پێش ناردنی ٥٠٠ ملیار دینارەکە پارتی ویستویەتی بایکۆتی حکومەتەکەی سودانی بکات
سودانی فشارەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەر بەغدا راگرت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی دوایین داواكارییەكانی بەغدادو دەرئەنجامی مامەڵەكردن بەیاسای بودجەی عێراق کۆدەبێتەوە، دواتر خشتەی مووچە بڵاودەكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەدوو سەرچاوەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەستیكەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ راگەیەندراوێكیان لەبارەی ئەو مامەڵە ناتەندروستەی حكومەتی سودانی دەبێت، لەناو راگەیەندراوەكەدا بەشێوەیەكی توند وەڵامی بەغداد دەدرێتەوە.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی بەهاوڵاتی وت:»بەغداد بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، نەك یاسای بودجە».
هەروەها فشارەكان لەسەر سودانی زۆر بووە لەبارەی چارەسەركردنی مووچەوە، سەرچاوەکان دەڵێن، یەكێك لەپێشنیازەكان كە لەناو پارتی تاوتوێكراوە، بایكۆتكردنی حكومەتەكەی سودانی بووە، تا چارەسەری دۆخەكە دەكات، بەڵام گرفتەكە ئەوەبووە كە یەكیتی لەگەڵ ئەو پیشنیازەدا نەبووە، بەڵكو داوای كردووە دانوستاندنەكان بەردەوام بن بەشێوەیەك كە هەرێم داتای راست و دروستی تەواو بداتە بەغداد، ئەوكات دەكرێت لەڕێگەی دادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق تۆماربكریت.
هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە سەرجەم ئیلتیزاماتەكانی جێبەجێ بكات، بەناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوو زائیدەن لە 50%ی داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەكان، بەڵام بەغداد ئیستا 102 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەحكومەتی هەرێم وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حکومەتی هەرێم رۆژانە 305 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت، لەو رێژەیە 102 هەزار بەرمیل دەداتە بەغداد، 203 هەزار بەرمیلەكەی دیكەی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیا بیانییەكانەوە بەنرخی 42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەیفرۆشێت كە نیوەی داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان و نیوەكەی دیكەی بۆ حزبەكانی دەسەڵات دەڕوات، بەشێوەیەك كە 185 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە نیوەی داهاتەكەی بۆ پارتی دەڕوات و 18 هەزار بەرمیلەكەی دیكەی نیوەی داهاتەكەی بۆ یەكێتی دەڕوات.
لەكاتێكدا داهاتی 203 هەزار بەرمیل ئەگەر بە 42 دۆلار بفرۆشرێت مانگانە 255 ملیۆن دۆلار دەكات، كە مانگانە 127 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ كۆمپانیاكان و نیوەكەی دیكەی بۆ ناچێتەوە وەزارەتی دارایی هەریم.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی وتیشی:» داهاتی نەوتی خاو كە دەدریتە پاڵاوگەكانی ناوخۆ نایەتەوە وەزارەتی دارایی هەرێم و ئاگاداری نییە». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە سودانی، دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە بۆ ناردنی 500 ملیار دینار بەقەرز، لەكاتێكدا دەبوو حكومەتەكەی سودانی رۆڵیان هەبوایە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ماددەو بڕگەكانی یاسای بودجە.
حكومەتی هەرێم لەئێستادا 500 ملیار دیناری بەغدادو 320 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی و 28 ملیار دیناری هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی لەبەردەستدایە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموز، بەڵام كورتهێنانی داراییان بۆ مووچە نزیكەی سەد ملیار دینارە بێجگە خەرجی حكومەت و كارەبا كەمانگانە نزیكەی 150 ملیار دینارە، كێشەكەش ئەوەیە كە لەپێدانی دوو مووچە دواكەوتووە، بەو پێیەی مووچەی مانگی تەمموز لەماوەی 11 رۆژدا دابەشدەكرێت.
حكومەتی هەرێم مانگانە پویستی بە 940 ملیار دینارە بۆ مووچەو مانگانە نزیكەی سەد ملیار دینار كورتهێنانی دەبێت.
هاوكات، بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەسەر پێشنیاری وەزیری پەروەردە، داواكراوە بەهۆی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە لەلیستی مووچەدا بكرێتە یەكەم وەزارەت و ئەمڕۆ لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەوەش دەدرێت، بۆ ئەوەی گرفت بۆ پرۆسەی خویندن لەهەرێمی كوردستان دروست نەبێت.
سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە، كەسەرۆكی حكومەت لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیاو فەرەنسا، هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە لەڕێگەی دیبلۆماسیەوە هەوڵەكانی خۆی چڕكردەوە لەپێناو جێبەجێكردنی یاسای بودجەو ناردنی شایستە داراییەكان، بێجگە لەوەی وەفدی هەرێم 19 جار سەردانی بەغدادیان كردووە.
هەروەها باسی لەوەشكرد، وەفدی هەرێم لەكۆتا سەردانیدا بۆ بەغداد، وەفدی بەغداد روونكردنەوەیان لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم كردووە، بەڵام باسی یاسای ئیدارەی داراییمان كردووە كە پشكی هەرێم ئەوە نییە كە لەیاساكەدا هاتووە، لەكاتیكدا دەبوو مانگانە زیاتر لەترلیۆنیك و 250 ملیار دینار رەوانەی هەریم بكرایە، بەڵام بەوەفدی هەرێمیان وتووە كە شایستەی دارایی هەرێم مانگانە 432 ملیار دینارە.
دەربارەی چارەسەری پرسی مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێم، ئەوەی روونكردەوە كە حكومەتی هەرێم چاوەڕێی چارەسەركردنی تەواو دەكات لەلایەن سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەگەر دەرئەنجامەكانی نەرێنی بێت ئەوا حكومەت ئەڵتەرناتیڤی دیكەی دەبێت، یەكێك لەوانە فشارە نێودەوڵەتییەكانە، ئەوی دیكەیان هەوڵدانی حكومەتە بۆ قەرزكردن، كۆتا چارەسەر كە نەتوانرێت هیچ هەنگاوێكی دیكە بگیرێتەبەر، داهاتی مانگانە چەند بێت لەسەر ئەو بنەمایە مووچە دابەشبكرێت، كە هیچ كات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نایەوێت بگاتە ئەو بڕیارە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داهاتی نانەوتی كە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی رایگەیاند، تەنها 320 ملیار دینارە، زیاترەو دەگاتە 390 ملیار دینار، بەڵام شاردنەوەی ئەو 70 ملیار دینارە پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە نییەو تەنها 320 ملیار دینار دەچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی.