"خوێندنی ئەمساڵ دڵخۆشکەر نییە"؛ مامۆستایان هەڕەشەی بایکۆتکردن دەکەن
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ مامۆستایان هەڕەشەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن لەئەگەری ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلوولی بەیەکەم رۆژی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەستنیشانکردووە، هەروەها لەمساڵی خوێندندا رۆژانی هەینی و شەممە پشوو دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە شەش رۆژ لەمانگی ئەیلوول تێپەڕیووە بەڵام تائێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموزیان وەرنەگرتووە، بۆیە فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی لەئەگەری دواکەوتنی مووچەدا هەڕەشەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت:» بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات ئەمساڵی خوێندن دڵخۆشکەر نییە».
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشیوەیەکی گشتی بارودۆخێکی نەخوازراو هاتووەتە پێشەوە، ماوەی دوو مانگە مامۆستا مووچەی وەرنەگرتووەو چارەسەری کێشەکانیش تائێستا دیار نییە، بۆیە مامۆستایان دڵەڕاوکێیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەیە بەڵام هێستا زووە بڕیار لەسەر بایکۆت بدرێت.
وتیشی: بەبڕوای ئێمە ئەگەر بێت و بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات و دواکەوتنی مووچە بەردەوام بێت مامۆستایان خۆڕسکانە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، چونکە ئەوە مافێکی رەوای خۆیانە لەکاتێکدا کەدەزانن لەهەرێمی کوردستاندا داهاتێکی باش هەیەو بەرپرسان بارودۆخیان باشەو داهاتیان هەیەو سامانی ئەم وڵاتە خەڵکانێک دەیبەن کەهیچ خزمەتێکیش ناکەن، ئەمانە وایانکردووە کەهیچ کەس دڵخۆشنەبیت بەپەروەردەو مامۆستایەتی.
بەڵام ئێمە هانی کەس نادەین بۆ ئەم پڕۆسەیەو ئومێدەوارین کەحکومەت بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکات، لەهەمان کاتدا دانانی پشووی شەممان و کەمبوونەوەی بەشە وانەکانی بەشێک لەوانەبێژانی لەجیاتی گرێبەستکردن بۆیان خستووەتە بەر لادان و دەرکردن. عەتا ئەحمەد وای وت.
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان باسی لەوەشکرد کە ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات ئەمساڵی خوێندن دڵخۆشی نییە و ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکاری مامۆستایانەوە نەیەت مەترسی بۆ سەر پڕۆسەی خوێندن دروستدەبێت.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کەدەست رۆژنامەی هاوڵاتی کەوتووە لەسنووری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەزارو ٣٩٠ ناوەندی خوێندن هەن بەم شێوەیەی خوارەوە: ١٠٦ باخچەو هەزار قوتابخانەی بنەڕەتی و ٢١ دواناوەندی و ٢١٧ ئامادەیی و ٢٣ ناوەندی فێرکردنی خێراو ١٦ ناوەندی پیشەیی و دوو کۆمەڵگەو پێنج ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری.
ئەحمەد فازیل، کەپیشەی مامۆستایە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: مامۆستایان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەگەربێت و مووچە نەدرێت ئەوا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن چونکە مووچە مافێکی رەوای مامۆستیانەو بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیە.
وتیشی: چەندین مامۆستای وانەبێژ لادراوە بەهۆی ئەوەی کەڕۆژانی شەممە بووەتە پشوو و بەشە وانە کەمدەکات، ئەوەش بەنسبەت مامۆستایانی وانەبێژەوە شتێکی باش نییە چونکە مامۆستایانی وانەبێژ رەوشێکی ناخۆشیان هەیەو چەندین ساڵە خزمەت دەکەن و چاوەڕێی دامەزراندنن، بەڵام ئێستا بەسوپرایز لادەدرێن.
هەر بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ٣٧٩ هەزارو ٨٠٧ قوتابی لەناوەندەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانیدا دەخوێنن بەم شێوەیە: ١٦ هەزارو ٤٠٦ قوتابی باخچە، ٢٨٤ هەزارو ١٥٤ قوتابی بنەڕەتی، چوار هەزارو ٨٦٦ قوتابی دواناوەندی، ٦٨ هەزارو ٨٦٧ قوتابی ئامادەیی، ٩٥١ قوتابی فێرکردنی خێرا، سێ هەزارو ٦٣١ قوتابی پیشەیی، ٥٤٥ قوتابی کۆمەڵگەکان و ٣٨٧ قوتابی نەهێشتنی نەخوێندەواری.
هاوکات ژمارەی قوتابیانی پۆلی ١٢ لەسنووری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ٢٨ هەزارو ٧٣١ قوتابییە کە دەکاتە نزیکەی ١٠%ی هەموو قوتابیانی سنوری پەروەردەی سلێمانی بەم شێوەیە: ٢١ هەزار و ٩٦ قوتابی پۆلی دوانزەی زانستی، شەش هەزار و ١٨٧ قوتابی دوانزەی وێژەیی، هەزار و ٤٤٨ قوتابی پیشەیی.
بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە رۆژی ١٣ی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دەوام دەبێت و هەفتەی یەکەمیش تایبەت دەبێت بەئامادەکاری و رێنوێنی بۆ دەستپێکردنی خوێندن.
بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤ پێنج رۆژ لەهەفتەیەکدا وانە دەخوێندرێت و رۆژانی شەممە لەناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشوو.
هەروەها کۆی گشتی رۆژەکانی خوێندن لەوەرزی یەکەمدا ٨٣ رۆژە کە لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ دەستپێدەکات وتاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزەکەش لە٣-١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ئەنجامدەدرێت، پاش کۆتایهاتنی تاقیکردنەوەکان رۆژانی ١٦-٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ پشووی وەرزی یەکەم دەبێت.
سەبارەت بەوەرزی دووەمیش بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە وەرزی دووەمی خوێندن ٨١ رۆژە و لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ یەکەم رۆژی دەستپێکی وەرزی دووەم دەستپێدەکات و رۆژانی ١٤-٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی ئەنجامدەدرێن.
هەروەها ٣ی حوزەیران تا یەکی تەمموزی ٢٠٢٤ خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی (زانستی-وێژەیی-پیشەیی) ئەنجامدەدرێن.