جگەرەی ئەلکترۆنی؛ کچانی گەنج گیرۆدە دەکات
«مۆدێلەکان ریکلامی بۆ دەکەنو هانی گەنجان دەدەن بیکێشن»
یەک ساڵ لەمەوپێش
ئیمان زەندی
«لەلایەن ھاوڕێکەمەوە فێربووم و تەندروستیم تێکچووە» ئەمە وتەی کچێکی گەنجە کە ئالودە بووە بەدیاردەیەکی نوێ لەناو گەنجاندا، ئەویش جگەرەی ئەلکترۆنییە، کچە گەنجەکە دەشڵێت، بە دزی خێزانەکەیەوە خەریکی کێشانیەتی و ئاگایان لێی نییە.
هێڤی عەبدی ناوێکی خوزراوی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵە، ئەو دانیشتوی پارێزگای کەرکوکە، بۆ هاوڵاتی قسەی کردووەو دەڵێت، بەدزییەوە لەقوتابخانە کچێک دەیکڕێت بۆیان، نزیکەی ساڵێکە بەکاریدەھێنێت و نرخیشی زۆر نییەو بۆی گونجاوە. هێڤی لەسەر دۆخی تەندروستی خۆی دەڵێت، «ئاو لە سییەکانم دروستبووەو قوڕگیشمی سوتاندووە».
هیڤی، کە لەپۆلی هەشتی ناوەندییە، زیاتر ئەو ڤەیپانە بەکاردەهێنێت کە ھەزار نەفەسەو بە ١٥ بۆ ٢٠ ھەزار دینارە، لەڕێگای هاوڕێکانییەوە فێربووە چونکە دەیهێنن بۆ قوتابخانە.
جگەرەی ئەلیکترۆنی یان ڤەیپ یاخود ڤەیپینگ، شێوازێکی نوێی ئالودەبوونەو زیاتر لەپێنج ساڵە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بەهەزاران جۆری هەیە، بەپێی نەفەسەکەشی (پووڤز) نرخەکانی دەگۆڕێت. ئەم جگەرەیە لەناو گەنجاندا تادێت رووی لەزیادبوونە بەتایبەتی هەرزەکارو کچان و ژنان.
دوکاندارێک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بەهاوڵاتی راگەیاند، ڤەیپ یان نێرگەلەی کارەبایی خەزانی تامەکەی گەورەیەو دوکەڵێکی زۆر دەکات، پێویستی بەتامەو تامی ھەموو میوەکان ھەیەو نرخیان گرانە.
«دوای ڤەیپ ئێمە پۆدمان ھەیە، کۆیلەکەی بچووکترەو خەزانی تامەکانیان کەمترەو دوکەڵ کەمتر دەکات بۆ ھەڵگرتن ئاسانە، ئەویش بەھەمان شێوە تامی تایبەتیان ھەیە، ئەوەی ئێستا خەڵک بەکاریدەھێنێت لەھەرزەکارو کچ پێی دەڵێین ڤەیپی سەفەری (دیسپۆزەبڵ ڤەیپ) خۆی تامی تێدایە بەکاردەھێنرێت تەواوبوو فڕێ دەدرێت»، دوکاندارەکە وای وت کەپێنج ساڵە فرۆشیاری جۆرەکانی جگەرەیەو ماوەی سێ ساڵیشە جۆرەکانی ڤەیپ لەیەکێک لەقەزاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەفرۆشێت.
لەبارەی مەترسی و تەقینەوەی ڤەیپەکانەوە ناوبراو ئاشکرایکرد، تەقینەوەیان راست نییە، «جۆرێکی تریان ھەیە بەتەواوی خەریکە بازاڕ کۆنترۆڵ دەکات ھەر سەفەرییە، بەڵام بەشی خەزانی تامەکەی دەتوانی فڕێیبدەیت و یەکێکی تازەی بۆ بکڕی، تامی ڤەیپەکان لە نیکۆتین و تامی میوەکان تێکەڵ دەکرێت».
ئەو دوکاندارە سەبارەت بەنرخەکانیش روونیکردەوە، ئەوان لەبازاڕەکانی جگەرەکەی سلێمانی و هەولێرو دهۆک و بەغدا ئاسایی دەیکڕن و شاراوە نییە، ڤەیپە سەفەرییەکان نرخیان لەنێوان چوار بۆ ٢٠ ھەزارەو ڤەیپە گەورەکانیش نرخیان لەنێوان ٢٠ ھەزار بۆ ٢٠٠ دۆلاردایە.
ئەو نهێنییەک دەدرکێنێت کە چۆن جگەرەی بازرگانی دەتواندرێت بەفەرمی بهێندرێت و رایگەیاند، «ئەوەندەی ئاگاداربم هێنانی بۆ کۆمپانیاکان دەگەڕێتەوە کە کۆنترۆڵی ئەم سنورەیان کردووە، زیاتر کۆمپانیای نۆکانە، کاتێکیش تۆ بڕیار دەدەیت ئەو بازرگانیە بکەیت، ئەگەر کۆمپانیای نۆکان نەیھێنا دەبێت بەشێک لەپشکەکەت بدەی بەو کۆمپانیایە یان لەخێر دەبێت بەشێک بدەیت بەوان».
دوکاندارێکی دیکەو شارەزا لەبواری بازرگانیکردن بەجگەرەی ئەلیکترۆنی، هاوردەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کۆمپانیایە پشتڕاست کردەوەو بۆ هاوڵاتی ئاشکراکرد، جگەرەی ئەلکترۆنی ھاوردەی سەرەکی بۆ کۆمپانیای نۆکان دەگەڕێتەوە، بەڵام «ئەگەر کوالێتی و کۆنترۆڵی تایبەت ھەبێت ناھێڵن بێتە خوارەوە».
ئەو شارەزای بواری بازرگانییە دەڵێت، رۆژ بەڕۆژ بەکارھێنانی ڤەیپ روو لەزیادبوونە کچ زیاتر فێربوون وەک لەوەی کوڕ بیکێشێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە «گەنجی ئێستا ھەمووی راڕایەو مێشکی سەرقاڵەو شەو تاوەکو بەیانی ناخەوێت، لەهەندێکیانم پرسیوە بۆچی ئەم شتە دەکێشن! دەڵێن؛ وەڵا تاقەتمان نییە پێنج شەش کەسین تا بەیانی ناخەوین دەیکێشین».
ناوبراو لەبارەی تەمەنی بەکارهێنەرانی ڤەیپ لەلایەن کچانەوە دەڵێت، «ئەو کچانەی دێن تەمەنیان ٢٠ بۆ ٢٢ ساڵ بەرەو سەرە، دایک ھاتووە خاوەنی چوار منداڵە دەیکێشێت، یان مامۆستا ھاتووەتە لام وتوویەتی؛ ڤەیپم بەقوتابی پۆلی پێنجی سەرەتایی گرتووە».
بۆ دەستکەوتنی ئاماری فەرمی و وەرگرتنی باج لەسەر جگەرەی ئەلکترۆنی، ھاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی کرد بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی ھەرێمی کوردستان، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.
بەپێی ئەو داتاو زانیاریانەی کەهاوڵاتی لە بەدواداچوونەکانیدا دەستی کەوتووە، هاوردەکردنی جگەرەی ئەلکترۆنی لەمەرزەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخەوە بەکۆنتێنەری گەورە دێت و کێشیان لەهەشت تۆنەوە دەستپێدەکات بۆ ٢٧ تۆن کە ساڵانە ١٠ کۆنتێنەری لەو جۆرە دێنە هەرێمی کوردستانەوە.
سەبارەت بەقەدەغەکردنی جگەرەی ئەلکترۆنی لەهەرێم، سۆران عەبدولغەفور، چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکراکرد، «بەڵێ، نووسراو ھەیە قەدەغە بکرێت، بەڵام کۆنترۆڵکردنەکەی زۆر زەحمەتە بۆچی! ئەگەر ئەو قەدەغەکردنە گشتگیرنەبێت ئەوکاتە دەبێت بەشتێکی قاچاغ و تووشی ھەزاران دەردسەریمان دەکات کەبێتە ناوەوە».
چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، ھەموو کۆمپانیاکان لەشاری سلێمانی بەفەرمی ڤەیپ دەهێنن، چونکە بازرگانیەکی کراوەیە، ئەگەر بەفەرمی هاوردەنەکرێت و بەقاچاغ بێت، دەبێت دەست بەسەر ھەموویدا بگیرێت.
سۆران عەبدولغەفور لەبارەی رێگا قاچاغییەکانەوە دەڵێت، «لەسنوری عێراق و ئێران و تورکیاوە دێتە ناوەوە، ئاماری ڤەیپی سنورەکە لای ئێمە نیە، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان تەنیا جێبەجێکارە».
قایمقامیەتی سلێمانی، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلکترۆنی لەلایەن کچان و کوڕانی هەرزەکاری تەمەن خوار ١٨ ساڵی قەدەغەکردووەو هەرکەس بیفرۆشێت راستەوخۆ لێپێچینەوەی یاسایی لەبەرامبەر مارکێت و فرۆشگاکان و بازاڕی جگەرەکە دەگرنەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش لەمساڵدا ١٧ شوێنیان داخستووەو خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی یاسا کردووەتەوە.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بەدیاریدەکە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەچەندین کەیسیان ھەبووە، خوشک یاخود دایک یان باوک ڤەیپی بەکوڕە هەرزەکارەکەیان کڕیوە و دەڵێت، «ئەو حاڵەتەشمان راگرتووە».
رێکان جەمال باسی لەوە کرد کە مۆدێلەکان و ئەوانەی ڤاینەرن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلامی بۆ دەکەن و هانی گەنجان دەدەن ئەم جگەرەیە بکێشن.
«نزیکەی ھەشت بۆ نۆ خانمی مۆدێل بووە رێکلامیان بۆ کردووە، لەگەڵ گروپێک کە ڤیدیۆی کۆمیدی بڵاودەکەنەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنەکەی ناوی (أ، چ) لەڤیدیۆکانیاندا دەیانخستە ملیان و گەنجانیان ھاندەدا، کەسێکی دیکە بەناوی (د.چ) لەئیڤێنتێکدا بەنیازبوو بە فلێکس رێکلامیان بۆ بکات، دەستبەجێ بانگکراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە، ئەو گرێبەستەشی کە کردوویانە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەڵمانوەشاندووەتەوە»، رێکان جەمال وای وت.
ئەو جگەرە ئەلکترۆنیانەی لیژنەکانی قایمقامیەت دەستی بەسەرداگرتوون، جگەرەی چینی و مالیزی و ئەندەنوسی و کۆری و ئەوروپی بووە.
لەسەر پێکهاتەی جگەرەی ئەلکترۆنی، د.سوارە عەلی، پزیشکی پسپۆڕی وردی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆری خوێن و پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە ھەناوییەکان بەهاوڵاتی راگەیاند، جگەرەی ئەلکترۆنی لەشلەیەک پێکدێت، ئەم شلەیە ماددەی نیکۆتینی تێدایە لەگەڵ ماددەکانی ڤیجیتێر یان گلایکۆڵ یان پۆلی گلایکۆڵ تاوەکو تام ببەخشێت بەو کەسەی دەیکێشێت.
«کاتێک ئەو دوو ماددەیە لەگەڵ نیکۆتین و شلەکە تێکەڵاو دەبن دەبنە هەڵم، لەگەڵ ئەم پڕۆسەی بەھەڵمبوونە ماددەی دیکەی کیمیایی دروست دەبن کەھەندێکیان نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەکەن، چونکە ھەندێک ماددەی کانزایی قورسی وەکو ئاسن دروست دەبێت و دەبێتەھۆی دروستبوونی قەسەباتی سییەکان».
