دۆسیەكەی وەهاب هەڵەبجەیی لەنێوان پێداگریی پارتی‌و بێباکیی یەكێتی

یەكێتی بەئاشکرا خۆی بێباک دەردەخات و لەژوورە تاریكەكانیشەوە هەوڵی چارەسەركردنی دەدات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارتی دیموكراتی كوردستان تادێت كار لەسەر دۆسیەی دەستگیركردنی وەهاب هەڵەبجەیی سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و یەكێتیش كە بەئاشکرا وەڵامی بۆ هەوڵەكانی پارتی نییەو وا دەریدەخات کەبێباکە، دەیەوێت لەژوورە تاریكەكانی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئەو حزبە، كۆتایی بەم پرسە بهێنێت و پارتی ناچار بكات دەست لەم دژایەتیە هەڵبگرێت.

لەدوایین هەوڵیدا بۆ بەرتەسكردنەوەی بازنەی كاری بەرپرسی دژەتیرۆری یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێی نووسراوێكی دەزگای ئاسایشی هەولێرەوە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراقی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئەنجومەنی دادوەری ئاگاداركردووەتەوە كە هەوڵ بۆ دەستگیركردنی وەهاب مەجید باقی بدرێت كە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتیەو بە وەهاب هەڵەبجەیی ناسراوە.

رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، عەقید هاوكار جاف ئەفسەری دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی لەشاری هەولێر لەهەوڵێكدا تیرۆركرا، هەرزوو بەرپرسانی ئەمنی شاری هەولێر بڵاویانكردەوە كەئەو هەوڵە لەلایەن دژەتیرۆری سلێمانیەوە ئەنجامدراوەو بەبڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی چەند دەستگیركراوێك، تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كارەیان خستەپاڵ وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی.

پێداگری پارتی لەسەر ئەم دۆسیەیەو بەجیهانی كردنی كێشە یاساییەكەی بەرپرسەكەی دژەتیرۆری یەكێتی، نەخشەو پلانێكی نوێی سیاسی پارتییە بەرامبەر یەكێتی. بەڵام ئەوەی مایەی سەرسامییە بێدەنگی یەكێتییە بەرامبەر ئەم هەوڵە نوێیەی پارتی. كە بەڕای چاودێرانی سیاسی لاوازی یەكێتی و نەبوونی سەركردایەتیەكی كارامە، ئەم پرسەی ئاڵۆزكردووە. عەزیز رەوف چاودێری سیاسی لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت، «یەكێتی لەدوای مام جەلال لاواز بووەو ئەو كاریگەرییەی نەماوە، بۆیە پارتی بەئاسانی دەتوانێت گەمە بەچارەنووسی بكات و بەو جۆرەی كەهەیە گرفت و كێشەی بۆ دروستبكات».

پاش نووسراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەولێر، بۆ حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری عێراق، پارتی لەنوێترین هەوڵیدا كۆمكاری عەرەبی ئاگاداركردەوەو بەشێوەیەكی فەرمی داوای هاوكاری كرد بۆ دەستگیركردنی ئەو بەرپرسە سەربازییەی یەكێتی. لەبەرامبەردا یەكێتی هیچ هەڵوێستێكی فەرمی رانەگەیاند، لەوبارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەهاوڵاتی وت «بەلای ئێمەوە ئەوە كێشە نییەو هەر سیحەتت باشەكە وەڵامی ئێمە دەبێت.» سەعدی ئەحمەد پیرە لە رۆژی پێنجی تەمموزی ٢٠٢٣ لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک کاتێک لێی پرسی وەهاب هەڵەبجەیی رادەستی دادگا دەکەن، بەتەنزەوە وتی، «سیحەتت باشە؟»

لەگەڵ ئەوەی یەكێتی هەڵوێستی فەرمی نییەو بەرامبەر دوایین هەوڵی پارتی لەبارەی ئەم دۆسیەوە بێدەنگە، بەڵام بەرپرسێكی باڵای پارتی نایشارێتەوە كە لەكۆبوونەوە تاریكەكانی نێوان هەردوو حزب باسی ئەو پرسە كراوە، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەهاوڵاتی وت «لەكۆبوونەوەكاندا یەكێتی باسی ئەو پرسە دەكات و داوا دەكات كۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام تائێستا وەڵامی پارتی بەدڵی یەكێتی نەبووە».

ئەگەرچی ئەمە یەكەمین جار نییە پارتی لەڕێی دادگاكانەوە هەوڵی راگرتن و دەستگیركردنی نەیارە سیاسییەكانی دەدات، بەڵام دۆسیەكەی وەهاب هەڵەبجەیی جیاوازەو پارتی دەیەوێت لەڕێی ئەم پرسەوە خواستەكانی خۆی بەرامبەر یەكێتی جێبەجێ بكات، لەوبارەوە عەزیز رەوف بەهاوڵاتی وت «پارتی دوو ئامانجی لەمەدا هەیە، یەكەمینیان ئەوەیە كە كێشەو گرفتەكان بخاتە ناو سلێمانی، دووەمینیش یەكێتی ملكەچی خواستەكانی بكات».

بەكارهێنانی دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسییەكان، بووەتە نەریتێك و هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بۆ شكاندنی یەكتری ئەو رێگەیە دەگرنەبەر، ئالان ژاژڵەیی راوێژكاری یاسایی بەهاوڵاتی وت «ئەمە یەكەمین جار نییە كە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار شكۆی دادگاو یاسا دەشكێنن، ئەوان بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتە سیاسییەكانی خۆیان پەنا بۆ دادگا دەبەن، لەكاتێكدا بەدانپێدانانی هەردوولا، هیچكامیان متمانەی بەدادگاو دادوەری لایەنەكەی تر نییە. ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر شكۆی دادگا دروستكردووە».

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی سەرۆك لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو كێشەیە، چەندین جارو بەشێوەی فەرمی داوای لەسەرۆكی پارتی كردووە ئەم دۆسیەیە دابخرێت، لەوبارەوە ئاراس حەسۆ میرخان بەهاوڵاتی وت «بەڵێ یەكێتی داواكاری هەیەو رەنگە لەكۆبوونەوەكانی داهاتوودا گفتوگۆ لەو بارەوە بكرێت و ئەگەریش هەیە ئەم كێشەیە یەكلایی بێتەوە».

بەپێی قسەكانی سەركردەكەی پارتی، یەكلایی بوونەوەی ئەم كێشەیە ئەگەرێكی كراوەیە. لەوەها دۆخێكیشدا پرسیاری گەورە لەسەر كۆی پرۆسەی دادوەری هەرێم دروستدەبێت، هەروەك ئەوەی ئالان ژاژڵەیی دەڵێت « پرسیارە گەورەكە ئەوەیە پاش چارەسەری گرفتەكەو داخستنی ئەو دۆسیەیە، پارتی چی وەڵامی دەزگای ئاسایشی  نیشتمانی و ئەنجومەنی دادوەری بەغدا دەداتەوە؟ چۆن و بەچ نووسراوێكی تر كۆمكاری عەرەبی ئاگاداردەكاتەوە؟ كەدواجار ئەمەش وێنای خراپی هەرێم لەجیهانی دەرەوە نیشاندەدات».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار