وەزارەتی دارایی هیچ میکانیزمێکی نییە چۆن کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی: بۆ نیوەكەی تری مووچە بڕیارمان نەداوە چی بکەین

یەک ساڵ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

حكومەتی ناوەندی بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ بەقەرز نیوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، بۆ نیوەكەی تریش هیچ داهاتێك لەبەردەست نییەو وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند كە پێویستیان بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە، شارەزایەكی ئابوریش پێی وایە كەهەموو ئەمانەی بەسەر مووچەخۆرانی هەرێمدا دێت كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمە.

پاش سەردانە بەردەوامەكانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداو ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆ دواجار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لەڕێی هەردوو بانكی رافیدەین و رەشید، بڕی 500 ملیار دینار بەقەرز بداتە هەرێم تا بەشێك لەمووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابەشبكرێت. ئەمەش دەكاتە نیوەی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ دابینكردنی مووچەی مانگێكی فەرمانبەران پێویستە كەدەكاتە بڕی 940 ملیار دینار.

لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم رایانگەیاند كە بەغداد بڕیاریداوە بۆ ماوەی سێ مانگ بەشێوەی قەرز بڕی 500 ملیار دینار رەوانەی حكومەتی هەرێم بكات كە بەپێی وتەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەو بڕە پارەیە بەو هاوكێشەیە هەژمارنەكراوە كە وەزارەتی دارایی عێراق بەپێی خەرجی فیعلی دیاریكردووە.

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی ناوەند لەڕۆژی 31ی ئابدا وەڵامی شاندی حكومەتی هەرێمی داوەتەوەو پێی راگەیاندون كە ئەو 500 ملیار دینارە تەنها بۆ سێ مانگەو پاشترو بەپێی میكانیزمێكی تر پارەی مووچە رەوانە دەكرێت، لەوبارەوە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەهاوڵاتی وت «ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد بۆ هەردوو مانگی تەمموزو ئاب ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێم بنێردرێت، بەڵام ئەوان پێیان راگەیاندین كە بۆ سێ مانگ و بەشێوەی قەرز بڕی 500 ملیار دەدەن، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ ژمارەی نێو خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2023 تاوەكو 2025».

شاندەكەی حكومەتی هەرێم بەڕوونی ئەوەیان خستەڕوو كە توانای دابینكردنی مووچەیان نییەو بۆ ئەوەش حكومەتی ناوەندیان تۆمەتبار كرد كە سیاسەتی برسیكردن بەرامبەر گەلی كورد بەكاردەهێنن، بەڵام گوڵاڵە سدیق شارەزای بواری ئابوری پێچەوانەی شاندەكەی هەرێم رای وایە كەمتەرخەمی لەحكومەتی هەرێمەوەیە، ناوبراو لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «ئەو بیانوەی حكەمەتی هەرێم زۆر ناڕەوایە، چونكە لەئێستادا حكومەتی عێراقی كە بڕیاریداوە بڕی 500 ملیار دینار رەوانە بكات، حكومەتی هەرێمیش بە داهاتی ناوخۆ كە بڕەكەی سێسەد ملیۆن دۆلارە، توانای ئەوەی هەیە مووچە دابین بكات. چونكە پێشتر كە نەوت لەدەستی حكومەتی هەرێمدا بوو، مانگانە بە بەهای سێسەد بۆ چوار سەد ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوت بۆ مووچە تەرخاندەكراو بەشەكەی تری مووچە لەڕێی داهاتی ناوخۆوە دابین دەكرا، بۆیە هیچ پاساوێك نییە بۆ حكومەتی هەرێم و ئێستاش وەك جاران نیە خەڵك ئاگاداری دۆخەكە نەبێت».

ئامادەبوونی ئامانج رەحیم لەكۆنفرانسی شاندەكەی حكومەتی هەرێم وەك نوێنەری یەكێتی، شانبەشانی ئەندامانی پارتی و گۆڕان، پرسیاری ئەوەی دروستكردووە كە هۆكارچییە یەكێتی لەم پرسەدا لەگەڵ پارتی هاوڕاو تەبایە، لەوبارەوە مەحمود یاسین كوردی رۆژنامەنووس بەهاوڵاتی وت «بوونی دكتۆر ئامانج لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەفەرمانی قوباد تاڵەبانی بووە، ئەمە مانای وایە كە یەكێتی و پارتی رێكەوتوون ئەم مانگەش هەموو داهاتی ناوخۆ ببەن بۆ خۆیان و ئەو 500 ملیار دینارەی بەغدا بە 15 رۆژ دابەش بكەن».

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێم بكرێت كە حكومەتی ناوەندی بڕیاریداوە وەك بەشێك لەمووچە دابینی بكات، بەڵام هیچ میكانیزمێك لەبەردەم وەزارەتی داراییدا نییە بۆ دابەشكردنی مووچەو تائێستا روون نییە چۆن و بەچ شێوەیەك نیوەكەی تری مووچە دابین دەكرێت، لەوبارەوە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت «تا ئێستا بڕیار نەدراوە بۆ نیوەكەی تری مووچە چی بكرێت، ئەوەی هەیە كە لەبەردەست حكومەتی هەرێمدایە ئەو بڕە پارەیە كە حكومەتی ناوەند بڕیاری رەوانەكردنی داوە، رەنگە لەكۆبوونەوەكانی داهاتوودا قسەو گفتوگۆی لەوبارەوە بكرێت و بۆ هەموانی روون بكەینەوە».

هونەر جەمال لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەوترێت لیستی مووچە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و وەزارەتی پەروەردە پێش وەزارەتی تەندروستی دەکەوێت، وتی کە هیچ زانیارییەکی لەو جۆرە بوونی نییەو گۆڕانکاری ناکرێت، لیستی مووچەش ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاودەکرێتەوە.

حكومەتی هەرێم كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا نەیتوانیوە حكومەتی ناوەندی رازی بكات تا ئەو ژمارانەی بۆ رەوانە بكات كە بەپێی یاسای بودجە جێگیركراون، بەڵام شاندەكەی حكومەت رایانگەیاند كە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەند ناچار بكەن بەپێی یاسای بودجە پارە بۆ هەرێم رەوانە بكات، لەوبارەوە ئامانج رەحیم وتی «ئێمە بەردەوام دەبین  لەهەوڵەكانمان بۆ ئەوەی ئەو ژمارانەی لەیاسای بودجەدا هاتوون بۆمان خەرجبكرێت، ئەو قەرزەش كە لەسەرمانە دەبێت لە شایستە داراییەكانی هەرێم پاكتاوبكرێت».

لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە، بەڵام تا ئێستا كاری جددی نەكراوە بۆ ئەوەی فشار لەسەر حكومەتی هەرێم بكرێت كەوەك سەرەتایی ترین ماف، مووچە دابین بكات. لەبارەی هۆكاری سستی داواكارییەكانی مووچە خۆران بۆ دابینكردنی مافەكانیان، گوڵاڵە سدیق وتی «بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارامە كە توانای راگرتنی شەقامی هەبێت، تائێستا نەتوانراوە فشار دروستبكرێت و ئەوەی هەیە تەنها دەنگی ناڕەزایی مووچەخۆرانە».

لەمانگی ئازاری رابردوو، حكومەتی ناوەندی بڕیاریدا ناردنی نەوتی هەرێم رابگرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی پابەندكرد بەڕەوانەكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بۆ بەغدا. بەمەرجی ئەوەی مانگانە حكومەتی ناوەندی بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بكات، بەڵام رێكەوتنەكان وەكخۆی جێبەجێنەكراو هەردوو حكومەت یەكتری بەجێبەجێنەكردنی خاڵەكانی رێكەوتننامەكەی نێوانیان تۆمەتبار دەكەن. بەتایبەتی حكومەتی هەرێم كەهەمیشە دووپاتی دەكاتەوە ئەوەی حكومەتی ناوەندی ئەنجامی دەدات جۆرێكە لەسیاسەتی برسیكردن و فشارهێنان بۆ سەر هەرێمی كوردستان تا رادەی هەڕەشەو دروستبوونی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار