لەدهۆك كارگەكان دەرەقەتی زبڵو خاشاك نایەن
بەشی زۆری زبڵەكە دەكرێتە ژێر خوڵەوە كەنزیكەی 50%ی خۆراكە
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
لەسنوری پارێزگای دهۆك چوار كارگەی ریسایكلین هەن، بەڵام توانای وەرگرتنی هەموو زبڵ و خاشاكی پارێزگاكەیان نییە، بەشی زۆری دەكرێتە ژێر خوڵەوە كە نزیكەی 50%ی خۆراكە، پسپۆرێكی ژینگەش دەڵێت تەنها زیانە داراییەكان مانگانە دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار.
دیار حازم، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكانی دهۆك بەهاوڵاتی وت: زبڵ و خاشاكی قەزای ناوەندی دهۆك و سێمێل رۆژانە 700 بۆ 750 تۆنە، لەو بڕە 48%ی خۆراكە، كارگەكانمان دەرەقەتی ئەوە نایەن تەواوی زبڵ و خاشاك وەربگرن و ریسایكلینی بۆ بكەن.
وتیشی: بۆ چارەسەری ئەم بابەتە دوو جۆر حاویە دابین دەكەین و لەقەزای سێمێل دەستمانپێكردوە، یەكێك بۆ زبڵی وشك و ئەوەی تر بۆ زبڵی تەڕ ، هەروەها بۆ ساڵی ئایندە لەقەزاكانی ئاكرێ و شێخان و بەردەڕەش جێبەجێ دەكرێت، بۆ قەزای ئامێدی و دەوروبەریش هەمان شت بەكاردەهێنێن، لەم رێگایەوە فشاری سەر كارگەكانی ریسایكلینیش كەم دەبێتەوە.
«چوار كارگەی ریسایكلینمان هەیە، هەندێكجار كێشەی سیولەمان هەیە ئەوەش بابەتێكی گشتییەو پەیوەندی بەوەزارەتەوە هەیە نەك ئێمە» بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكانی دهۆك وادەڵێت.
بڵند رەزا، سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ بەهاوڵاتی وت: كارگەی جیاكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ئاكرێ لە2011ەوە دامەزراوە، هەر لەوكاتەوە تائێستا بەبەردەوامی ئیش دەكات، ئێستا رۆژانە 200 بۆ 230 تۆن زبڵ و خاشاك وەردەگرێت، لەم رێژەیە سەرووی 50%ی دەكرێتە ژێر خۆڵەوە.
وتیشی: ئەوەی تر جیادەكرێتەوەو بەشێكی بۆ كشتوكاڵ بەكاردەهێنرێت و بەشێكی تر دەبێتە نایلۆن و كارتۆن و دووبارە بەكاردەهێنرێن، كارگەكە توانای وەرگرتنی 400 تۆنی هەیە.
بڵند رەزا دەشڵێت: ئەو كارگەیەی ئێمە زبڵ و خاشاكی سێ قەزا وەردەگرێت ئەویش قەزاكانی ئاكرێ، بەردەڕەش و شێخان هەموویان 30 شارەوانیە، لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەن، رۆژانە بەگشتی 1500و 1700 تۆن زبڵ و خاشاكیان هەیە، نزیكەی700 تۆنی خۆراكە.
«چوار كارگەكە بەم شێوە دابەشكراون، دوو كارگە دەكەونە ناوچەی كواشێ سەر بەقەزای سێمێل رۆژانە نزیكەی 600 تۆن زبڵ و خاشاك دەگوازرێتەوە بۆ ئەو دوو كارگەیە، كارگەی سێیەم لەسنوری ناحیەی گردەسێن سەر بەقەزای ئاكرێ، رۆژانە 200 بۆ 230 تۆن زبڵی ئاكرێ و بەردەڕەش و شێخان ریسایكلین دەكات، كارگەی چوارەمیش دەكەوێتە قەدش سەر بەقەزای ئامێدی كە رۆژانە 150 بۆ 175 تۆن زبڵی ئەو سنورە ریسایكلین دەكات». سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ وادەڵێت.
ئەندازیار شێرزاد ئەمین، راوێژكاری زانستیی ژینگەیی لەشارەوانی دهۆك بە هاوڵاتی وت»لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەن، رۆژانە 1500 بۆ 1700 تۆن زبڵ و خاشاكی هەیە، لەم رێژەیە 48% بۆ 50%ی خۆراكە، ئەمەش زیانی ژینگەیی و دارایی زۆر هەیە.
وتیشی: لە رووی ژینگەییەوە كاریگەری لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەكات، هاوكات خۆراك بەگشتی شەش مانگ دوای ئەوەی ژێر خوڵ دەكرێت دەڕزێت دوای ئەوە غازی میسانی لێی دەردەچێت، دواتر ئەم غازە كاریگەری زۆر خراپ دەكاتە سەر ژینگە.
شێرزاد ئەمین دەشڵێت: لە رووی دارایییەوە ئەگەر حساب بكەین ئەو هەموو خواردنەی رۆژانە ئامادە دەكرێت و دواتر فڕێدەدرێت بەلایەنی كەمی مانگانە زیانەكەی دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار.
سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە 2015دا لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێنا بۆ بەدواداچوون لەسەر كارگەكانی ریسایكلین، لیژنەكە بەمەیدانی سەردانی كواشێ و چەند ناوچەیەكی تریان كرد.
وتیشی: دانیشتنیان كردووە لەگەڵ قایقمامی سێمێل و چەند بەرپرسێكی تایبەتمەند، هەر ئەوكات كۆمەڵێك بڕیار لەلایەن ئەنجومەنەوە دەركران بەشێك یان جێبەجێ كراون و بەشێكی تر تائێستا جێبەجێ نەكراون.