کەمدەرامەتان؛ بە ٥٥ ملیۆن دینار یەکەیەکی نیشتەجێبوون وەردەگرن

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردنی زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان راگەیاند لەسەنتەری پارێزگاکان و زۆربەی قەزاو ناحییەکان بەقیستی ٢٥ساڵ و هاووڵاتیان دەتوانن  لەڕێگەی فۆڕمێکی ئۆنلاینەوە داواکاری پێشکەش بکەن.

رۆژی ٨ی ئابی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بەپێشکەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون بەپێی یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠١٢ی یاسای نیشتەجێبوونی تایبەت بەیەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لەهەرێمی کوردستان دەرکراوە، کارا دەکرێت، ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بەشایستە دەزانن، دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە.

وتیشی: فۆرمەکە بەشێوەیەکی زانستی داڕێژراوەو پاش وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیاری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، پێشکەش کردنی داواکاریش تاوەکو رۆژی (یەک)ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت، پاشان بەپێی یاسای نیشتەجێبون خاڵبەندی بۆ ئەو کەسانەی داواکاریان پێشکەش کردووە دەکرێت.

دواتر لەلای لیژنە تایبەتمەندەکانی وەزارەتەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ئاراستەی ئەو لیژنانە دەکرێت کە لەچوارچێوەی یەکە کارگێڕییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، واتە لەھەر سنورێکی هەر یەکەیەکی کارگێڕی بوو لەو سنورە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ پەسەندکردنی خاڵبەندییەکە، دانا عەبدولکەریم وای وت.

یەکەکان ژمارەیان نۆ هەزارو چوار یەکەیەو بەشێکیان دروستکردنیان تەواوبووەو بەقیستی ٢٥ ساڵ و بەبێ پێشەکی دەدرێنە کەمدەرامەتان یەكێك لەمەرجە سەرەكییەكانیش ئەوەیە ئەو كەسەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبون پڕدەكاتەوە دەبێت تەمەنی لەسەرووی ١٨ ساڵ و خێزاندار بێت.

مەریوان مەلا حەسەن، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوون لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: نرخی یەکەکان لەنێوان ٤٥ تا ٥٥ ملیۆن دینارن و بەپێی شوێنەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە: لەهەولێر مەوادو بلۆک و چیمەنتۆ گرانە نرخی یەکەکان گرانترە بەراورد بەشوێنێکی وەک شەقڵاوە یان رانییە کەمەواد لەو شوێنانە هەرزانترە.

ئەو هاووڵاتیانەی کە وەک کەمدەرامەتان ئەو یەکە نیشتەجێبونانە لەوەزارەتی ئاوادانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم وەردەگرن، پێویستە مانگانە ١٥٠ تا ١٧٥ هەزار دینار بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بدەنەوە بەحکومەتی هەرێم.

لەبارەی یەکێک لەمەرجەکانی وەرگرتنی یەکەکانەوە مەریوان مەلا حەسەن وتی، «ئەگەر هاووڵاتییەک پێشتر سوودمەند بووبێت لەحکومەت مافی وەرگرتنی ئەو یەکانەی نییە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان ڕاستگۆ بن لەپڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە ئۆنلاینەدا، چونکە بەدواداچوون بۆ ئەو فۆڕمانە دەکرێت و دەربکەوێت کەسێک بەناڕاستگۆیی زانیارییەکانی پڕکردبێتەوە ناوەکەی دەردەهێندرێت و یەکەکە دەدرێتە کەسێکی شایستە».

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار