شۆڕشی ژینا؛ ئازار لەپێناو ئازادیدا بەردەوام دەبێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زیاتر لە 10 مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و تائێستاش مەرگی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان و كەسوكاری كوژراوان و خۆكوشتنی دەستگیركراوان چیرۆكی پڕژانی ئەو سەرهەڵدانەن و لەنوێترین حاڵەتیشدا گەنجێكی ئەشكەنجەدراو دوای ئازادكردنی خۆی كوشتووە.
كۆماری ئیسلامی ئێران ترسشی لێ نیشتووە لەزیادبوونی ناڕەزاییەتییەكان بەتایبەت لەساڵیادی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە دروست ببێت، بۆیە لەئێستاوە فشارەكانی بەتایبەت لەشارەكانی رۆژهەڵات توندتر كردووەتەوە لەڕێگەی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانیانەوەو ترساندنی كەسوكارەكانیان.
چیرۆكی مەلیحە، ئەو دایكەی دوای كوژرانی رۆڵەكەی لەشاری سەقز جەڵتە لێیداو باری قورسی خەمی مەرگی كوڕەكەی وای كرد دوای حەوت مانگ بێهوشبوون لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستبدات و ئەوەش بەشێكن لەچیرۆكە ئازاربەخشەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران.
گرتن و دەستبەسەركردنی كەسوكاری شەهیدانی ناڕەزایەتییەكان و گیانلەدەستانی ژمارەیەك لەبریندارەكانی رابردوو بووەتە هۆی تۆماركردنی زنجیرەیەك چیرۆك كە هەمووی ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان.
تراژیدی خۆكوشتنی ئەو كەسانەی لەزیندانەكان ئازاد دەكرێن بەچیرۆكی مەرگی گەنجێكی رۆژهەڵات دووبارە بووەوە، چونكە لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانەوە چەند گەنجێك هەوڵی خۆكوشتنیان داوە و لەزۆربەی حاڵەتەكاندا ئەو گەنجانە گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دایكەی بەرگەی ژانی مەرگی كوڕەكەی نەگرت
گیانلەدەستدانی دایكی یەكێك لەكوژراوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوای حەوت مانگ لەبێهۆشبوون چیرۆكێكی دڵتەزێنی دایكێكی جەرگ سوتای رۆژهەڵاتی كوردستانە كە دوای مەرگی رۆڵەكەی جەڵتە لێیدابو.و
مەلیحە حەسەنژاد، دایكی محەمەد حسێنی، گەنجێكی شاری سەقزە كە لەكاتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو شارەدا تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلێكدا لەنزیك ناوچەی قەوخ دۆزرایەوە ئەو دایكە تەنها ماوەیەكی كورت لەدۆزینەوەی تەرمی كوڕەكەی بەئەشكەنجەكراوەی، تووشی جەڵتەی مێشك بوو و رەوانەی نەخۆشخانەیەك لەتاران كرا و پاش حەوت مانگ بێهۆشبوون دواجار گیانی لەدەستدا.
تەرمی مەلیحە بە رێوڕەسمێكی جەماوەریی رەوانەی شاری سەقز كرایەوە و لەتەنیشت گۆڕی كوڕەكەی بەخاكسپێردرا و چیرۆكی مەرگی ئەو دایكەو كوژرانی رۆڵەكەی بەئەشكەنجە ئازارێكە لەهەوڵدان بۆ ئازادیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
محەمەد حسێنی لە 20 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دوای 24 كاتژمێر لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەكەی لەدەرەوەی شاری سەقز دۆزرایەوە و پزیشكی دادی سەر بەدامودەزگای فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو كە ئەو گەنجە بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام دواتر رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاشكرایان كرد كەئەو گەنجە ئەشكەنجە دراوەو چەندجارێكیش بەئۆتۆمبێل بەسەریدا رۆیشتون و ئەوەش هۆكاری مەرگی محەمەد بووە كە لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەشاری سەقز دەستگیركرابوو.
كوژران لەپێناو ئازادی خۆكوشتن بۆ رزگاربوون لە فشارەكان
بریندارێكی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات و ئێران دوای هەشت مانگ گیانی لەدەستداو گەنجێكیش كە پێشتر دەستگیركرابوو بەخۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
یەكێك لەبریندارەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، بەهۆی سەختی برینەكەی دوای هەشت مانگ و شەش رۆژ گیانی لەدەستدا.
ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی تەمەن 16 ساڵ كە لەناڕەزایەتییەكانی شاری (رەی) سەر بەتاران گوللـە بەر سەری كەوتبوو دوای زیاتر لە هەشت مانگ بەهۆی سەختی برینەكەی هەینی رابردوو گیانی لەدەستدا.
پێشتر دایكی ئەبولفەزل ڤیدیۆیی كوڕەكەی بڵاوكردبووەوە كە تەنها دەیتوانی پەنجەكانی و پێڵوی چاوەكانی بجوڵێنێت و ئەوەش ببوە هۆی دڵخۆشیی و گەڕانەوەی هیوا بۆ دایكی بەڵام مەرگی ئەو لاوە خەون و هیواكانی دایكی لەگەڵ خۆی برد.
هەر لەماوەی رابردوودا و لەدرێژەی چیرۆكە بێ كۆتاییەكانی ئازارەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران گەنجێكی تەمەن 18ساڵ دوای سێ مانگ زیندان و ئەشكەنجە لەگەڵ ئازادبوونی خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا.
ئیحسان جەواهیری، خەڵكی گوندێكی سەر بەشاری كامیاران لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە بەبیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیركراو بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو گەنجە ماوەی زیاتر لەسێ مانگ ئەشكەنجە دراوەو دوای ئازادكردنی لە رۆژی هەینی (21/7/2023) بە خۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
پێشتر سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ و تەنانەت تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن كۆمەڵێك بەڵگەی ئەشكەنجەی دڕندانەو دەسترێژییان بۆ سەر دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان بڵاوكردبووەوە و ئاماژەیان بەوە كردبوو بەشێك لەقوربانیانی ئەو ئەشكەنجانە لەژێر فشاری دەروونیدا پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە و ژمارەیەكیان گیانیان لەدەستداوە.
ترس لەشۆڕشی ژینا
مستەفا رۆستەمی، سەرۆكی ناوەندنی نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندووە؛ بەپێی پێشبنییەكانی ئەو ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی وڵاتەكە، ئەگەر لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندانەكان دووبارە نەبنەوە لایەنگرانی دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» بەتەواوەتی شكست دەهێنن.
بەوتەی ئەو دوژمنانی كۆماری ئیسلامی هەوڵدەدەن لەیادی مەرگی ژینادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەزانكۆكانەوە دەستپێبكەنەوە.
رۆستمەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەكاری ئاژاوەگێڕانەو تێكدەرانە دژی كۆماری ئیسلامی ناوهێناوە و جەختی كردووەتەوە كە ئەگەر ناڕەزایەتییەكان لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژیناو سەرهەڵدانەكانی دوای مەرگی ئەو كچە دەستپێنەكەنەوە چیتر ناتوانن ناڕەزایەتیی دەربڕن چونكە لایەنگرانی ئەو خۆپیشاندانانە بەتەواوەتی شكست دەهێنن.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی لەكاتێكدایە نزیكەی دوو مانگی ماوە بۆ یەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی كەدوای دەستبەسەركردنی بەبیانوی نەگونجاوبوونی باڵاپۆشیەكەی لە تارانی پایتەخت و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداو ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و سەرتاسەری ئێرانی لێكەوەتەوەو لەزۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە گردبوونەوەو خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
لەماوەی رابردوودا بەهۆی ترس لەسەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان دەیان گەنج و لاوی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كەئاماژەی ترسە لەبریسكەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی فراوان لەو بەشەی كوردستان و شارەكانی ئێران.