لاهور شێخ جەنگی قسەی لەسەر كۆنگرەی یەکێتی دەبێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیاریدا كۆنگرەی پێنجەم ئەنجامبدات، سەركردەیەكی ئەو حزبەش رایگەیاند كە ئەم كۆنگرەیە گۆڕانكاری گەورەی تێدا روودەدات. ئەندامێكیش لە باڵەكەی لاهوری شێخ جەنگی پێی وایە كەئەم كۆنگرەیە بۆ پاكتاوی نەیارانی ئێستای سەركردایەتی یەكێتییەو هەوڵێكە بۆ سفركردنەوەی رۆڵی لاهورییەكان لەناو یەكێتیدا. ئاشكراشی دەكات كە لاهوری شێخ جەنگی لەبارەی كۆنگرەوە قسەو هەڵوێستی دەبێت.

بڕیارە رۆژی 27ی مانگی ئەیلولی داهاتوو، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، ئەمەش دەبێتە یەكەمین بڕیاری یەكێتی بەدڕێژایی 48 ساڵی تەمەنی حزبەكە كە كۆنگرە پێش وادەی خۆی بەڕێوەببات. كە لەوەشدا گرفتە ناوخۆییەكان، بەپێی قۆناغەكانی خەباتی سیاسی ئەو حزبە رۆڵ و كاریگەری هەبووە لەدواخستن و ئەنجامنەدانی كۆنگرە لەكات و وادەی خۆیدا.

كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، پاش بەڕێكردنی قۆناغێك لەململانێ و گرفتی سیاسی ناوخۆیی لەناو حزبەكەدا، بەڕێوەدەچێت. كە بەڕای سەركردایەتی ئێستای ئەو حزبە ئەم كۆنگرەیە كێشەكان تێدەپەڕێنێت و یەكێتی دەگەیەنێتە قۆناغێكی گرنگ. ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند «سیستمی بەڕێوەبردنی یەكێتی بەشێوەیەكی گشتی دەگۆڕین، هەر لەژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی تا گۆڕینی سیستمی هاوسەرۆكی لەناو حزبدا».

بڕیارە لەكۆنگرەدا 600 ئەندام بەشداری بكات، كە ئەمەش بەراورد بەژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی رابردوو، بەڕادەی 400 ئەندام كەمبووەتەوە، هەروەها لەئێستادا بڕیاری ئەوە دراوە سیستمی هاوسەرۆكی كۆتایی پێبهێنرێت و ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتیش بۆ نیوە كەمبكرێتەوە، كە لەكۆنگرەی پێشوودا 121 كەس بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردران. ئارێز عەبدوڵڵا لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەوە وتی «پاش كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، یەكێتی بەقۆناغی راگوزەریدا تێدەپەڕی، بۆیە لەكۆنگرەی پێشوودا ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بەو رادەیە بوو، بەڵام ئێستا ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووەو پێویستە گۆڕانكاری بكرێت».

ئەگەرچی باڵی لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆكی لەكارلادراوی یەكێتی، تائێستا بەفەرمی هیچ قسەو هەڵوێستێكیان لەبارەی كۆنگرەوە رانەگەیاندووە، بەڵام شادمانی مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتی لەكارلادراوی ئەو حزبەو كەسی نزیكی لاهوری شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «ئێمە هیچ گرنگی بەكۆنگرە نادەین، ئەسڵەن نامانەوێت قسەشی لەسەر بكەین، بۆیە خۆمانی پێوە سەرقاڵ ناكەین».

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لاهوری شێخ جەنگی لەبارەی ئەو كۆنگرەیەوە نیگەرانە، چونكە پێی وایە كۆنگرەكە بۆ پاكتاوی تەواوەتی ئەندام و لایەنگران و كەسایەتییە نزیكەكانی ئەوە لەناو حزبدا، لەوبارەیەوە زانا عەبدولڕەحمان پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی و كەسی نزیك لە لاهوری شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «یەكێك لەئامانجەكانی ئەم كۆنگرەیە پاكتاوكردنی ئەندام و لایەنگران و كەسایەتییە نزیكەكانی كاك لاهور شێخ جەنگییە، ئەوان دەیانەوێت بەتەواوی رۆڵی لاهوری شێخ جەنگی لەناو یەكێتیدا سفر بكەنەوە، بۆیە بەڕاستی ئەمە كۆنگرە نییە، جۆرێكە لەكۆبوونەوەو شەرعەیەتدانە بەهاوسەرۆكی ئێستای یەكێتی وەكو سەرۆك و هێنانە پێشەوەی هەندێ كەس كە لەخۆیانەوە نزیكن، جگەلەوەش ترسێك هەبوو كە بۆ هەڵبژاردن گرفتێك دروستببێت چونكە تا ئێستاش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەو ئەوان دەیانەوێت بەو گۆڕانكارییانەوە داخڵی هەڵبژاردن ببن».

لاهوری شێخ جەنگی كە تائێستاش خۆی بەشوێنكەوتەی رێبازی مام جەلال دەزانێت و وەك هاوسەرۆكی یەكێتی مامەڵە دەكات، بڕیاری داوە بۆ كۆنگرەی یەكێتی قسەو هەڵوێستی هەبێت، لەوبارەیەوە زانا عەبدولڕەحمان بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە بەڕێز لاهوری شێخ جەنگی قسەو هەڵوێستی دەبێت، رەنگە پێش كۆنگرە یان پاش كۆنگرە قسەی خۆی بكات و لەوبارەوە راو بۆچوونی خۆی بۆ لایەنگرانی ئاشكرا بكات، چونكە ئەو خاوەن پێگەو كەسایەتییەو سەنگ و قورسایی خۆی هەیە».

بڕیاری ئەنجامدانی كۆنگرەی پێنجەم لەكاتێكدایە تائێستا هیچ هەڵبژاردنێك لەنێو ئۆرگان و مەڵبەندو كۆمیتەكاندا نەكراوەو دەرفەتیش بۆ دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە لەبەردەست نییە، بۆیە یەكێتی بڕیاریداوە بەشێوەیەكی جیاواز ئەندامانی كۆنگرە دیاری بكات، لەوبارەوە عەبدوڵڵا گۆران رۆژنامەنووس بەهاوڵاتی وت «بافڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی هەیە 100 ئەندام دیاریبكات، هەروەها 50 كەس لە ئەندامی مەكتەبەكان دیاریكراون و50 كەسیش لە راوێژكاری مەكتەبەكان دیاریكراون. جگەلەوەش 80 كەسیش لەڕێی قوباد تاڵەبانیەوە دیاریكراون لەناو تیمی حكومەت و پەرلەمان. لەناو هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیشدا 100 كەس بەخواستی سەرۆك دیاریكراون. ئەوەی دەمێنێتەوە 100 كەس بۆ ئەندامی كۆنگرە. ئەوانەش لەڕێی هەڵبژاردنی مەڵبەندو كۆمیتەكانەوە دەبێت».

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەكۆنگرەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت كە سەرۆكی یەكێتی سێ جێگری هەبێت. ئەمەش لەپێناو رازیكردنی كوتلەو باڵەكانی حزبەكە بەتایبەت باڵی كۆسرەت رەسول كە پشت ئەستوور بەپێگەی جەماوەری ناوبراو، هەمیشە خواستی خۆیان لەناو كۆنگرەكانی یەكێتیدا سەپاندووە، لەوبارەوە رۆژنامەنووس عەبدوڵا گۆران بەهاوڵاتی وت «لەكۆنگرەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت سێ كەس بۆ جێگری بافڵ تاڵەبانی دیاری بكرێت، ئەوانیش هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی و رەفعەت عەبدوڵڵاو شاڵاو كۆسرەت رەسول دەبن».

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تا ئێستا چوار كۆنگرەی ئەنجامداوە. یەكەمین كۆنگرە لەڕۆژی 27/1/1992 لەپاش 17 ساڵ لەدامەزراندنی حزبەكە، ئەنجامدراو جەلال تاڵەبانی وەك سكرتێری گشتی هەڵبژێردرا. كۆنگرەی دووەم لەڕۆژی 30/1/2001 ئەنجامدراو بەهەمان شێوە جەلال تاڵەبانی وەك سكرتێری گشتی حزبەكە هەڵبژێردرایەوە. پاش زیاتر لە نۆ ساڵ و

لەڕۆژی 1/5/2010 كۆنگرەی سێهەم ئەنجامدراو لەو كۆنگرەیەشدا بۆ سێهەمین جار لەسەریەك جەلال تاڵەبانی بەسكرتێر دیاریكرا. كۆتا كۆنگرەش لە رۆژی 21/12/2019 ئەنجامدراو لاهوری شێخ جەنگی دەنگی یەكەمی كۆنگرەی بەدەستهێناو بافڵ تاڵەبانی كوڕی سكرتێری پێشوو بەجیاوازییەكی زۆر دووەمین دەنگی كۆنگرەی كۆكردەوە. پاشترو لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا سیستمی هاوسەرۆكی پەسەندكراو هەریەكە لە لاهوری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بەهاوسەرۆكی یەكێتی دیاریكران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار