چاودێریی تەندروستیی گەرمیان: ئەو خواردنانەی دەهێنرێنە گەرمیانەوە تەندروست نین
یەک ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
لەسنووری گەرمیان خواردن لەسێ دەروازەوە بۆ ناو سنورەکە دێت، ئەویش دەروازەی مەرزی پەروێزخان و بازگەی ساڵح ئاغا و کفریە، پشکنینی بۆ دەکرێت و لایەنی خۆپاراستنی گەرمیان باس لەوە دەکات کە بەهۆی کەمی کارمەندەوە فریای ئەوە ناکەون پشکنین بۆ هەموو دوکان و مارکێتێک بکەن و باری قاچاخ بە ئەوان کۆنترۆڵ ناکرێت و ناتوانین دڵنیایی بدەین بەخەڵک بڵێین خواردنی سنورەکە هەمووی تەندروست و شیاوە.
پسپۆرێکی خۆراکیش دەڵێت هەر خواردنێک بۆ ماوەیەک خۆر لێی بدات کاریگەری خراپی هەیە بۆ تەندروستی و ئەگەر مەوادی حافیزەی زۆری تێدابێت ئەمانە هۆکارێکن بۆ زیانی تەندروستی و لایەنی ڤێتەرنەری گەرمیانیش ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەو بەرهەمانە بکات کە لەسنوری گەرمیاندا هەیە بۆیە دڵنایی تەواو نیە بۆ بەرهەمی گۆشت و شیرەمەنیەکان .
هەووڵاتییەکیش دەڵێت هەرچی خواردنی خراپ هەیە دێتە سنوری گەرمیانەوەو بەسەر خەڵکدا ساغی دەکەنەوە و کەسیش نیە لێیان بپرسێتەوە بۆیە خەڵکەکە هەمووی تووشی نەخۆشی هاتووە.
تۆفیق محەمەد لێپرسراوی بەشی چاودێری تەندروستی گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی، « ئێمە لیژنەمان هەیە هەر رۆژێک بۆ شوێنێک دەردەچین پشکنین دەکەین بۆ خواردنەکان و لەنێو مەرزی پەروێزخان و بازگەی ساڵح ئاغاو کفری لیژنەمان هەیە پشکنین بۆ خواردنەکان دەکەن کە دێتە سنورەکەوە بەهەموو فەرمانبەرەکانمانەوە 14 فەرمانبەرین ئەگەر شەوو ڕۆژ نەوەستین ناتوانین کۆنترۆڵی بازاڕ بکەین و هەرچ خۆراکێک بەڕێگەی مەرز داخڵ بکرێت پشکینی بۆ دەکەین بەڵام ناتوانین دڵنیایی بدەین کەئەو خواردنەی دێتە سنوری گەرمیانەوە تەندروستەو شیاوە چونکە تائێستا نەتوانراوە رێگری لەقاچاخ بکرێت ئەگەر هەرچ خواردنێک بەقاچاخ داخڵ بکرێت لای ئێمە نیەو بەبێ پشکنین داخڵ کراوە».
وتیشی،» بۆ ئەو ئامێرانەی کە ئێمە هەمانە بۆ پشکنین کافی نیە بەڵکو پێوستمان بەئامێری باشتر هەیە بۆ ئەوەی باشتر پشکنین بکەین بۆ خواردنەکان جگە لەوەش کەمی کارمەند بۆ گەڕان بەنێو مارکێت و دوکانەکاندا دیسان کێشەمان هەیەو هەندێ کۆگاو مارکێت هەن کە خواردنەکانیان لەشوێنی خراپ هەڵدەگرن ئێمە پێی بزانین سزای دەدەین بەڵام پێویستە هاووڵاتی وشیار بێت لەوەی چ خواردنێک دەکڕێت».
ئەوەش دەڵێت ، «ناتوانین بەتەواوی بڵێین خواردنەکان هەمووی تەندروستەو بێگومان کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی، زۆرجار پشکنینی خواردنەکان دەکەوێتە سەر دڵسۆزی کارمەندەکان کەچەند بەباشی پشکنین بۆ بارە خواردنەکان دەکەن جگە لەوەش مەوادی پشکنینمان زۆر کەمەو بەش ناکات».
دڵشاد رەحیم هاووڵاتیەکی سنوری گەرمیانە بۆ هاوڵاتی وتی ،» هەموو خەڵک تووشی جۆرەها نەخۆشی بوو بەدەست خواردنی خراپ و نەشیاوەوەو وەک ژەهر لەمەرزەکانەوە دێتە سنورەکەو دەرخواردی خەڵکی دەدەن و خواردنی ئێکس پایەری وڵاتان نەما نەیهێننە گەرمیانەوەو بەروارەکەی دەگۆڕن و بەسەر خەڵکدا ساغی دەکەنەوە هاوڵاتی ئەمە نازانێت و دەیکڕێت هیچ کەسێک لێپرسینەوە لەبازرگانەکان ناکات هەندێ کات خۆیان دەستیان لەگەڵدا تێکەڵ دەکەن و خواردنی خراپ بەقاچاخ دێنن»
وتیشی،» بەتایبەت لەنێو بازاڕدا هەرکێ بۆ خۆیەتی پشکنینی لیژنەکانی خۆپارێزی زۆر کەمن دوکاندار بەدڵی خۆی خواردنی بەسەرچوو دەفرۆشێت یان هەمووی لەو بەرخۆره فڕێداوە یان لەشوێنێکی نەشیاودا دایناوە هەموو ئەمانە خەڵکی سنورەکەی تووشی جۆرەها نەخۆشی کرد «.
د.عوسمان مستەفا بەڕێوبەری ڤێتەرنەری گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی، « هەر خۆراکێک بۆ ماوەیەکی زۆر خۆر لێی بدات شیاوی خواردن نیە و ئەگەر ئەو خواردنە لەنێو بوتڵی پلاستیک بێت زیانەکانی زیاترەو ئەو موادە کارلێک دەکات لەگەڵ مادەی پلاستیکیەوە زیانی تەندروستی زیاترە، ئەگەر هەر خۆراکێک مەوادی حافیزەی زۆر تێدا بێت بەهەمان شێوە زیانی زۆرە وەک ئەو بەرهەمی لەقوتونراونەی کەئێستا هەیە زۆرجار لەمەرزەکانەوە ماست دێتە گەرمیان یان بەرهەمە شیرەمەنیەکان بەسێ مانگ دایدەنێین خراپ نابێت ئەوە نیشانەی ئەوەیە موادی حافیزەی زۆزەو ئەوەش زیانی زۆر زۆرە بۆیە داوا دەکەم هاووڵاتی نەیکڕێت».
وتیشی،» وەک لایەنی ڤێتەرنەری گەرمیانیش بەڵێ جۆرەها خواردن دێتە گەرمیانەوە بەتایبەتی گۆشت و شیرەمەنیەکان ئێمە کارمان کردوە لیژنەمان هەیە کەدەگەڕێن بەڵام بڵێین تەواو خواردنەکان تەندروست و شیاوە نەخێر وانیە چونکە بەئێمە کۆنترۆڵ ناکرێت و ئامێری زۆر باش نیە بزانیت ئەم گۆشتە یان ئەم ماستە تەواو شیاوە چونکە خواردنی ئەو ئاژەڵە گرنگە کەپێی دەدرێت کەخراپ بێت خواردنەکەشی خراپە و هەنێک کات لەتام و بۆندا دیار دەبێت».
وتیشی،» بەبەردەوامی چاودێری بازاڕ دەکەین و سزای توندی دەدەین گەر کەسێک خواردنی خراپ و نەشیاو بەکاربێنێت و تا دوکان داخستن سزا دەدەین و بێگومان خواردنی کوالێتی نزم هۆکاری سەرەکی نەخۆشیەو جۆرەها کاریگەری خراپی هەیه».
کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی،» نەک لەگەرمیان بەڵکو لەکوردستان کوالێتی کۆنترۆڵ بۆ خواردن نیە گەرمیانیش بە بەشێکی زۆر وایە و دەبێت حکومەت خۆی پشکنین بۆ خواردن بکات، بەڵام ئێستا داویەتی بەکۆمپانیا کەئەمە مەترسیەکی خراپە رێگەی قاچاخ و تێپەڕبوونی خواردنی نەشیاو زیاتر دەکات «
وتیشی،» بەڵێ هەندێ کاتیش باری قاچاخیش دێتە سنورەکە وەک پێویست پشکنین بۆ خواردنەکان ناکرێت و ئامێری پێشکەوتو بەکارناهێنرێت بۆ مەوادەکان، هەندێ کات بەس بەچاو پشکنین دەکرێت کە ئەمەش خراپەو لەدەروازەکانی ساڵح ئاخاو کفریەوە ئەم شتانە زیاتر دەبینرێت و کەمترین پشکنین دەکرێت».