یاسەمین موقبیلی کورد نییە و بنەماڵەکەشی مهابادی نین

میدیا کوردییەکان بەهەڵەدا چوون‌و سەرچاوەی هەواڵەکەیان لەسەر کەشتیوانەکەی ناسا راست نییە

یەک ساڵ لەمەوپێش



مستەفا زاهیدی

لەچەند رۆژی رابردوودا میدیای کوردی خەڵکیان بەکەشتیوانێکی ناساوە سەرقاڵ کرد کەگوایە خەڵکی مەهابادەو کوردە، ئەو کەشتیوانە بووەتە یەکەم کورد کەگەشتی بۆشایی ئاسمان بکات، بەڵام دوای بەدواداچوونێکی وردی هاوڵاتی دەرکەوت ئەو ژنە نە کوردەو نە بنەماڵەکەشی خەڵکی مهابادن.

یاسەمین موقبیلی ئەو ناوە دیارە بوو کە لەمیدیای کوردیدا بەرچاوکەوت و بەشێکی زۆر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ماڵپەرو میدیا دیارەکان، ئەم خاتوونەیان بەکورد ناوبرد. بەشێکی زۆر لەمیدیاکان، بە بیستراوو بینراوەوە، بەو میدیایانەوە کە پشتیوانییەکی ماددی گەورەیان لەپشتە، زۆر بەپەلە باسیان لەوەکرد کە ئەم خاتوونە  کوردەو خەڵکی مەهابادە.

هەواڵەکە جێی گومان بوو چونکە هیچ بەڵگەیەک نەبوو بیسەلمێنێت یاسەمین کوردە، بۆیە هاوڵاتی هەوڵیدا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەم خاتوونە نە کوردەو نە خەڵکی مەهابادە.

ئاژانسی ناسا لەڕۆژی یەکشەممەی رابردوو ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣، بڵاویکردەوە کەشتی ئاسمانی سپەیس ئێکس ٧ دراگۆن گەیشتووەتە بۆشایی ئاسمان و لەنگەری لەوێستگەی نیودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان گرتووە. ناسا بڵاویشیکردەوە کەپرۆژەکەیان نزیکەی شەش مانگ دەخایەنێت و بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس کراوە.

ناسا باسی لەوەش کرد کەچوار کەشتیوان گەشتەکەیان کردووە کە یەکێک لەوان یاسەمین موقبیلییەو بەنوێنەرایەتی ناسا گەشتەکەی کردووەو ئەو سەرپەرشتی گەشتەکە دەکات.

یاسەمینی تەمەن ٤٠ ساڵ پێشتر لەسوپای ئەمریکا وەک فڕۆکەوان خزمەتی کردووەو دواتر لە ٢٠١٧ چووەتە ئاژانسی ناسا. وەک خۆی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی دەڵێت، لەمنداڵییەوە خەونی ئەوە بووە ببێتە کەشتیوانی ئاسمانی.

«شتەکە زۆر سەیرە چونکە لەقوتابخانە کاتێک لەکتێبی ساڵنامە هەموان ئەوە دەنووسن کە دەیانەوێت گەورە ببن، ببن بەچی، من نووسیم: کەشتیوانی ئاسمانی».

چۆن دەرکەوت یاسەمین کورد نییە؟

بەپێی هەندێک بەڵگە کەدەست هاوڵاتی کەوتووە دەریدەخات کە یاسەمین کورد نییەو بنەماڵەکەشی خەڵکی مهاباد نین، تەنانەت کەسوکاری خۆشی نکۆڵی لەوە دەکەن کەکوردن.

یەکێک لەبەڵگەکان کە دەریدەخات وتەی رۆژنامەنووس هەرمان وەتمانییە کە خەڵکی مەهابادەو دەڵێت نازناوی موقبیلی هەرگیز لەمەهاباد بوونی نەبووە.

هەرمان وەتمانی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، « لەماوەی یەک دوو رۆژی رابردوو هەواڵێک بەشێوەیەکی چڕوپڕ بڵاوبووەتەوە کە یەک لەو چوار کەشتیوانەی ناسا ناردویەتییە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان، ئافرەتێکی بەرەچەڵەک کوردو خەڵکی مەهابادە بەناوی یاسەمین موقبیلی. بەپێی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی وردم هەر لەچرکەساتی یەکەمەوە راستی ئەو هەواڵەم بۆ نەسەلماو تەنانەت بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوو تەواو جێی متمانە کامبەخشی باوکی و باپیرو باپیرەگەورەی بەناوی نێعمەتوڵڵا هەر خەڵکی تاران بوون و لەناوچەی نیاوەران نیشتەجێ بوون. نازناوی موقبیلیش لەمەهاباد نەبیستراوە».

یەکێکی تر لەبەڵگەکان ئەوەیە کەخودی کەسوکاری یاسەمین نکوڵی لەوە دەکەن کەکوردبن.

ئەفشین ئیبراهیمیان، کەچالاکوانێکی شاری مهابادە، پەیوەندی بە پژمان موقبیلی، کەسی نزیکی بنەماڵەی یاسەمین کردووە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا دایک و باوکی یاسەمین بەڕەچەڵەک کوردن، پژمان موقبیلی دەڵێت، «نەخێر کورد نین».

بەڵگەیەکی تر کە دەیسەلمێنێت یاسەمین موقبیلی رەچەڵەکی کورد نییە چاوپێکەوتنیکی باوکیەتی لەماڵپەڕی کەنیسەیەک لەئەمریکا.

لەماڵپەڕی ST. Paul‌s Episcopal Church کەماڵپەڕێکی ئایینیەو باس لەنەریتەکانی ئایینی مەسیحیەت کراوە، وتووێژێک لەگەڵ کامی موقبیلی، باوکی یاسەمین کراوە وەک کەسایەتییەکی مەسیحی و قەشەیەکی مەسیحی.

کامی موقبیلی دەرباری ژیاننامەی خۆی دەڵێت،  «ساڵی ١٩٥١ لەتاران لەبنەماڵەیەکی شیعە دایکبووم، باوکم پزیشک بووەو دایکم پەرەستار بووە. قوناغی سەرەتایی خوێندنم لەخوێندنگەی (کاسۆلیکی رۆمی) تەواوکردووە. دواتر بەشێوەی پیشەییانە بیناسازی و ئەندازیاری بیناسازی خوێندووە. هەر لەتەمەنی لاوییەوە رەحمەتی خودا بەسەریدا باریوە لەگەڵ مەسیحییەت ئاشنا بووە.

وەک دیارە کامی موقبیلی جگە لەشوێنی لەدایکبوونی و مەزهەبەکەی هیچ زانیارییەکی تر ناخاتەڕوو کە لەچ نەتەوەیەکە و لەدیمانەکەدا دەڵێت، هەر لەم سەردەمانەدا لەگەڵ فێری کە پێدەچێت کورتکراوەی  فریشتە بێت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، ساڵی ١٩٨٠ و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی جێهێشتووەو چووەتە ئەڵمانیا.

وەک خۆی دەڵێت، چوار ساڵ لەئەڵمانیا ماوەتەوەو دوو مناڵی بووە بە ناوەکانی کاوەو یاسەمین، کەمتر کاتی خۆی تەرخان ئەکات بۆ ئەو بوارەی کەشارەزایە تێیدا کەمەبەستی تەلارسازییە و دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بەمەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بەعیساو بەدوای خودادا دەگەڕێت وەک پەناگەو هێزێکی پشتیوان.

بەپێی چاوپێکەوتنەکە، ساڵی ١٩٨٣ لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی تۆلستۆی کە رێکخراوێکی دژە کۆمۆنیستی بوون، کامی موقبیلی لەگەڵ خێزانەکەیدا روو دەکەنە ئەمریکاو لە نیویۆرک نیشتەجێدەبن و لەئێستادا چالاکێکی ئایینی مەسیحییە.

پێش ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا، یاسەمین لە ئەڵمانیا لەدایک دەبێت. لەماڵپەڕی ناساو نیویۆرک تایمز بەوردی باس لەژیاننامەی یاسەمین موقبیلی کراوە، هەردوو سەرچاوەکە دەڵێن کە بنەماڵەکەی ئێرانین و خۆی ساڵی ١٩٨٣ لەئەڵمانیا لەدایکبووە. لەهیچ سەرچاوەیەکدا باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونەو بنەماڵەکەی نەکراوە. هیچ زانیارییەک لەسەر بنەماڵەو رەچەڵەکی دایکی یاسەمین بەردەست نییە.

تەنانەت لەئینستاگرامی خۆشی کەزیاتر لە ٢٦٥ هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە، بەهیچ شێوەیەک باس لەکوردبوونی ناکات و باس لەئێرانیبوونی خۆشی نەکردووە. تەنها لەبەشی بایۆکەی نووسیویەتی: دایک، فرۆکەوانی هێزی دەریایی، فرۆکەوانی تاقیکاری و کەشتیوانی ناسا.

تاکە سەرچاوە کەباس لەکوردبوونی یاسەمین دەکات دوو سەرچاوەن کەهیچیان باوەڕپیکراو نین و رەنگە هەواڵی میدیا کوردییەکان سەبارەت بە یاسەمین موقبیلی لەم دوو سەرچاوەیەوە هاتبێت.

دوو سەرچاوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەستە کە باس لەکوردبوونی یاسەمین موقبیلی دەکەن. یەکەمیان ماڵپەڕی ویکیپیدیایە، کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت وەک سەرچاوەی متمانەپێکراو پشتی پێ ببەسترێت. سەرچاوەیەکی تر کە باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونە دەکات، بابەتێکە لە ماڵپەڕی «عصر ایران» لەنووسینی نهال موسەوی کەدووبارە کردنەوەی زانیارییەکانی ویکیپیدیایەو هیچ شتێکی نوێ و سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی تێدا نییە کە بیسەلمێنێت ئەم خاتوونە کوردو مەهابادییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار