تورکیا ئاگری ئاڵۆزیی دێرەزوور خۆش دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نزیکەی دوو هەفتەیە شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و شەڕکەرە ناوخۆییەکان، کەزۆرینەیان پێکهاتەی عەرەبن، دروستبووە ئەمەش دۆخی پاریزگای دێرەزووی تێکداوەو بووەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی ناسکی ناوچەیەکی ستراتیجی.

هەسەدە کەزۆرینە کوردەو لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت لەساڵی ٢٠١٩دا خەلافەتی داعشی لەسوریا رووخاند.

پارێزگای دێرەزور زۆرینەی عەرەبە، کە ناوچەیەکی پڕ لەسەرچاوەی سروشتییەو سنوری لەگەڵ عێراق هەیە، دابەشبووە بەسەر چەند یەکەیەکی کۆمەڵایەتی هۆزەکانداو بەشێکیان لەکاتی شەڕی داعشدا چوونە نێو ریزەکانی هەسەدە بۆ شەڕکردن دژی داعش.

 

کێ لەدێرەزوورە؟

کۆنترۆڵی دێرەزوور دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا کە لەڕۆژهەڵاتی دەریای فوراتەوە بەدەست هەسەدەوەیە، بەڵام هێزەکانی رژێمی سوریا هاوپەیمانە میلیشیاکانی بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەیان بەدەستەوەیە.

ناوچەی سنوری دێرەزوور بەسێکە لە رێگایەکی سەرەکی قاچاخ بۆ شەڕکەران، چەک و ماددە هۆشبەرەکان و کەلوپەلی تر.

هەسەدە کەکوردو عەرەب و ئەرمەنی و چەکداری تری لەنەژادەکانی تری تێدایە لەکاتی شەڕی داعشدا بەشێکی زۆری پارێزگای دێرەزوویان کۆنترۆڵکرد.

بەڕێوبەری خۆسەری کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە دەکات کە کەوتوونەتە باکورو باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەڕێی ئەنجومەنی سەربازی و مەدەنی ئەمەش بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە بێزاری عەرەبەکان و زۆرجاریش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی هۆزە عەرەبەکاندا دەکەن.

هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا، بنکەیان لەبەشی رۆژهەڵاتی روباری فوراتدا هەیە.

شانە نوستووەکانی داعش لەپارێزگاکەدا زۆرجار دژی هەسەدەو هیزەکانی رژێمی سوریا هێرش ئەنجامدەدەن، بەتایبەتی لەناوچە بیابانەکاندا.

 

چی بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ؟

لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، هەسەدە ئەحمەد ئەل خەبیلیان دەستگیرکرد کەناسراوە بە ئەبو خەولە کەسەرکردەی سەربازی ئەنجومەنی دێرەزوور بوو، کە ئەم ئەنجومەنە بەشێکە لەهەسەدە.

هەسەدە ئەبو خەولەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سوریا دروستکردووەو گومان دەکرێت کە ماددەی هۆشبەری بەقاچاخ بردبێت، ئەمە جگە لەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانی داعش.

ئەو چەکدارە توڕانەی دڵسۆزی ئەبو خەولە بوون، هێرشیان کردەسەر هەسەدە کە بووە هۆی شەڕو پێکدادان لەچەند گوندو شارۆچکەیەکی پارێزگاکە.

بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دۆخەکە کاتێک تەقییەوە کە هەندێک چەکداری رژێمی سوریا رووباری فوراتیان تێپەڕاند و بەشداریان لەشەڕەکە کرد.

زیاتر لە ١٧٠ کەس لەشەڕەکەدا تائێستا کوژراون کەزۆربەیان چەکدارانی نزیک ئەبو خەولەن.

پیش ئەوەی هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە رابگەیەنێت، هێزەکانی نزیک لە ئەبو خەولە چەندین شارۆچکەو گوندیان داگیرکرد، بەڵام دوای ناردنی هێز و راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بەناوی «توندوتۆڵکردنەوەی ئاسایش»، هەسەدە توانی چەندین شارۆچکەو گوند بگرێتەوە.

لەدوایین پێشهاتدا هەسەدە چوونە نێو شارۆچکەی زیبان لەرۆژهەڵاتی دێرەزوور، کە بەمەڵبەندی هێزە یاخییەکان دادەنرێت و ئەمە دوایین ناوچەیە کە بەدەستی ئەو هێزانەوە بێت.

رۆژی دووشەممە، 4ی ئەیلولی 2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، لەپۆستێکی تۆڕی ئێکس لەبارەی دۆخی دێرەزوور رایگەیاند، «سەقامگیریمان گەڕاندووەتەوەو ئاشتیی کۆمەڵایەتی پارێزراوە».

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی، هێشتا تورکیاو هێزە چەکدارەکانی هێرش دەکەنەسەر تەل تەمرو مەنبج بە مەبەستی «شکاندنی ویستی گەلەکەمان و دروستکردنی پشێوی».

 

ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان؟

هەسەدە رەتیدەکاتەوە کە ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان هەبێت و دەڵێت کە پێکدادانەکان لەگەڵ بەشێک لەشەڕکەرانی رژێمی سوریا و سوودمەندەکانی ئەبوخەولەن.

هەسەدە داوای لەدانیشتوانی ناوچەکان کردووە کە «پەلکێش نەکرێن بۆ ململانێ و شەڕ» بەهۆی ئەو دەنگۆیانەوە.

بەڵام میدیاکانی نزیک لەرژێمی سوریا شەڕەکەیان بەشەڕی هەسەدە دژی هۆزە عەرەبەکان ناوزەند کردووەو رۆژنامەی ئەلوەتەنی سەر بەحکومەتی سوریا باس لەوە دەکات کەشەڕکەرە یاخیبووەکان لە «هێزی هۆزە عەرەبەکانن».

بەهیچ شێوەیەک هیچ هێزێک نییە بەناوی هێزی هۆزە عەرەبەکان»، ئەمە وتەی عومەر ئەبو لەیلایە کە چالاکوانێکە و لەبەرپرسی میدیای دێرەزوور ٢٤-ە بۆ رۆژنامەی «نیو عەرەب» قسەی کردووە. عومەر ئەبو لەیلا دەڵێت هەندێ سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان لەگەڵ هەسەدە کاردەکەن و هەندێکی تریشیان هاوبەشی حکومەتی سوریان.

«ئەو بەرپرسانەی نزیکن لە ئەبو خەولە، بەتایبەتی ئەوانەی کەڵکیان لەقاچاغ وەرگرتووە، شەڕەکەیان دەستپێکرد»، ئەبو لەیلا وای وت.

ئەبو لەیلا دەشڵێت، «ئەوەی روودەدات دروستکردنی بێسەروبەرەییە لەلایەن چەند لایەنێکی ناوەکی و دەرەکییەوە، ئەگەر هەموو هۆزە عەرەبەکان رازیبوونایە لەسەر ئەوەی دژی هەسەدە بوەستنەوە، ئەوا ئێستا هەسەدە لەدێرەزوور نەدەما».

کێ قازانج دەکات؟

ئارۆن لەند، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شێنچری ئینتەرناشناڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، «گوند، خێزان، هۆز، بازرگانی، قاچاغیکردن هەموو ئەمانە هێندەی رەهەندی نەژادی کورد-عەرەب یان ململانێی سیاسی گرنگن».

لەند دەڵێن، بەڵام «ئەگەر شەڕ تەشەنە بکات و پەیوەندی کورد-عەرەب ژەهراوی ببێت، ئەوا لایەنی زۆر دەبێت کە بەتامەزرۆییەوە حەزدەکەن کە بیسەروبەرەییەکە زیاد بکەن».

لەیەکشەممەی رابردوودا شەڕ گەیشتە پارێزگای حەسەکە دوای ئەوەی هەندێک شەڕکەری ئەو ناوچانەی بەدەست تورکیاوەیە پاڵپشتی ئەوانەیان دەکرد کەدژی هەسەدەن لەدێرەزوور.

ماوەی ١٢ رۆژە هەسەدە رووبەڕووی ئەم چەکدارانە دژی ئەبو خەولە دەبێتەوەو لەو ماوەیە هێزەکانی تورکیا و سوریا تۆپبارانکردنی گوندەکانی نزیک شاری مەنبجیان زیادکردووە، کەشارێکە بەدەست هەسەدەوەیە، جگە لەوەی هەمان کاریش دەکەن لە تەلتەمەر و عەین عیسا.

ئەنجومەنی سەربازی تەلتەمەر کە سەر بەهەسەدەیە دەڵێت، تورکیا وادەریدەخات ئەوەی هەسەدە دەیکات دژی هۆزە عەرەبەکانە و شەڕی نیوان کوردو عەرەبە ئەمەش بۆ ئەوەی ئەم بیانووە وەک پاساوێک بەکاربهێنێت تا هێرش بکاتەسەر هەسەدە.

هاوکات لیندزی سنێڵ، رۆژنامەنوسی ئەمریکی کە بێلایەنە، ڤیدیۆیەکی پۆست کرد لە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و رایگەیاند کە حەیات تەحریر شام چووەتە نێو شاری عەزازەوە کە بەدەست تورکیاوەیەو بەرەو مەنبج دەچن بۆ شەڕکردن دژی هەسەدە.

لیندزی سنێڵ نوسیویشیەتی: هاوبەشی حەیات تەحریر شام، کە تورکیای ئەندامی ناتۆیە، رێکخەری ئەمەیە.

تەنها تورکیا نییە کە دەیەوێت هەسەدە لاواز بکات و دژی شەڕ بکات، بەڵکو روسیاو ئێرانیش ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و هەریەک بەجۆرێک کار لەسەر ئەوە دەکات. هەرچەندە هەرسێ وڵاتەکە جیاوازی و ناکۆکییان هەیە لەسوریادا بەڵام هەرسێکیان یەکگرتوون لەوەی کەدەیانەوێت واشنتن لەپارێزگای دێرەزووی دەوڵەمەند بەنەوت دەربکەن.

سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ رۆژنامەی ناشناڵی ئیماراتی کردووە دەڵێت، «روسیا دەیەوێت هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەباکوری سوریا بمێنێتەوە نەک ئەوەی تورکیا ببینێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی فراوانتر بکات لەسوریا.

ئەو سەرچاوەیە کە ناوی نەهاتووە باس لەوەش دەکات، «دێرەزوور لەوەدا جیاوازە کە ئەمریکا لەوێ لاوازە چونکە کورد لەوێ دانیشتوانێکی زۆری نییە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار