هاوڵاتی زانیاری لەسەر دامەزراندن و مووچەبڕینی حزبەکان بڵاودەکاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی و بەشێوەیەكی نایاسایی 602 كەس لەهێزی دژەتیرۆری یەكێتی دامەزرێنران و بەپێی نووسراوێكیش خراونەتە سەر یەكەی (70)ی وەزارەتی پێشمەرگە، پلەكانیشیان بۆ جێگری ئەفسەر بەرزكراوەتەوە، سەرۆكی حزبكێش لەشاری هەولێر مووچەی 200 پۆلیسی راگرتووەو داوای بەڵێننامەیان لێدەكات.

عەلی حەسەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان بڵاویكردەوە كە بەپێی نووسراوێك فەرمانی دامەزراندن بۆ 602 كەس كراوەو بەشێوەیەكی نایاسایی پلەكانیشیان بۆ جێگری ئەفسەر بەرزكراوەتەوە. لەكاتێكدا دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە بەفەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران راگیراوە.

نووسراوەكە بە ژمارە (8338) لە رێكەوتی 1/11/2022 تۆماركراوەو بەپێی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەمانگی رابردوودا ئەو دامەزراوانە موچەی خۆیان لە رێی فەوجی هێزەكانی حەفتا وەرگرتووە، پارەكەش لە رێی داهاتی ناوخۆی سلێمانی دابینكراوە.

دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرە لەچەكداری حزبی لەناو دامەزراوەكانی حكومەتدا بەشێوەیەكی نایاسایی لەكاتێكدایە كە حكومەت بەهۆی نەبوونی پارەو بودجەی پێویست پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكانی راگرتووە، لەوبارەوە عەلی حەمەساڵح بەهاوڵاتی وت «ئەم دامەزراندنانە لەكاتێكدایە كە حكومەت رایدەگەیەنێت پارە بۆ پرۆژەو دەرمان و رێگاوبان نییە، پارە بۆ مامۆستای وانەبێژو فەرمانبەری گرێبەست نییە، بۆ پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستا نییە، دامەزراندن بۆ دەیان هەزار دەرچووی زانكۆكان نییە».

لەگەڵ ئەوەی ئەو فەرمانەی دامەزراندنەكەی پێكراوە لەناو دەزگای دژە تیرۆری یەكێتیەوە كراوە، بەڵام موچەی دامەزراوەكان لەناو هێزەكانی حەفتاوە دەدرێت، كە هێزەكانی حەفتاش سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمە، لەوبارەیەوە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران  بەهاوڵاتی وت «ئێمە ئاگادارنین و هیچ زانیارییەكمان لەوبارەیەوە نییە».

ئەمە یەكەمین جار نییە یەكێتی و پارتی دامەزراندن لەناو هێزی سەربازی سەر بە یەكە سەربازییەكانیان دەكەنەوە، كە بەڕای عەلی حەمەساڵح، هەردوو حزب دەیانەوێت زۆرترین چەكدار لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوەو بۆ ئامانج و خزمەتی خۆیان بەكاریانبهێنن.

جگە لەیەكێتی و پارتی، دامەزراندنی سەربازی لەناو حزبەكانی تریشدا بوونی هەیەو هەر حزبەو بەپێی قەبارەی خۆی، ئەندام و كادرانیان كراونەتە موچەخۆرو لەسەر بودجەی حكومەت پارەیان پێدەدرێت. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی هەریەكە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و حزبی سۆسیالیست و شیوعی دامەزراندنی سەربازییان بۆ كراوەو چەندین كادریان كراونەتە پۆلیس و سەرباز.

ئەو حزبانەی پۆلیس و سەربازی دامەزراویان هەیە، لەكاتی ناكۆكی و كێشە ناوخۆییەكانیاندا قۆرخی موچەی ئەندامانیان دەكەن و بۆ هەندێك جاریش حكومەت بەكاردەهێنن بۆ مەرامە تایبەتەكانی خۆیان. هەروەك ئەوەی ئێستا كێشەی بڕینی مووچەی 200 پۆلیسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەئارادایە.

بزووتنەوەی ئیسلامی كە بەمدواییە ناكۆكی تێكەوت و بووە دوو باڵ، باڵێكیان بەسەرۆكایەتی كامیلی حاجی عەلی وەزیری پێشوتری ئەوقافی حكومەتی هەرێم و باڵەكەی تریش بەسەرۆكایەتی عیرفانی مەلا عەلی كوڕی رابەری كۆچكردووی ئەو حزبە خۆیان راگەیاندو هەرباڵەو خۆی بەخاوەنی حزبەكە دەزانێت و بەرامبەریشی بە ناشەرعی و نادروست لەقەڵەم دەدات.

بەهۆی بوونی ئەو كێشە ناوخۆییەوە، موچەی 200 پۆلیسی بزووتنەوە راگیراوەو بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، عیرفانی مەلا عەلی دەستی بەسەردا گرتوە، لەوبارەوە كەمال سازانی پارێزەری باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «بەبڕیارێكی سیاسی و لەلایەن عیرفانی مەلا عەلی قوت و مووچەی پۆلیسەكانمان لەهێزی زێرەڤانی راگیراوەو حكومەت و وەزارەتی ناوخۆشمان ئاگاداركردووەتەوە كە پێویستە بێلایەن بن و تەرەفگیری نەكەن».

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، موچەی ئەو 200 پۆلیسەی بۆ بزووتنەوەكەی عیرفانی مەلا عەلی خەرجكردووەو ناوبراویش دەستی بەسەرداگرتووەو داوای لەپۆلیسەكان كردووە بەڵێننامە پڕبكەنەوە كە پەیوەندی بە باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی-یەوە نەكەن، لەوبارەوە پارێزەرەكەی باڵی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «حزب دەڵێ ئێمە نین و حكومەتە، حەكومەتیش دەڵێت ئێمە نازانین و بڕیارێكمان پێگەیشتووەو جێبەجێی دەكەین. یاساش تائێستا یەكلایی نەكردووەتەوە كە بزووتنەوە موڵكی كام باڵەیە. حكومەتیش دەڵێت ئێمە داومانە بە رابەری بزووتنەوە، ئەویش لای خۆیەوە دەیەوێت بەڵێننامە پڕبكاتەوە بە پۆلیسەكان كە نەچنە ریزی باڵەكەی ئێمەوە، ئەمەش بریارێكی ناشەرعییەو پێمان وایە كە دەبوو وەزارەتی ناوخۆ رۆڵێكی باشی هەبێت نەك لایەنگری بكات، بۆیە ناچارین لە رێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە سكاڵا تۆماربكەین».

بوونی ئەو ژمارە زۆرە لەپۆلیس و سەربازی دامەزراوی حزبە سیاسیەكان لەناو حكومەتدا، بووەتە بار بەسەر بودجەوەو بەهۆی ئەمەوە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم شێوێنراوە، هەربۆیە حكومەتی ناوەندی گرفتی لەگەڵ لیستی موچەخۆراندا هەیەو تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی دانی نەناوە بەو ژمارەیەی لیستی فەرمانبەران كە بۆ وەرگرتنی بودجەی هەرێم پێشكەشی حكومەتی ناوەندی دەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار