نزیکەی دوو ساڵە ناڵەی ژنان بەر گوێی کابینەی نۆ ناکەوێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
ڤانە حەمە
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ٢١ مانگە هیچ ئامارێکی لەسەر ئەو توندوتیژیانە بڵاونەکردۆتەوە کە بەرامبەر ژنان دەکرێن، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانیش لەسەر ئەو پرسە داوادەکات راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ نەکرێت، چاودرێرانیش دەڵێن پاشەکشەی ئاشکرا لەپرسی ژندا دەبینرێت لەم کابینەیەداو «گومانیان» هەیە لەوەی حکومەت خۆی بێدەنگ کردووە.
میدیاکانی هەرێمی کوردستان پڕن لەو هەواڵانەی کەتاوان و توندوتیژیان تێدایە کە بەشێکیان پەیوەندیان بەژنانەوە هەیە، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەت ماوەی نزیکەی دوو ساڵە هیچ ئامێرێکی فەرمی ناخاتە بەردەست، ئەوەش لەکاتێکدایە لەپیشتردا هەموو مانگێک ئامارەکان بەشێوەیەکی فەرمی بڵاودەکرانەوە لەسەر ماڵپەڕی تایبەت بە بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاری توندوتیژیی دژی ژنان.
لەماوەکانی ردابردوودا خوێنەران چەندین هەواڵی تاساویان بەرچاوکەوتووە لەماڵپەڕو کەناڵەکانی راگەیاندن، هەندێک لەو هەواڵانە جەرگبڕن.
بۆ نموونە؛ هەواڵی کوشتنی ژنێک بە ١٧ فیشەک، هەواڵی کوشتنی ژنێکی تر بەچەقۆ، یەکێکی تر بەخنکاندن لەشوقەیەکدا، لەگەڵ جۆرەکانی تری کوشتن و ئازاردانی جەستەیی و دەرونی، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو کوشتنانە لەو ٢١ مانگەی رابردوودا لەلایەن حکومەتەوە تۆمارکرابن و بڵاویبکەنەوە.
لەوبارەیەوە هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بەڵام بەتوڕەییەوە وتی کەدەبێت «پێشوەخت» تەلەفون بۆ ئۆفیسەکەی بکرێت و داوای مۆڵەت بکرێت هەرەوەها وتی کەڕۆژنامەنوس نابێت راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ خۆی بکات لەسەر پرسەکانی ژنان.
تەنیا وتی رای «زۆرباشە» لەسەر کابینەی نۆیەم سەبارەت بەپرسەکانی ژنان، بەبێ ئەوەی هۆکاری نەبوونی ئامارەکانی توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان بەشێوەی فەرمی روونبکاتەوە.
خانزاد ئەحمەد رۆژانە ئەو هەواڵ و چالاکیانەی خۆی لەپەیجی فەیسبوکی ئەنجومەنی باڵای خانمان بڵاودەکاتەوە کەچۆن بۆ شاندە بیانەکانی رووندەکاتەوە کەپرسەکانی ژنان «پێشکەوتوون »لەهەرێمی کوردستان، بەڵام ریکخراوەکانی ژنان بەپێچەوانەوە پێیان وایە پاشەکشەی کردووە.
بەپێی یەکێک لەو هەواڵانەی کە لەپەیجی ئەنجومەنەکە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەتەوە، خانزاد ئهحمهد لهگەڵ شاندێكی باڵای كهنهدا کۆبووەتەوە، كهپێكهاتووە له ژمارهیهك پهرلهمانتار و سیاسهتمهدارو نوێنهری پارته سیاسییهكانی كهنهدا.
لەهەواڵەکەدا هاتووە کەوا باسیان «لەو پێشکەوتنانە» کردوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت بۆ ئافرەتانی رەخساندوویەتی.
بەڵام چاودێرانی مافەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم «کەمتەرخەمە» لەوەی کەتوندوتیژیی بەرامبەر ژنان کەمبکاتەوە بەوپێیەی نەیتوانیوە بازرگانیکردن بەچەکی بێمۆڵەت کۆنترۆڵ بکات کەئەو چەکانە هۆکارێکی دیاری کوشتنی ژنانن.
شەدە بەشیر، چالاکوانی بواری ژنان و راگەیاندکار، بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی لەلایەن حکومەتەوە بە «جێگەی گومان» ناوبرد، هەروەها وتی بەپێی بەدواداچوونی ئەوان ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەم کابینەیەدا روو لەبەرزبوونەوەیە.
شەدە بەشیر بەهاوڵاتی وت «بۆ ئێمە وەک چالاکوانی بواری ژنان پرسیارە کە بۆچی حکومەتی هەرێم ئامارەکان بڵاوناکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەساڵانی رابردووشدا کە حکومەت بڵاویان دەکردەوە رەخنەمان لەسەر ئەو ژمارەیەش هەبوو چونکە ئەگەر تەنها بەراوردێکی ئەو ئامارەت بکردایە لەگەڵ هەموو ئەو ژمارەیەی کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەواڵەکان دەمانبیست، ئەوا جیاوازیەکەی زۆر بوو».
وتیشی «حکومەت بۆیە ئامارەکان بڵاوناکاتەوە، چونکە حکومەت خۆی بەرپرسە لەوەی کەتاوەکو ئێستا دیاردەی بازرگانیکردن بەچەکی بێمۆڵەت هەیە، لەبەر کەمتەرخەمی خۆیەتی».
جگە لەوەی نزیکەی دوو ساڵە حکومەت هیچ ئامارێکی بڵاو نەکردووەتەوە، هەروەها لەڕابردووشدا زۆرجار بەرپرسانی دازمەزراوە فەرمیەکانی حکومەت دوو داتای جیاوازیان بڵاوکردووەتەوە بۆ میدیا ناوخۆییەکان و میدیا جیهانییەکان.
بەپێی دواین ئاماری حکومەت کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە لەماڵپەڕی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، تەنها «١٢» ژنکوشتن و خۆسوتاندن لەسەرجەم هەرێمی کوردستان تۆماکراون، بەڵام هەر بۆ هەمان ساڵ بەپێی لێدوانی هیوا کەریم جوامێر لەهەمان بەڕێوەبەرایەتی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کەئاژانسیکی جیهانیە تەنها « ٤٥ « ژن کوژراون.
لەم بارەیەشەوە ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، ئاگاداری لێدوانی ئەو بەڕێزە نیم و نازانم لەسەر چ بنەمایەکیش ئەو قسەیەی کردووە.
هاوڵاتی لەبارەی بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بەژنان و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنانەوە ئاری رەفیق وتی» ئەو ئامارانە لای ئێمە نەماون و لەلایەن ئێمەوە بڵاو ناکرێنەوە».
بەڵام بەپێی لێدوانی ئاڤان جاف، چالاکوانی بواری ژنان بۆ دەنگی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٢٢ دا ٤٤ ژن کوژراون، لەبەرامبەردا ئاژانسی هەواڵی ژن، کە تایبەتە بەکێشەکانی ژنان لەساڵی ٢٠٢٢دا ٢٩ ژن کوژراون کە پشکی شێر بەر هەولێرو دهۆک کەوتووە.
هاوکات لەبارەی کارەکانی کابینەی نۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و گۆڕانکاری لەبەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ئاری رەفیق وتیشی، بابەتی بەردەوامی حاڵەتەکانی توندوتیژی و تاوانەکان و تاوانی کوشتنیش لەپاڵیدا پەیوەندی بەکابینەیەک و کابینەکانی رابردوو نیە، بەڵکو پەیوەندی بەبارودۆخ و رەوشی کۆمەڵایەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەوە هەیە کە لەکوردستان هاتووەتە ئاراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە بابەتی کوشتنی ژنان لەهەموو ساڵەکان وەک یەک نیە، هەر ساڵێک بەجۆرێکە، گەر لە ٢0١٠ تاوەکو ساڵەکانی دواتر سەیری بکەیت، بەوجۆرە نیە کە بڵێی ساڵ بە ساڵ بەرزبووەتەوە.
ساڵی وا هەبووە ٥٠ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە، بەڵام ساڵی واش هەبووە ٣٣-٣٤ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە. ژمارەکان بەرزونزمی دەکەن، پێموایە هەڵەیەکی داتاییە کە بڵێی ساڵ بەساڵ زیادی کردووە، حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ساڵ بەساڵ زیاد ناکات، بەڵکو لەساڵێک بۆ ساڵێكی دیکە بەرزونزم دەبنەوەو جیاوازە.
لەبەرامبەریشدا شەدە بەشیر، چالاکوانی بواری ژنان و راگەیاندکار، لەبارەی بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتن لەم ماوەی ئەم دوو ساڵەدا وتی «خۆی لەخۆیدا جێگای گومانە بۆ ئێمەش وەک چالاکوانی بواری ژنان پرسیارە کە بۆچی حکومەتی هەرێم ئامارەکان بڵاوناکاتەوە ... بەڕای من وەک چالاکوانێک، ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئێمە کردوومانە ئامارەکە لە بەرزبوونەوەدایە.»