شین؛ بۆ دەریاچەی ورمێ
گەورەترین دەریاچەی كوردستان دەبێت بەزۆنگاو
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زیاتر لە 20 ساڵە دەریاچەی ورمێ مەترسی وشكبوونی لەسەرە بەڵام ئەو مەترسییە لەئەمساڵدا زۆتر لەهەموو كاتێك خەریكە روودەدات و شارەزایان دەڵێن دەریاچەكە بووەتە زۆنگاو.
بەوشكبوونی دەریاچەی ورمێ قەیرانی ژینگەیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ژمارەیەك لەشارەكانی سنوری هەزار كیلۆمەتریی ئەو دەریاچەیە و دۆخەكە بەجۆرێك كاریگەریی لەسەر خەڵك كردووە كە ژمارەیەك لە دانیشتوانی شیعەی ئەو پارێزگایە لەیادی چلەی ئیمام حسێندا شینیان بۆ ورمێ گێڕا.
حكومەتی ئێران دەڵێت لەماوەی نۆ ساڵدا و تائەمساڵ حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو رژاوەتەوە دەریاچەی ورمێ، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدیدەكرێت هەست ناكرێت ئەو دەریاچەیە یەك لەسەدی ئەو بڕە لەئاوەی تێڕژابێت.
بەڕێوبەرایەتی ژینگەی ورمێ بڵاویكردووەتەوە هۆكاری سەرەكیی وشكبوونی ئەو دەریاچەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبونی زیادەڕەوی لەبەكارهێنانی ئاوی دەریاچەكە بۆ كشتوكاڵ و هاوكات بوونی بیری ئاوی نایاسایی لەو ناوچەیە.
گەورەترین دەریاچەی كوردستان دەبێتە مەترسی گەورە بۆ ژینگە
موحسین موسەوی شارەزای ژینگە بەمیدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند؛ بۆ بوژانەوەی دەریاچەی ورمێ پێویستە لە 27 هەنگاودا ئاوی كشتوكاڵی ناوچەی ورمێ و پارێزگای تەبرێز بە رێژەی 40% كەمبكرێتەوە، چونكە رووبەری كشتوكاڵی بەرئاوی ئەو دەریاچەیە دەگاتە دوو ملیۆن و 400 هەزار دۆنم».
دەركەوتوە پلانێكی پێشوی حكومەت و پڕۆژەكانی سوپای پاسداران كەئاوی ناوچەكانی سەردەشت و پیرانشاری بەتونێل رەوانەی دەریاچەكە كردووە شكستی هێناوە و بەهیچ شێوەیەك ئاهێكی بەبەری ئەو دەریاچەیەدا نەكردووەتەوە.
بەهۆی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ لانیكەم ژیانی 14 ملیۆن كەس دەكەوێتە مەترسییەوە و رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لەنزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ كەئەوەش خوێبارینی لەشێوەی خۆڵبارین لێدەكەوێتەوە كە زۆر مەترسیدارە.
بەوتەی شارەزایانی ژینگەیی ئەو دەریاچەیە كەگەورەترین دەریاچەی كوردستانە پێویستی بەدوو ملیار دۆلارە بۆ رزگاركردنی لەوشكبوون ئەگەرچی لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بەناوی پاراستنی دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە، بەڵام 95٪ی ئەو دەریاچەیە وشكبووە.
ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ كەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردوو كەمدەكات
ئاوی دەریاچەی ورمێ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات و بەرپرسێكیش دەڵێت ئەگەری بوون بە زۆنگاوی ئەو دەریاچەیە و وشكبوونی هەیە.
بەپێی وێنەكانی مانگی دەستكرد لەدەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەركەوتووە ئاستی ئاوی ئەو دەریاچەیە بۆ كەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردو كەمی كردووە.
لەنوێترین توێژینەوەدا دەركەوتووە ئەمساڵ كەمترین بڕی ئاو لەساڵی 1964 تا ئێستا رژاوەتە دەریاچەكەوەو سەرەڕای ئەوەی حكومەت بانگەشەی ئەوەی كردووە بەچەند پڕۆژەیەك ئاوی لەشارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ ئەو دەریاچەیە گواستووەتەوە.
عیسی كەلانتەری، بەرپرسی پێشووی پارێزگاری لەژینگەی ئێران و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بوژاندەوەی دەریاچەی ورمێ بە رۆژنامەی (ئیعتیماد)ی وڵاتەكەی راگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر تاكۆتایی وەرزی هاوینی ئەمساڵ دەریاچەكە بەتەواویی وشك دەبێت.
بەوتەی كەلانتەری لەئەگەری وشكبونی دەریاچەكە زیاترین مەترسیی رووبەڕووی دانیشتوانی پارێزگای ورمێ و تەبرێز دەبێتەوە چونكە خوێی ئەو دەریاچەیە لەشێوەی خۆڵبارین بڵاودەبێتەوەو ئەوەش مەترسیدارە.
بڵاوبوونەوەی ئەو توێژینەوەیە لەكاتێكدایە پێشتر محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی ئێستای دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندبوو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیار تمەن لە رابردوودا كەدەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لەماوەی حەوت مانگدا لەلایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بەسوپای پاسداران جێبەجێكراوە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) مانگ كات هەبووە بۆ تەواوبوونی.
ئێران گواستنەوەی ئاوی لەبەنداوی كانی سێو لەسەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناوبردووە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بەهۆكارێك بۆ وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەمدەرێت كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
شكسی پڕۆژكەی سوپای پاسداران
ئەمساڵ دوای 10 ساڵ دواجار ئێران بەكردنەوەی تونێلێكی 36 كیلۆمەتری رایگەیاند قەیرانی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ چارەسەر دەكات و بڕیارە ساڵانە 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەپیرانشار بەرەو دەریاچەكە بگوازێتەوە بەڵام ئەو پڕۆژە بە بانگەشەیەكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەقەڵەمدەدرێت كە زیانەكانی لەسودەكانی زۆر زیاترە.
زیانی ئەو پڕۆژەیە جگە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە چونكە دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە زێی بچووك.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە تەنها لەو كاتانەدا ئاوی بەنداوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ بەردەدرێتەوە كە كاتی كشتوكاڵ نەبێت و زیان بەدانیشتوانی ناوچەكە نەگەیەنێت و رەچاوی مافی ئاوی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت بەڵام بڕیارە رێژەی ئەو ئاوەی كە رەوانەی دەریاچەكە دەكرێت بەپێی توانا و پێویستی بۆ دوو هێندە زیاد بكرێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی لەسنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان.
محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندووە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیارد تمەن لە رابردودا كەدەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لەماوەی حەوت مانگدا لەلایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بەسوپای پاسداران جێبەجێكراوە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) كات هەبوو بۆ تەواوبوونی.
ئێران گەیاندنی ئاو لەبەنداوی كانی سێو لەسەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناودەهێنێت لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆكارێك بۆ وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەمدەرێت كەهاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
گەورەترین دەریاچەی كوردستان دەبێتە زۆنگاو
دەریاچەی ورمێ وەك گەورەترین دەریاچەی كوردستان كە لەساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان ئەژماردەكرا لەئێستادا 95٪ی ئاوەكەی وشكبووەو بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەرجكراوە.
روحەڵڵا موتەفەكر ئازاد، نوێنەری پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ وشكبوونی ورمێ بەواتای سەرهەڵدانی گەردەلولی خوێیە بە بازنەی 600 كیلۆمەترو ئەوەش ژیانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.
ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیارو 480 ملیۆن مەترسێجایە، ئەو بڕە لەساڵی رابردودا یەك ملیارو 440 ملیۆن سێجا بووە، لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لەحاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدابێت و لەساڵێكدا لانیكەم سێ ملیار و 100 هەزار مەتر سێجا ئاو بڕژێتە ئەو دەریاچەیەوە.
شارەزایانی ژینگە جەخت لەوە دەكەنەوە ئەگەر دۆخی ئێستای دەریاچەی ورمێ بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت كە گەورەترین دەریاچەی كوردستانە لەپاییزی ئەمساڵدا دەبێتە زۆنگاو.