ئێران تۆپە ئاگرەکە فڕێدەداتە هەرێمی کوردستان
حزبەکانی رۆژهەڵات لەهەرێم هۆشداری دەدەن کەچەک دانان هێڵی سوورە لەلایان
یەک ساڵ لەمەوپێش
ڤانە حەمە
کۆماری ئیسلامی ئێران فشار دەخاتەسەر هەرێمی کوردستان بۆ چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو حزبانە هەڕەشەکان بە «چاوسوورکردنەوە» ناودەبەن و دەڵێن ئامانجی تاران ئەوەیە ئاگری شەڕەکە لەناوخۆی ئێران دووربخاتەوە لەیەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەشڵێن ئامادەکاری دەکەن بۆ هەر هێرشێکی ئێران و چەک دانان لای ئەوان «هێڵی سوورە».
تاران مۆڵەتێکی داوە بەحکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دەبێت حزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ١٩ی ئەیلولی ئەمساڵ چەک بکرێن، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی گیانلەدەەستدانی ژینا ئەمینی لەژێر زەبری هێزدا بەجیاوازی تەنیا سێ رۆژ.
ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی رابردوو لەئێران گیانی لە دەستدا دوای ئەوەی پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی بەزەبرێکی توند ئازاریان دابوو بەبیانووی ئەوەی لەچکەکەی توند نەبووە، ئەوەش گڕی بەردایە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران، بەجۆرێک وێنەی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەییان لەشەقامەکاندا دەسووتاند و خۆپیشاندانەکان بەشۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» ناسرا.
لەساڵی ٢٠١٨ەوە ئێران چەندین هێرشی موشەکی کردووەتەسەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەهەرێم، دوایین هێرشی تاران بۆسەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا بوو کە سوپای پاسداران بەمووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامیدا و بەپێی ڕاپۆرتی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی عێراق، ١٣ کەس شەهید بوون.
ناسر کەنعانی، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆشداریدا بە حکومەتی عێراق و رایگەیاند مۆڵەتی چەککردنی حیزبە «دژبەرەکانمان» لە هەرێمی کوردستان «درێژ ناکەینەوە» کە بەپێی رێکەوتنەکە ١٩ی ئەیلول دوا مۆڵەتە.
لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا لەبارەی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە بەناوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە.
بەپێی رێککەوتنەکە پێویستە حزبەکانی رۆژهەڵات لەچەک دابماڵرێن و بارەگاکانیشیان چۆڵ بکەن، دواتر بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هەریەک لەحکومەتی عێراق و کوردستان لەکەمپی ئاوارەکاندا جێگیر ببن کە بۆیان دیاری دەکرێت.
لەوەڵامی ئەم داواکاریەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی ناوەندی کۆمیتەی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە هاوڵاتی وت» تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بەفەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە یان حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەئێمە نەگەیشتووە، دەشڵێت، «چەکدانان لەلای ئێمە هێڵی سورە».
عەتا ناسر سەقزی پیێیوایە دیاریکردنی ئەو مۆڵەتە لەو کاتەدا لەترسی نزیکبوونەوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییە کە ئێران نایەوێت دووبارە خۆپیشاندان لەوڵاتەکە دووبارە ببێتەوە.
«کۆماری ئیسلامی ئەمە وەك چاو سورکردنەوەیەک بەکاردەهێنێت ئەمەش لەترسی نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و مەترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەکان لەئێران، بۆیە پێمانوانییە ئەم بڕیارە جێبەجێبکرێت»، عەتا ناسر وای وت.
لەبارەی هەر هێرشێکیشەوە بۆ سەر بارەگاکانیان ئەندامەکەی ناوەندی کۆمیتەی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وتی، «ئێمە ئەمڕۆ بەهاوبەشی لەگەڵ حەوت حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبووینەوە و ئامادەباشی خۆمان دەکەین بۆ هەر هێرشێک».
عەتا ناسر سەقزی باسیشی لەوەکرد کە ئامادەکاریەکانمان بەجۆرێکە «کەمترین زیانمان لەهەر هێرشێک بەربکەوێت، هەروەک ئەوەی کە لەدوایین هێرشیشدا قوربانیەکی کەممان داو ژن و منداڵمان گواستەوەو بارەگاکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو چۆڵکرد».
لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان بەغدا و تاراندا ئەنجمادراوە بۆ چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڵاتی پەیوەندی بە نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد لەتاران و لەوەڵامدا وتی، « ئێمە وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، نوینەرایەتییەکەمان شکڵییە و ئێمە بەشداری ئەو کۆبوونەوانە نەبووین و ئاگادار نین، ئەوەی هەیە تەنها ئەو زانیاریانەن کە بیستومانن».
نازم دەباغ وتیشی، « پێویستە هەر هەڕەشەیەک کە لەقەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەهەند وەربگیرێت و گرنگی پێبدرێت».
لەبارەی مەترسییەکان و هەڕەشەکانی سەر حکومەتی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە، هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە ئاریان تاوەگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، بەڵام رەتیکردەوە کە لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات و وتی لیژنەکەیان کۆبوونەوەیان لەوبارەیەوە نەکردووە، باسیشی لەوەکرد ئەو بەروارەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دایناوە مەرج نیە بەوجۆرە جێبەجێ بکرێت و پێشتریش هەڕەشە کراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەگەرێک کراوەیە.
تاوەگۆزی وتیشی، لەئێستادا کێشەی بودجە و پرسی موچە لەپێشترە لەنێوان هەرێم و بەغدا.
هەر لەچوارچێوەی ئەو هۆشداریەی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، کاکۆ ئالیار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێدوانیکدا بۆ هاوڵاتی وتی» ئەم قسانەی ئێران شتیکی زۆر نوێ نیە، ئەمانە تەنها پەیوەندی بە بارودۆخی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە کە بەهۆی شۆڕشی ژینا ئەمینییەوە سەریهەڵداوە و ئێستاش ساڵیادەکەی نزیکە».
کاکۆ ئالیار، جەختیشی لەوەکردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بابەتیکی فەرمی و جددی لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەوان باس نەکراوە و «ئێمە ساڵ و دوو ساڵ نییە کە لەهەرێمی کوردستانیان، ئێمە نابینە سەرئێشە بۆ هەرێم».
«لەگەڵ بەرپرسانی حزبەکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگین و لەسەر خەتبووین، تا ئەو رادەیەی پێویست بێت ئامادەییمان تێدایە زەحمەتیەکان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمبکەینەوە، بەڵام ئێمەش بۆ خۆمان هێڵی سورمان هەیە»، کاکۆ ئالیار وای وت.
تا ئێستا حکومەتی عێراقی لەبارەی دوا مۆڵەتەکەی ئێرانەوە وەڵامێکی روون و ئاشکرای نەداوەتەو سەبارەت بەوەی کە کەی و چۆن بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت جگە لە تاکە لێدوانی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق کە دووشەممەی رابردوو ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ وتی، «سهروهری خاكی عێراق پێویستی به لێكتێگهیشتنی ئهمنی ههیه بۆ پاراستنی سنوورهكان لهههر دهستدرێژییهك».
وتیشی «لهسهر ئهم بنهمایه عێراق رێككهوتنێكی لهگهڵ ئێران ئیمزا كردووه سهبارهت بهڕێگریكردن لهدزهكردنی چهكداران، رادهستكردنهوهی داواكاران، چهكداماڵین و لابردنی كهمپهكان، بۆ ئهم مهبهستهش ئهوهی لهسهر عێراق بووه سهرجهم خاڵهكانی جێبهجێ كردووه«.