یاسای سزادانی پیسکردنی شەقامەکان لەهەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت

ئایین‌و پەروەردە نەبوونەتە هاندەر بۆ پاک راگرتنی ژینگە

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڤانە باهیر

لەهەرێمی کوردستان یاسای سزادان هەیە بۆ پیسکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێکی پێ سزا نەدراوە، چونکە هەتا ئیستا هیچ سکاڵایەک لەو بارەیەوە نەکراوەو لایەنی هۆشیاری خەڵکیش لەسەر بابەتەکە کەمە.

رێگریکردن لە پیسکردنی شەقام و شوینە گشتییەکان بەپێی یاسا لەعێراق و هەرێمی کوردستان رێکخراوە  لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٤٩٧ یاسای سزادانی عێراقی. کەسێک کەسکاڵای لێبکرێت ئەوا بەپێی یاسا سزا دەدرێت بەجۆریک زیاترنەبێت  لە ١٥ رۆژ بەندکردن یاخود پێ بژاردن و  کەمتر نەبێ لە ٤٥٠ هەزار دیناری عێراقی.

بەڵام یەکێک لەو دیاردانەی کەکۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت پیسبوونی سەرجەم شوێنە گشتییەکانە، ئەمەش هەم لە بەرئەوەی کە یاساکە سستە و کەسی پێ سزانادرێت بەجۆرێک کە لەپارێزگایەکی وەک سلێمانیدا تاوەکو ئێستا  هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە لەسەر کەسانێک کەهەڵدەستن بەپیسکردن و فڕێدانی پاشماوەکانیان بۆ سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، هەمیش لەبەرئەوەی لەکەرتی پەروەردەو لەلایەنی ئاینیش کەمترین بایەخی پێدەدرێت.

لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای پیسکردنی ژینگەوە بەشی یاسایی شارەوانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لێنەکراوەو سزا نەدراوە بەهۆی پیسکردنی شەقام و شوێنە گستییەکانەوە، ئەوەی کەهەبووە تەنها بەهۆی» زیادەڕەویکردنەوە بووە».

ئەحمەد زوهەیریش  کە پیشەی پارێزەرە دەڵێت لەکوردستان و عێراقیش کێشەکە نەبوونی یاسایەک نیە کەئەو کەسانە سزا بدات کەوا ژینگەو شەقام و شوێنە گشتیەکان پیس دەکەن بەڵکو» کێشەکە جێبەجی نەکردنی یاساکەیە»، دەشڵێت تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی لەوجۆرە نەهاتە بەردەمم وکارم لەسەر نەکردووە.

لەگەڵ ئەوەی پرسەکە بەشێکی پەیوەندی بەیاسا و بەحکومەتەوە هەیە، بەڵام دیوێکی  گرنگی دیکەی پەیوەستە بەپەروەردەی کۆمەڵگە کەئەویش کەموکورتیەکی بەرچاوی پێوە دیارە، بەجۆریک دوای « شازدە ساڵ» لەپڕۆسەی خوێندن و پەروەردە هێشتا بەپێی پێویست تاکێک بەرهەم ناهێندرێت کە  پاکوخاوێنی ژینگەکەی رابگرێت، چین و تووێژە جیاوازەکانیش هەریەک بەشێوەیەک هۆکاری پشت ئەم هەڵسوکەوتەی کۆمەڵگا رووندەکەنەوە.

نەبیل محەمەد کەچالاکوانێکی بواری ژینگەیەو چەندین ساڵە لەڕێکخراوێکی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکاندا لەگەڵ چەندان خوێندنگاو زانکۆو گروپی جیاواز بەسەدان و هەزاران کیلۆ پاشەڕۆو خاشاکیان لەو دەریاچەو رووبارو سەرچاوە ئاویانە پاککردووەتەوە کە سەردانیان کردوون بەتایبەتیش ئەوانەی کەزۆرترین خەڵک لەوەرزی بەهاردا روویان تێدەدەکەن بەمەبەستی گەشت و سەیران.

نەبیل محەمەد هۆکاری ئەو مامەڵە ناتەندروستەی بۆ ئەو گەڕاندەوە کە لەهەموو لایەنەکانەوە کەمتەرخەمی هەیە و بابەتی ژینگە» هێشتا نەبووەتە پرسی سەرەکی لەم هەرێمەدا»، هێشتا کۆمەڵگە نازانێت زیانەکانی پیسبوونی ژینگە کاریگەریەکەی چیەو چۆنە لەسەر تەندروستی و ژیانی، هەروەها ناشزانێت کە دەبێت چۆن مامەڵەی تەندروستی لەگەڵ بکات، بۆ نموونە ئەگەر بزانێت دەکرێت پیسبوونی ئاو کاریگەریەکەی لە خواردنی ماسییەکدا کە بەمایکرۆپلاستیک ژەهراوی بووە چۆن دەردەکەوێت ئەوا هەرگیز دەریاچەو کانیاوو رووبارەکان پڕ ناکات لەدەبەی پلاستیکی و پاشەڕۆ.

هەر لەم روانگەیەوە کاوە شێخ عەبدوڵا رۆژنامەوان، لەڕێگەی پێگەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی چەندان جار سەرنجی خوێنەرەکانی لەسەر پرسی ژینگە چڕکردووەتەوە، لەزیادەڕەوی نەکردن لەبەکارهێنانی کلێنسێکەوە هەتا مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ژینگەکەت، شەقامەکەت.

ئەو هۆکاری ئەو مامەڵە هەڵەو ناتەندروستەی تاکی کۆمەڵگە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لەخۆ بەکەمزانینی تاکی کوردیەوەیە، بەجۆرێک کە ئەوە شێوەیەکە لەبێ بەهابوون یاخود نەبوونی بەها سەرچاوەی گرتووە.واتە کاتیک تاکێک ئەو زبڵ و خاشاکەی بەدەستیەوەیەتی و فڕێی دەداتە سەر شەقامەکەی و ناو ژینگەکەی ئەوە بێڕێزیکردنە بەخۆی پێش هەموو کەس و تەنانەت پێش ژینگەکەش.

گەرچی بەشێکی گەورەی ئەم دیاردەیە لەکوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی پەروەردەو یاسا، بەڵام ئاینیش کە یەکیک لەئەرکەکانی رێکخستن و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەم دیاردەیە هەر لەبرەودایە، وەک  عەبدولحەمید سیوەیلی زانای ئاینی، لەبارەی  کاریگەری ئاینەوە دەڵێت،  ئەو وتارانەی مامۆستا ئاینیەکان لەبارەی ژینگەوە دەیدەن بەڕای من» لاواز بووە «و نەیتوانیوە کاریگەری دروستبکات لەسەر کێشەکانی ژینگەو لەسەر تاکیش بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ژینگە بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت بۆ چارەسەری ئەم پرسە، بەڕاستی دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خێزان و خێزانەکانیش پێویستیان بە بناغەیەکی پتەوە بۆ ئاڕاستەکردنی منداڵەکانیان، وتیشی لەسەر ئاستی دامەزراوەیی و حکومی ئەگەر وەک چۆن رۆژێک هەیە بەناوی رۆژی باوکان یان دایکان یا هەر پرسێکی دیکە، ئاواش گرنگە رۆژێک تایبەت دابنرێت بەناوی رۆژی پاراستنی ژینگەی کوردستان و لەو رۆژەدا هەوڵەکان و هەموو دامەزراوەکان بخرێنە خزمەتی هۆشیاری بۆ پاراستنی ژینگە.

لەبارەی کەمتەرخەمی پەروەردەشەوە کیژان غەریب  کە خوێندکارێکی زانکۆیە،  دەڵێت کە ئەو پرسە دەبێت لە قۆناغەکانی سەرەتای تەمەنەوە فێری تاک بکرێت، واتە لە باخچەی ساوایان و خویندنگەی بنەڕەتیەوە چونکە ئەوە بابەتیکی زۆر گرنگ و بنەڕەتیە و بەتەنها لەزانکۆدا ناکرێت لەبەرئەوەی زانکۆ تەواوکەری پڕۆسەکەیە نەک دەستپێک و سەرەتا، کە ئەوەش یەکەم جار پێویستی بەوەیە سەرەتا دایکان و باوکان لەسەری رابهێندرێن تاوەکو بتوانن منداڵەکانیان فێر بکەن بەڵام دایک و باوکی کۆمەڵگەی کوردی  تەنها منداڵەکانیان فێر دەکەن» لەسنوری ماڵەکانی خۆیاندا پاکوخاوێن بن و رێگەنادەن لەناو ماڵەکانی خۆیاندا پارچە کلێنسێک فڕێ بدرێت، بەڵام لەدەرەوەی ماڵەکەی زۆر جەختی لێناکەنەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کەخێزان بەجۆرێک منداڵ رادەهینێت کە تەنها ناو چوارچێوەی ماڵەکەی خۆی بەموڵکی خۆی بزانێت «.

هێرش رەسوڵ  کە پرۆفیسۆرو مامۆستای زانکۆیە ، دەڵێت  کەهێشتا پاکوخاوێنی ژینگە نەبووەتە کلتور لەلای تاکی کوردی ئەمەش بەهۆی پاشخانە خراپەکەیەتی کە من لەخێزان و کەرتی پەروەردەدا دەیبینمەوە، بەڕای من کێشەکە لەوەدایە کە منداڵ بەترس و تۆقاندن فێر دەکرێن، هەربۆیە تاک کە دەچێتە زانکۆش هەر بەو رق و توڕەییەوە مامەڵە دەکات.

هەروەها دەشڵێت، دەبێت لەبری رق و چاوسورکردنەوە بەجۆرێک منداڵ فێربکرێن کە  بەخۆشەویستیەوە بەبێ ئەوەی چاودێریش هەبێت ئەوا زبڵ و پاشماوەکانیان فڕێ نەدەنە سەر شەقام، بەم جۆرە دەبێتە بەشیک لە «بونیادی کەسەکە».

لەکۆتایشدا وتی پێموایە کۆی پرۆسەکە پەیوەستە بەژینگەی کۆمەڵایەتی گەورەبوونی تاک و بابەتەکە فرەڕەهەندە.

 

ئەی چارەسەر چییە؟

دکتۆر پەروین ئەبوبەکر محەمەد، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆیە، دەڵێت ناجێگیری کۆمەڵایەتی و تێکچونی پێوەرەکانی کۆمەڵگە بۆ هەڵسەنگاندن و ئاڕاستەکردنی تاکەکان، لاوازی خۆشەویستی و ئینتمای نەتەوەیی، لاوازی بەهای پاکوخاوێنی لای تاک، نەبوونی مانایەک لەژیانی تاک، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەیە، دەشڵێت « جگە لەوانە کاڵبوونەوەی هەستی کۆمەڵایەتی و  زاڵبووونی هەستی تاکگەرایی ، کە وای لەتاکەکەس کردووە،  تەنها لەبیری بەڕێکردنی کارەکانی خۆی بێت، وەک رەنگدانەوەیەکی لاوازی ئینتیمای نەتەوەیی» کاریگەری گەورەیان هەیە.

دکتۆر پەروین ئاماژەی بەوەدا کە ئەو خاڵەی  پێویستە گرنگی پێبدرێت ئەمانەیە: جەختکردنە لەسەر پەروەردەی کرداری، و راهێنان لەسێکتەری پەروەردە، و دامەزراوە پەروەردەییەکان،  لەناو (خێزان، باخچە، خوێندنگەکان) و (سۆشیال میدیا، بەتایبەتی)، هەروەها لەڕێگەی هاندانی ئەو کەسانەی خزمەتی ژینگە دەکەن بەدەستخۆشی و رێزلێنان، لەهەمان کاتدا، لێپرسینەوە لەسەرپێچیکاران، رێکخستنی بەیاسا دەکرێت گۆڕانکاری دروستببێت.

بەکورتی، شانبەشانی گرتنەبەری هۆکارە پەروەردەییەکان، پەروەردەکردنی ژینگەیی، سودوەرگرتن لەهەموو هۆکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵایەتی وەک (ئایین، نەریت، یاسا) بۆ دروستکردن و جێگیرکردنی ئەو بەها بنەڕەتییانەی رەفتاری تاکەکان ئاڕاستە دەکەن دەکرێت هەنگاوی گرنگ بنرێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار