە لەئەنقەرە دەژیا ئەوەی ئاشکراکرد کە لەخەودا بووە کاتێک لە بەرەبەیانی 4ی کانونی یەکەمی 2022 هێزێکی پۆلیس لەدەرگاکەیانداوە.
ئەو دەڵێت کاتێک دەرگاکەی کردووەتەوە، دەستبەجێ لەگەڵ خێزانەکەیدا دەستگیرکراون و بردراون بۆ بنکەی پۆلیس. «دواتر رەوانەی بەندیخانەی ئەنقەرە کراین کە لەوێ دوو رۆژ نانمان نەخوارد،» یاسین وای وت.
یاسین دەشڵێت، «دواتر پۆلیسیك داوای لێکردین بەڵگەنامەیەک ئیمزا بکەین و وتی تەنها پەڕەیەکە بۆ ئەوەی شتەکانمان لەبۆکسێکی سەلامەتدا دابنێین، بەڵام خێزانم کە دەتوانێت تورکی بخوێنێتەوە زانی ئەوە بەڵگەنامەی قایلبوونە بۆ دیپۆرتکردنەوە».
یاسین باس لەوە دەکات کە کاتێک رەتیکردووەتەوە بەڵگەنامەکە ئیمزا بکات، لێیدراوە و بەزۆر ئیمزای پێکراوە. «ئێستا لەحەلەب دەژیم، ئێرە سەلامەت نییەو لێرە کارم نییە، تەواوی ژیانم تیاچوو،» یاسین وای وت.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، مردنی 11 کەس و برینداربوونی 20 کەسی تری لەسەر دەستی پاسەوانی سنوری تورکیا تۆمارکردووە لەسەر سنوری سوریا-تورکیا.
لەسەرەتای هەفتەی رابردوو، میدیاکانی ناوخۆی تورکیا رایانگەیاند، لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا چەندین سوری وەک دەربڕینی نارەزایی خێمەیان هەڵداوە «بەئامانجی ئەوەی بەرپرسانی تورکیا قایل بکەن رێ بەنەخۆشانی شێرپەنجە بدەن بچنە تورکیاوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر».
ئەم کەمپینە دوای ئەوە ئەنجامدرا کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە بەرپرسانی تورکیا رێگە دەگرن لە نەخۆشانی شێرپەنجە بچنە نێو تورکیاوە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی چەندان کەس.