سەبارەت بەوەی لەگەنجان مەترسی زیاترە وەک لە بەتەمەنەکان، د.سوارە عەلی ئەوەی خستەڕوو، خوار تەمەن ٢٥ ساڵ بەکاریبهێنێت کاریگەری دەبێت لەسەر مێشک و تەرکیزی و وریاییان، «ڤەیپینگ جگەرەیەکی مەترسیدارەو ھیوادارم بەکارنەھێنرێت لەبەدیلی جگەرە ئاساییەکە، چونکە تاوەکو ئێستا ھەموو رێکخراوە تەندروستییە جیھانییەکان بەبەدیل دایاننەناوە».
ئەو پزیشکی هەناوییە هەندێکیان هەن کە لێیان نووسراوە (نۆ نیکۆتین) بەڵام «کاتێک پشکنینی بۆ دەکرێت تیایدایە، چونکە بازرگانیە و ناچێتە ژێر چاودێری کوالێتی کۆنترۆڵەوە، ھەربۆیە زۆر یاریی لەپێکھاتەکانیاندا دەکرێت».
لەبارەی کاریگەرییان لەسەر گەدە ناوبراو دەڵێت، ئەوکەسەی ھەڵیدەمژێت کاریگەریکی زۆر ناکاتەسەر، بەڵام «ئەگەر ڤەیپ کەسەکە دووچاری شێرپەنجە بکاتەوە ئەگەری تووشبونی بەشێرپەنجەی گەدەشی بۆ زیاد دەبێت، چونکە ئەو مادوە قورسانە دەبێتەھۆی تێکچوونی (دی.ئێن.ئەی) خانەکان».
بەگوێرەی زانستی پزیشکی ئالودەبوون، واتە مرۆڤ ت ڕادەیەکی زۆر پشت دەبەستێت بەو ماددەیە یان ئەو خووە. هەر کاتێک ئەو شتەی لێبڕا، یان کەمی کردەوە لە پڕێکدا، ئەوا تووشی کۆمەڵێک گرفتی دەروونی و میزاجی و جەستەیی دەکات.
د. فەهمی عەلی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان و ئالودەبوون لەسەر ئالودەبون بۆ هاوڵاتی وتی، ئەو كەسانەی توشبوی نەخۆشییەكانی ئالودەبوونن، تێکچوونیان دەبێت لەبیركردنەوە، ڕەفتارو كاركردنی جەستەییاندا، یان ژەهراویبوون.
لەسەر پاڵنەرو هۆکارەکانی ئالودەبوون پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت، «کێشەی دەروونی، کێشەی سەردەمی منداڵی، باری ئابوری، نەبونی یاسا و ڕێسایەکی تۆکمە بۆ ڕێگریکردن، بۆماوەیی، نەخۆشیی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، خۆکوشتن و نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە»، پاڵنەرن بۆ بەرکارهێنانیان.
لەبارەی چارەسەرکردنی ئالودەبووان د. فەهمی عەلی ئەوەی ئاشکراکرد، یەکەمین هەنگاو و کلیلی چارەسەر، بریتییە لەبڕیاردانی کەسەکە بۆ وازهێنان، «زۆر جار وا پێویست دەکات لەنەخۆشخانە داخڵ بکرێت و باری جەستەیی کەسەکە هەڵسەنگێندرێت، لەڕێگای کۆمەڵێک پشکنینی تاقیگەیی و تیشکی و هتد، تا بزانرێت ڕێژەی بەرکەوتنی زیانی جەستەیی بەهۆی ئەو مادەیەوە چەندە، بەمەش باشترین دەرمان و چارەسەر بۆ پاککردنەوەی جەستەی ئەو کەسە بەکاربهێنرێت».
لەسەر وازهێنانی لەجگەرەی ئەلکترۆنی، هێڤی ئەوەی ئاشکرا کرد کەبیری لەوە نەکردووەتەوە وازیلێبهێنێت «چونکە کاتێک لەماڵەوە کێشەیەکم دەبێت یان بێتاقەت دەبم دەیکێشم، زۆر ئاساییە لام کێشانی، چونکە ئالودەیبووم و بەبەردەوام نەیخۆم زۆر بێتاقەت دەبم، راستی پێموایە منداڵم بۆیە بیرم نەکردووەتەوە وازیلێبهێنم».