پهیمانگای رۆژههڵاتی ناوهراست: چاکسازیکردن لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا لەژێر مەترسیی شکستهێناندایە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پهیمانگای رۆژههڵاتی ناوهراست / وینترۆپ ڕۆجەرز لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ناکۆکێکانی نێوان یەکێتی و پارتی و چاکسازی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا دەڵێت،بەرژەوەندی حزبیی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی تەواو کاریگەری لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە داناوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باسلەوەکراوە کە، پەیوەندی نێوان سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی داڕماوە و بەرپرسانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە توانای ئەوەیان نەماوە ڕێگری بکەن لە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی حزبەکانیان.
هاوکات ئەو پەیمانگایە دەشڵێت، ساڵێک بەسەر یاداشتنامەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە تێپەڕیوە و چاکسازییەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ نەکراوە و دەکرێت ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان دروست بکات.
لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلول ساڵێک بەسەر یاداشتنامەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە تێدەپەڕێت و بەپێی وتەی چەند چاوگێکی ئاگاداری دۆخەکە، سەرەڕای پەکخستنی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەرپرسانی هەرێم پابەند نین بە ئەنجامدانی چاکسازییەکان لە ناو هێزی پێشمەرگە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەگەر سیاسەتمەدارانی کورد نەتوانن لە ئاست بەرپرسیارێتییەکانیاندا بن، "ئەوە نەک تەنها پێشمەرگە؛ بەڵکو کاریگەریی خراپ لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دۆستە دێرینەکانیان دەبێت."
پێشتریش جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندبوو ، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخرێتەوە ئەوا هاوپەیمانان پشت لە هەرێم دەکەن بە هەمان ئەو شێوەیەی ئەفغستانی جێهێشت.
هاوکات ڕۆژنامەی هاوڵاتیش لە ڕاپۆرتی هەفتەی پێشویدا لەسەر ئەم باسە نوسیویەتی، کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەزارەتی پێشمەرگە گەشتوونەتە ئاستێکی «بنبەست» بەجۆرێک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیرلەوە دەکاتەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکە نوێ نەکاتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیش ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی قۆستووەتەوە و دەیەوێت بودجەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ حکومەتی ناوەندی.
تەواوی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی لەم لینکە بخوێنەرەوە: هاوپەیمانان هۆشدارییان داوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە
