هاوپەیمانان هۆشدارییان داوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە رابگرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەزارەتی پێشمەرگە گەشتوونەتە ئاستێکی «بنبەست» بەجۆرێک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیرلەوە دەکاتەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکە نوێ نەکاتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیش ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی قۆستووەتەوە و دەیەوێت بودجەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ حکومەتی ناوەندی.
رۆژی 23ی مانگی رابردوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەی دەوری خۆی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوە، لەو كۆبوونەوەیەدا هاوپەیمانان رایانگەیاندووە، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە «بەسستی بەڕێوە دەچێت» ئەمەش بەهۆی «بارودۆخی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان»ەوە.
جەنەرال ماتیۆ ماركفارلن، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا باسی لەوە کردووە، «چاوەڕوانین هەرێمی كوردستان ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان پێش راپۆرتی پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ساڵانەی پنتاگۆن» كە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەكرێت.
ماتیۆ ماركفارلن بە روونی بە نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی وتووە، هاوپەیمانان دەیانەوێت لەماوەی یەك مانگدا، پارتی و یەكێتیی كێشەی نێوانیان لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكەن، بەتایبەت كە كێشەی ئەو دوو حزبە لەوەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە بنبەست و پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتی و پارتی لەناو ئەو وەزارەتە پچڕاوە.
ناکۆکییەکان بەجۆرێکە کە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر پشکی یەکێتی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، «ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەزارەتی پێشمەرگە گەشتوونەتە قۆناغی لێکترازان، ئەوەی دۆخەکەی هێشتووەتەوە تەنیا بڕیارێکی سیاسیە».
بەرپرسەکەی یەکێتی، کەناوی نەهاتووە، باس لەوەش دەکات «بەشێکی زۆر لە کۆمپیوتەرەکانی ناو وەزارەت لەلایەن بەرپرسانی پارتی لەوەزارەتی پێشمەرگە هاککراون و لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی هێندراونەتە دەرەوە».
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، «لیستی موچەی مانگی حەوت راکێشراوە، بێ ئەوەی ئیمزای هیچ ئەفسەرێکی یەکێتی لەسەر بێت، بەڵام پێشتر بەهاوبەشی ئەم کارە کراوە، کاک قوباد و کاک مەسرور چەندڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەیان [لەسەر ئەم کێشانە] کردووە، بەڵام تا ئێستا بێئەنجام بووە».
بە دەرفەت وەرگرتن لەو ناكۆكییانەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، بەشێك لەهێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە كە بڕی ئەو هاوكارییەی مانگانە نزیكەی 25 ملیۆن دۆلارە و هاوپەیمانان بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەینێرێت، بگەرێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی و دواتر لەڕێگەی بەغدادەوە ئەو بڕە هاوكارییەی هاوپەیمانان هاوشێوەی هاوكارییە لۆجستییەكان بدرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەویش دوای وردبینی و رادەستكردنی لیستی مووچەی ئەو هێزانە بە حكومەتی ناوەندی.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوەزارەتی پێشمەرگە بە رۆژنامەی هاوڵاتی وت، «لەساڵی 2016، ئەوكات كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە بووە، لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجامداوە، كە یاریدەدەری ئەوكاتی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و كەریم سەنجاری كە ئەوكات وەزیری پێشمەرگە بووە بەوەكالەت لە شوێنی مستەفای سەید قادر، ئیمزای لەسەر لێكتێگەیشتنەكە كردووە».
سەرچاوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی روونکردەوە،» ئەوكات هاوكارییە ماددی و لۆجستییەكەی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە لەسەر بنەمای رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەشداری لەجەنگی دژی داعش و هەماهەنگی بووە لەگەڵ سوپای عێراق».
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرایکرد کە ماتیۆ ماکفارلن لەسەردانەكەی بۆ هەولێر چانسێكی كەمیداوە بەلێپرسراوانی باڵای هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەردەوامی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە و هۆشداری ئەوەیداوە «ئەگەری زۆرە ئەمساڵ ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان واشنتۆن و وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەكرێتەوە، بە تایبەت كە راوێژكارانی سەربازی پنتاگۆن لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان بۆ كۆنگرێس رونیانكردووەتەوە، سەرەرای پاڵپشتی ماددی و لۆجستی، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆوە نەبینیوە».
بەڵام لەدوایین لێدوانیدا بابەکر زێباری، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، باس لەوە دەکات هیچ گرفتێک لەوەزارەتی پێشمەرگە بوونی نییە، «هاوپەیمانان بەردەوامن لە پشتگیری و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبن، هەندێک دەیانەوێت گرژی دروستبکەن و ئەو باسانە دەوروژێنن».
بابەکر زێباری دەشڵێت، بەمنزیکانە کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامدراوە و «رێککەوتنی ستراتیژی و هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەیە. پرۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و بەپێی خشتەی دیاریکراویش بەڕێوەدەچێت و هیچ بەربەستێکی لەبەردەمدا نییە».
هەرچەندە راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێم نکوڵی لەبوونی ناکۆکی و کێشە دەکات لەوەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام هەوڵێ بڕینی بودجەی لیوا هاوبەشەکان لەلایەن بەرپرسانی عێراقییەوە لەکابینەی پێشتریشدا بوونی هەبووە.
لە کابینەی رابردوودا ئەم هەوڵە بوونی هەبووە بۆ راگرتنی مووچەی لیوا هابەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرچاوەکەی هاوڵاتی دەڵێت، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەدوایین سەردانیدا بۆ واشنتن ئەو پرسەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی تاووتوێ کردووە.
مستەفا کازمی لە دوایین سەردانیدا لەساڵی 2020 «ئەو پرسەی لەگەڵ ئیدارەی كۆشكی سپی تاوتوێكردووە، و هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە لەڕێگەی حكومەتی ناوەندییەوە، لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە ستراتیژییە كە كازمی لەواشنتۆن ئیمزای كردووە یەكلاكراوەتەوە و پرسەكەش بەنهێنی لەنێوان هەردوولا ماوەتەوە و ئێستا كار بۆ جێبەجێكردنی دەكرێت،» سەرچاوە ئاگادارەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمەی وت.
جگە لەمەش، رۆژنامەی هاوڵاتی زانیویەتی، بەشێك لە سەركردەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕێگەی ئیدارەی ئەحزابی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پلانیان هەیە بۆ دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم پارتی و یەكێتی لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بە تایبەت لەناوچە جێناكۆكەكان.
حاكم شێخ لەتیف، پسپۆری یاسایی دەستوری بە رۆژنامەی هاوڵاتی وت، «لە ساڵی 2015 پەرلەمانی عێراق یاسای رێكخستنی حزبی پەسەند كرد، كە بەیاسای ژمارە 36 ناسراوە، كە یەكەم یاسا بوو كە بۆ رێكخستنی پرۆسەی پێكهێنان و كارپێكردنی حزبەكان لەوڵاتدا داڕێژرا. یاساكە چەند بڕگەیەكی لەخۆگرتبوو، لەوانە پارەدان، بەرنامە و چالاكیی حزبی و بەشداریكردنی لەپرۆسەی سیاسی، كە لەماددەی هەشتی یاساكەش رێگری لەبەشداریكردنی ئەو لایەنانەی كراوە كە باڵی چەكداریان هەیە لەپرۆسەی سیاسیدا».
بۆیە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2018، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریدا بەتۆماركردنی باڵی هێزە چەكدارەكان بۆ بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش بۆ جیاكردنەوەی هێزە چەكدارەكان بوو لە حزبی سیاسی، بۆیە هێزە عێراقییەكان ئەو گرفتەی خۆیان چارەسەر كردووە، و گروپە ملیشیاكانیان لەناو دامەزراوەی حەشدی شەعبی كە سەر بەئەنجوومەنی وەزیرانە رێكخستووەتەوە.
حاكم شێخ لەتیف دەشڵێت، ئەگەر لەبەغداد پرسی پێشمەرگە وەك هێزێكی چەكداری حزبی بوروژێنن، پاساوی یاساییان دەبێت بۆ رێگری كردن لەهەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق.