كەسوكاری ئۆتیزم لەدهۆك هاواریان لێ هەستاوە
زۆربەیان هەژارن و ناتوانن پارەی خزمەتگوزاری سەنتەرەکان دابین بکەن
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
«10 ساڵی رێكە هیچ خۆشیم نەبینیوە ، ئێش و ئازاری گۆڕم لەسەر ژیان وەرگرتووە»، ئەمە وتەی دایكێكە لە ناوەندی دهۆك كە دوو منداڵی ئۆتیزمی هەیە، ئەو بەتەواوی بێهیوا بووە چونكە سەنتەری حكومی منداڵەكانی وەرناگرێت و ناتوانێت بیانباتە سەنتەری ئەهلی بەهۆی ئەوەی پارەیان نیە .
ئاواز قادر، ئەو ژنەی سەنتەری شاری دهۆكە كە بۆ هاوڵاتی قسەی كردووە و دەڵێت « كچەكەم كە تەمەنی 10 ساڵەو كورەكەم تەمەنی حەوت ساڵە ، رێژەی ئۆتیزم لەهەردوو منداڵەكەم سەرووی 75 لەسەدە ، بەس خوا دەزانیت حاڵم چۆنە ئەوەندە ناخۆشە ناتوانم وەسفی بكەم، بەو دوو منداڵە ئەوەندە ئازارو ناخۆشیم بینیوە پێموایە عەزاب و ناخۆشی گۆڕیش هەر ئەوەندەیە، پێش ئەوەی بمرم عەزاب و ناخۆشی گۆڕم بینی».
ئاواز قادر تەمەنی 37 ساڵە ، پیاوەكەی پێشمەرگە بووەو لەمانگی نیسانی ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. ئاواز خاوەنی پێنج منداڵە لەهەمووی گەورەتر كچەكەیەتی كەتەمەنی 16 ساڵە ، ئێستا لە ژووری خوێندنگایەكی ناو سەنتەری دهۆك دەژین چونكە هیچ خانوویەك نیەو پارەشیان نیە لەشوقەیەك یان خانوویەكی كرێدا بژین.
«سەنتەری حكومی تەنها ساڵێک كچەكەمیان وەرگرت، دوای ساڵێك كچەكەمیان دەركردو وتیان كچەكەت شەڕی منداڵان دەكات ، ئێستاش ناتوانم بیبەم بۆ سەنتەرێكی ئەهلی، هیچ داهات و پارەیەكمان نیە، خێرخوازان هاوكاریمان دەكەن، نازانم شەوو رۆژ چیە هەر خەرێكی دوو منداڵەكەمم، ئەگەر بەرپرسان راست دەكەن با فەرموون یەك خولەك سەردانی من بكەن بزانن حاڵم چۆنە»، ئاواز وای وت.
لەپارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تەنها یەك سەنتەری حكومی هەیە، لەبەرامبەریشدا 10 سەنتەری ئەهلی هەن، پارەی مانگانە بۆ هەر منداڵێكی ئۆتیزم لە 175 هەزارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 350 هەزار دینار .
شاكر مەحمود، بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزمی زاخۆی ئەهلی بەهاوڵاتی وت: « 30 منداڵمان وەرگرتووە، پارەی مانگانە بۆ هەر منداڵێك بەپێی رێژەی ئۆتیزمە لە 175 هەزارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 350 هەزار دینار، رۆژانە تا كاتژمێر یەک و نیو هەرچی پێویستە بۆیان دەكەن، ئەوەی پێویستی بەمامۆستاو پزیشكی دەروونییە بۆیان دابین دەكەن، جگە لەمەش ژەمێكی خواردنی سەرەكییان پێدەدەین».
بەكردنەوەی سەنتەری تازە بارگرانی و فشار لەسەر سەنتەرەكان كەمدەبێتەوە، لەئێستادا سێ سەنتەری ئەهلی لەزاخۆ هەن، دوو سەنتەری تری ئەهلی بەمنزیكانە دەكرێنەوە لەگەڵ سەنتەرێكی حكومی، هاوكات لەناوەندی دهۆكیش پێنج سەنتەری ئەهلی هەن.
شاكر مەحمود دەشڵێت، « تەنها لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 220 منداڵی تۆماركراو هەن كەنەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، ئێمەش حەزدەكەین نەك سەنتەرێک 10 سەنتەری حكومی بكرێنەوە لەجیاتی ئەوەی پارە بدەن بەخۆڕایی بێت، چونكە ئەوانەی منداڵی ئۆتیزمان هەیە زۆرینەیان هەژارن و ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەوان زۆرە، بەڵام چارەی تر نیە».
ئەمساڵ لەسەنتەری حكومی لەشاری دهۆك 90 منداڵی ئۆتیزم وەرگیراون، ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەی توشبووانی ئۆتیزم لەسنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەرووی هەزار توشبووی ئۆتیزم هەیە.
شێرزاد هلوری، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت، « ئەمساڵ 90 توشبووی ئۆتیزممان وەرگرتووە، كە ئێستا لەسەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم چاودێرییان دەكرێت و هەموو شتێكیان بۆ دابینكراوە، بەمنزیكانە سەنتەرێكی تر لەقەزای ئاكرێ دەكەینەوە، هەروەها لەبەرنامەشماندایە سەنتەرێكی تر لەسنوری قەزای سێمێل بكەینەوە».
شێرزاد هلوری دەشڵێت « ئەو سەنتەرەی كەئێستا هەمانە شوێنی هەموو توشبووانی ئۆتیزم ناگرێتەوە، بۆیە زۆر پێویستیمان بەسەنتەری تازەیە تابتوانین ژمارەیەكی زۆرتر لەتوشبووان وەربگرین، زۆرمان پێناخۆشە كەسوكاریان لەبەرنەبوونی شوێن منداڵەكانیان دەبەنە سەنتەری ئەهلی، چونكە بارگرانییەكی زۆرە بۆ ئەوان، هەموو هەوڵێك دەدەین كێشەكانیان چارەسەربكەین».