پارتی؛ لە کابینەکەی سودانی نیگەرانە

هەرێم و عێراق بڕیارە پاكتاوی دارایی لەنێوانیاندا ئەنـــجام بدەن و چوارچێوەی هەماهەنگی تەداخولی تێدا دەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارتی بەنیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ حكومەتە لەرزۆكەكەی سودانیدا دەكات بەهۆی جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی عێراقەوە، لەكاتێكدا بڕیارە پاكتاوی دارایی لەنێوانیان حكومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامبدرێت كە چوارچێوەی هەماهەنگی تەدخولی تێدا كردووە.

دوای بڵاوكردنەوەی رێنماییەكانی بودجەی 2023 و 2024 و 2025، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق پاكتاوی دارایی لەنێوانیاندا ئەنجام بدەن.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پاش بڵاوكردنەوەی رێنماییەكانی بودجەی عێراق رایگەیاند:» جێبەجێكردنی بودجە لە 1/1/2023 وە دەستپێدەكات و ئەسەری رەجعی هەیەو پێویستە پاكتاوی دارایی ئەنجامبدرێت.

لە 4ی نیسانی ئەمساڵدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سودانی رێككەوتنێكیان پەیوەست بە دۆسیەی دارایی و نەوت واژۆ كرد كە لەپرۆژەی بودجەدا رەنگبداتەوە، بەڵام رێككەوتنەكە لەیاسای بودجەدا بەدڵی مەسرور بارزانی نەبوو.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق هەرێم چەندین پابەندی لەسەرە كە تەسلیمكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لەگەڵ نیوەی سەرجەم داهاتە نانەوتییەكان، هەروەها پێویستە مانگانەو سێ مانگ جارێك و شەش مانگ جارێك وەزارەتی دارایی هەرێم كۆی خەرجییەكانی هەرێم رەوانەی بەغداد بكات تادیوانی چاودێری دارایی حكومەتەكەی سودانی پێداچوونەوەی تێدا بكات و ئەگەر هەر تێبینی یان گرفتێكی تێدا بێت بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم بەپێی ئەو بڕەی دیاری دەكەن لەپشكی هەرێم دەبڕدرێت.

دوای جێبەجێكردنی سەرجەم پابەندییەكان، حكومەتی عێراق 12.67% پشكی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات دوای دەركردنی خەرجی حاكیمەو سیادی كە مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار دەكات.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كە لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیژنەی دارایی و وزە دەستی كەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا رۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە عێراق بۆ پاڵاوتن و دەكرێتە بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی و رەوانەی موسڵ و كەركوك دەكرێت.

هەروەها بڕیارە پاش سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵ بەبڕیاری دادگای پاریس لەسەر داوای عێراق راگیرا گفتوگۆی لەسەر بكرێتەوە تا رۆژانە هەرێم پابەندییەكانی لەبارەی وزەوە جێبەجێ بكات و ئەوەی بەغداد داوای دەكات هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە.

وەفدی حكومەتی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدادیان كردووە تا عێراق پابەند بێت بە یاسای بودجەوە و شایستە داراییەكان بەتەواوی و بێ لێبڕین رەوانەی هەرێم بكات.

بەغدا ئامادەی دەربڕیوە پارەی مووچە بدات پاش پابەندییەکانی هەرێم

لەكۆبوونەوەی كۆتایی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق گەیشتە رێككەوتنێك و ئومێد سەباح، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەوەی بڵاوكردەوە كە رۆژی شەممە رێكەوتی 5ی ئابی 2023، وەك وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی پڕۆژە یاسای نەوت غاز سەردانی شاری بەغدایان كرد،و كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ سەبارەت بەپڕۆژە یاساكە ئەنجامدا و لە ئەنجامی كۆبوونەوەكە بە هاوبەشی ئەم راگەیەندراوەمان بڵاوكردەوە:

لەسەر بنەمای پاكێجی چاكسازییە یاساییەكان كە لەلایەن كارنامەی حكومەتەوە پێشكەشكراون، بەتایبەتی ئەوەی لە تەوەرەی بیست و سێیەمدا باسكراوە سەبارەت بە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز و لەسەر بنەمای فەرمانی بەڕێز سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ خێراكردنی تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە و بەبەشداریكردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەم پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییەدا.

بەغداد ئامادە نییە سەرجەم پابەندییەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکات

كۆبوونەوەكە لە رێكەوتی 5/8/2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆك وەزیران (وەزیری دەرەوە - وەزیری نەوت) و شاندی هەرێم و پارێزگارانی پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت و راوێژكارانی سەرۆك وەزیران و ستافی وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو

لەكۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگی و ئامانجەكانی ئەم یاسایە و پێویستی تەواوكردنی بە زووترین كات و بە بەشداری هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆك وەزیران كرا و كەشی كۆبوونەوەكە ئەرێنی بوو و رەنگدانەوەی بەرژەوەندی و پەرۆشی هەموو لایەنەكان بوو بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە چونكە بەشێكە لە پابەندبوونی بەرنامەی وەزارەتی كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە.

هەروەها وەك كۆڵەگەیەكی سەرەكی بۆ وەبەرهێنانی سامانی نەوت و گاز لە باشترین كردارە نێودەوڵەتییەكان و بە شێوەیەك كە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق مسۆگەربكات.

لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە كرا:

1- پێكهێنانی لیژنەكان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتەو رێكخستنی كۆبوونەوەكانی دواتر

2- نووسراوێكی كاركردن لەڕێگەی لیژنەكان پێشكەش دەكرێت لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینەی كە لەلایەن وەزارەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانەوە پێشكەشكراوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی كە لەكۆبوونەوەكەدا بەڕێوەچوون و گفتوگۆكانی پێشوو كە لەڕێگەی ئەم لیژنانەوە دیراسەتی لەسەر دەكرێت بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی كۆتایی یاسای نەوت و گاز.

داوای سەركەوتن لەخودای گەورە دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە نیشتمانییە كە خزمەت بە وڵاتە ئازیزەكەمان و هەموو گەلی عێراق دەكات.

هاوكات، رۆژی دووشەممە ٧ـی ئابی ٢٠٢٣ ، وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی  كوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی كۆبووەوە، بەئامادەبوونی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.

لەو كۆبوونەوەیەدا پارتی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە نەناردنی پشك و شایستەی دارایی هەرێم و پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیان گەیاندووەتە چوار چێوەی هەماهەنگی، لایەنە شیعییەكان لەسەرو هەموویانەوە محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەکانی داوە بەو مەرجەی هەرێم ئەوەی لەیاسای بودجەدا هەیە وەك خۆی جێبەجێی بكات.

واتا چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە حكومەتی هەرێم پێویستە سەرجەم داهاتە نانەوتییەكان لەسەر  هەژماری بانك لە 31 ی ئاب بخاتەڕوو و 50% بۆ هەرێم دەبێت و ئەوی دیكەی بۆ بەغداد دەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە عێراق بۆ پاڵاوتن و دەکرێتە بەنزین و گازاوایل و نەوتی سپی و ڕەوانەی موسڵ و کەرکوک دەکرێت

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لەسەرەتای ئەم مانگەدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە داهاتە نانەوتییەكان خراونەتە سەر یەك هەژماری بانكی تا بەغداد لای روون بێت كە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم چەندن.

كابینەی حكومەتی عێراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، وا دەردەكەوێت مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام لەبنەمادا لەڕێگەی لێدان لە جومگە ئابوورییەكانی هەرێم هەنگاوی جددی ناوە ئەوەش لە رێگەی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و دروستكردنی رێگای شەمەندەفەری بازرگانی لەنێوان عێراق و توركیا تا داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل وشك بكات كە یەكێكە لەسەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی نانەوتی بۆ حكومەتی هەرێم.

چوارچێوەی هەماهەنگی بیركردنەوەو مامەڵەكردنی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان گۆڕاوەو چیدیكە لەڕێگەی میلیشیا شیعەكانی خۆیانەوە كاتوێشاو مووشەك نانێن بەهەرێمەوە، بەڵكو لەڕێگەی یاساو رێنماییەكانی خۆیان كە زۆر بە رێكخستێكی ورد سەرپەرشتی دەكەن كار لەسەر كەمكردنەوەو وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی هەرێم دەدەن.

عێراق لەئێستادا لەقازانجیدایە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێنەكاتەوەو كۆمپانیا بیانییەكان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دووربخاتەوەو كەمترین نەوتی خاو لەهەرێم وەربگرێت و تۆمەتباری بكات بەوەی پابەندی یاسای بودجەی عێراق نەبووە، بەڵام هێشتا سەركردایەتی سیاسی كورد یان بەڕوونی پارتی و یەكێتی دركیان بەو مەترسیە گەورەیە نەكردووە كە دروستبووە بۆ كیان و قەوارەی دارایی هەرێم.

هەریەك لە پارتی و یەكێتی بەجیاو دوور لەیەكتر بەردەوام سەردانی بەغداد دەكەن،  هێشتا كێشەكانیان چارەسەر نەكردووە ئەوەش بووەتە گرفتێكی گەورە لەبەردەم پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی بەردەوام هۆشداری دەدەنە پارتی و یەكێتی كە كێشە سیاسی و ئینكاریە شەخسییەكانیان وەلابنێن لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكدا.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەئێستادا ستراتیژی كارەكانی زۆربەی بردووەتە بەغدادو بەردەوام لەگەڵ سەركردە شیعەكان كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و ئەوەشی چەند جار دووپاتكردووەتەوە لەپێناو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئامادەن قوربانی بدەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندییەكانی تا رادەیەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئاساییكردووەتەوە، بەڵام هێشتا لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی خاڵی ناكۆك و دژ بەیەكیان هەیە، سەرەڕای ئەوەی یەكێتی هاوبەشی سەرەكیە لەكابینەی نۆیەمدا.

لەدوایین سەردانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی بۆ دەباشان و گفتوگۆكانیان لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی، تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، هەرچەندە سەرۆكایەتی هەرێم 25ی شوباتی 2024 دیاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بەڵام هەموو بۆچوونەكان ئەوەیە كە بەهۆی بەسەرچوونی كۆمسیۆنی باڵای عێراقەوە جارێكی دیكە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوادەخرێت بۆ مانگی ئایارو حوزەیران، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ دەرئەنجامێك بەهۆی باڵا دەستی مەسرور بارزانی لەناو پارتی و حكومەتی هەرێمدا.

فۆكەسی ئێستای بەغداد لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانە لەئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشدا و بڕیارە بەپێی یاسا، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم هەڵبوەشێننەوەو چیتر نابێت حكومەتی هەرێم لەئاستی دبلۆماسیدا لەڕێگەی ئەو فەرمانگەیەوە پەیوەندییەكانی رێكبخرێت، بەڵكو دەبێت هەمووی بێتەوە بۆ بەغداد.

ئەو هەویرەی بەغداد بەرنامەڕێژی بۆ كردووە ئاو زۆر دەكێشێت و دەرئەنجامەكانی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێگەو ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت.

هەرچەندە لە دەیان ساڵی رابردوو بەتایبەت پاش پێكهێنانی ئەنجومەنی حوكم لەعێراق و پێكهێنانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان، نەتوانرا مافە سەرەتاییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت، سەرەڕای ئەوەی سەركردایەتی كورد رۆڵی سەرەكیان هەبوو لەپێكهێنان و سفرەی ئاشتكردنەوەی سەركردە عێراقییەكان لەشیعەو سوننە، بەڵام ئەوان بێ نمەك دەرچوون بەرامبەر داخوازی و شایستە رەواكانی هەرێمی كوردستان.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار