نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ دانیشتووانی ئامێدی بێزار کردووە
«زیاتر لە 15 ساڵە ئەم کێشەیەمان هەیەو چارەسەر نەکراوە»
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
«ئەوەندەی لەبیرمە بۆ سەردانی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر دەبێت سەردانی دهۆک بکەم»، ئەمە وتەی دانیشتوویەکی سنوری قەزای ئامێدییە کە بێزاربووە لە نەبوونی پزیشکی پسپۆڕو پێداویستی پێویستی پزیشکی لەسنوری قەزاکەی.
هەوار سدقی ئەو دانیشتوەی قەزای ئامێدییە کە بۆ هاوڵاتی قسەی کردووەو دەڵێت، نازانن کەی رزگار دەبن لەوەی بۆ وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی روو لەشارەکانی تر بکەن، بەتایبەتی دهۆک.
لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئامێدی دەگاتە130هەزار کەس، بەڵام ساڵانێکی زۆرە سنوری قەزاکە کێشەی کەمی پزیشکی پسپۆڕو چەند بەشێکی هەیە، بۆ سەردانی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەری پێویست زۆرجار دەبێت دانیشتوان سەردانی دهۆک و ناوچەکانی تر بکەن.
هەوار سدقی نارازییە لە خزمەتگوزاری پزیشکی قەزاکەی و دەڵێت، «دەیانجار پرسیارمانکردووە هەر دەڵێن بەمنزیکانە پزیشکمان بۆ دێت و هەروەک خۆیەتی، بێزاربووین لەم جورە قسانە، ئێمە بەڵێنمان ناوێت دەمانەوێت پزیشکی پسپۆڕمان بۆ دابین بکەن لەگەڵ پێداویستی پزیشکی، ناکرێت پزیشک دەرمانمان بۆ بنووسێت دواتر لەدەرەوە بیکڕین».
کێشەی نەبوونی پسپۆڕی پزیشکی و نەبوونی دەرمانی پێویست بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە گرنگە کەنەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، چونکە زوو زوو دەبێت دەرمان بکڕن و بچنە لای پزیشکی پسپۆڕ بۆ پشکنین.
هەیفا رەمەزان، دانیشتوویەکی تری ناوەندی ئامێدییە کە نەخۆشی شەکرەی لەگەڵەو دەڵێت نەک خۆی بەڵکو کەسوکارو دراوسێکانیشی رووبەڕووی هەمان کێشە بوونەتەوە.
«من مامۆستام، نەخۆشی شەکرەم هەیە، هەر ماوە ماوە پێویستم بەسەردانی پزیشک و دەرمانە، بەڵام زۆر جار لەئامێدی دەستمناکەوێت دەبێت سەردانی دهۆک و شارەکانی تر بکەم، جگە لەمەش نەک تەنها من بەڵکو کەسوکارەکەم و داروسێکانم هەمان کێشەیان هەیە، زیاتر لە15ساڵە ئەم کێشەیە هەیەو چارەسەر نەکراوە».
هەیفا رەمەزانی تەمەن ٣٧ ساڵ دەڵێت بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لەئامیدی ژیاوە بەڵێنیان پیدراوە کە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەڵام «بێسوودە، لێرەوە داوا لەوەزارەتی تەندروستی ولایەنی پەیوەندیدار دەکەین بەزووترین کات ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن، تا کەی ئێمە هەر سەردانی دهۆک و شارەکانی تر بکەین».
لەبارەی کەموکورتییە پزیشکییەکانەوە، دکتۆر ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوبەری تەندروستی ئامێدی ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکراکرد، پسپۆڕی ئێسک، کۆمەڵەی دەمارەکان و چاویان نییە، هەر نەخۆشێک پێویستی بەم جورە پزیشکانە بێت دەبێت سەردانی دهۆک و شارەکانی تر بکات.
بەڕێوبەری تەندروستی ئامیدی دەڵێت، هەرچەندە پسپۆڕی منداڵ و ژنان وچەند پسپۆڕییەکی تریان هەیە لەئامێدی بەڵام «پێویستیمان بەژمارەیەک پزیشک و پەرستاری تازەیە».
دکتۆر ئیبراهیم حەسەن لەبارەی بەڵێنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و ناردنی پزیشکی پسپۆڕ لەلایەن تەندروستی دهۆکەوە دەڵێت، هێشتا «چاوەڕوانن».
لەسنوری قەزای ئامێدی تەنها دوو نەخۆشخانە هەیە لەگەڵ 23 بنکەی تەندروستی، نەخۆشخانەیەکی 100قەرەوێڵەیی تا ئێستا لەژێر جێبەجێ کردن دایە بەڵام هێشتا تەواو نەبووە.
لەسەر کێشە تەندروستییەکان و کەموکورتییەکانی قەزای ئامیدی، ئەڤراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک بەهاوڵاتی راگەیاند کە ئاگاداری کێشەکانی تەندروستی قەزای ئامێدین.
ئەڤراسیاب موسا دەشڵێت، ئیشێکی باشمان لەسەرکردووەو کێشەکانیان چارەسەر دەکەین، سەرەتای مانگی ئەیلول پسپۆرێکی نەخۆشی ژنان لەگەڵ پسۆڕێکی قوڕگ و لوت هەروەها پسپۆڕێکی شکانیان بۆ دەنێرێن، تەنها چاوەڕێی ئەوەین فەرمانی ویزاری بۆ ئەو پزیشکانە دەربچێت کەڕاستکردنەوەی بڕوانامەکانیان پێویستە ئینجا دەست بەکاردەبن».
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک لەسەر نەناردنی پزیشکی پسپۆڕ بۆ ئامێدی دەڵێت،»هەر پزیشکێک کە تازە دەستبەکاربێت دەبێت بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کەئامادە بێت دووساڵ لەدەرەوەی شار واتە لەقەزایەک دەوام بکات ئینجا مافی هەیە بێتە ناو سەنتەری شار، هەوڵێکی جددی دەدەین کێشەکانی کەمی پسپۆڕ لەهەموو قەزاکانی سنوری پارێزگای دهۆک چارەسەربکەین نەک تەنها ئامێدی، چونکە داواکردنی پزیشکی پسپۆڕمان لەهەموو قەزایەکەوە بۆ دێت».