هاوڵاتیانی گەرمیان دەبێت ساڵێک چاوەڕێ بکەن بۆ هاتنەوەی پاسپۆرتەکانیان

بەهۆی کێشەی کەمیی پاسپۆرتی خامەوە هاوڵاتیانی سنورەکە گەشتیان بۆ ناکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

ماوەی نۆ مانگە کێشەی کەمی پاسپۆرتی خام بۆ تازەکردنەوەو دەرهێنانی پاسپۆرتی نوێ لەگەرمیان دروست بووە، ئەمەش کێشەو گرفتی بۆ هاووڵاتیانی سنورەکە دروستکردووە و بووەتە رێگر لەئەنجامدانی گەشت و ناتوانن لەکاتی خۆیدا ئەنجامی بدەن، هاووڵاتیان بەنیگەرانیەوە لەبابەتەکە دەڕوانن و حکومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن کەکارئاسانییان بۆ ناکات بەڵکو گرفت بۆ کارەکانیان دروست نەکات.

بەڕێوەبەری پاسۆرتی گەرمیانیش هۆکاری کەمی بڕی ناردنی پاسپۆرتی خام دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمی ناردنی پاسپۆرت لەلایەن پاسپۆرتی بەغدادەوەو بەهۆی ئەوەی دەیانەوێ سیستەمەکە بکەن بەئەلکترۆنی.

هەر هاووڵاتیەکی سنورەکە داواکاری ئەوە بکات کەڕێکاری ئەنجامدانی پاسپۆرتی بۆ بکرێت دەبێت نزیکەی ساڵێک چاوەڕێی ئەوە بکات کەکارەکەی بۆ تەواوبکرێت، تەنها بۆ حاڵەتی نەخۆشی کەڕاپۆرتی پزیشکی پێ بێت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بۆ خوێندن دەچنە دەرەوەی وڵات قبوڵیان بۆ هاتووەتەوە کارئاسانی دەکرێت زووتر پاسپۆرتی نوێی بۆ دەگەڕێتەوە.

مقەدەم ریاز محەمەد بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی، «هۆکاری ئەم گرفتە بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە بەڵام هۆکارە سەرەکیەکەی ئەوەیە کە لەلایەن پاسپۆرتی بەغدادەوە رێژەیەکی کەمی دەفتەری خامی پاسپۆرت بۆ تازەکردنەوەو دەرهێنانی پاسپۆرتی نوێ دێتە گەرمیانەوە، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کەپەیوەندی بەڕێژەی زۆری داواکاریەوە هەیە لەلایەن هاووڵاتیانەوە چونکە وەرزی هاوین داواکاری پاسپۆرت زۆر دەبێت بەحوکمی ئەوەی وەرزی پشووەو هۆکاری دیکەی ئەوەیە خەڵک دەیەوێت پاسپۆرتەکەی زووتر بگۆڕێت چونکە نرخی ئەم پاسپۆرتە ئێستا هەرزان ترە لەپاسپۆرتی ئەلکترۆنی هەربۆیە ئەو رێژەیەی دەنێردرێت بەشی داخوازی سنورەکە ناکات، بۆیە گرفتی بۆ دروستکردووین».

سیستەمی ئەلکترۆنی پاسپۆرت بووەتە هۆی ئەوەی کەکارەکانی هاووڵاتیان ماوەیەکی زۆر بخایەنێت لەکاتێکدا ئەو سیستەمە لەگەرمیان بەگەڕ نەکەوتووە.

مقەدەم ریاز محەمەد دەڵێت، « کەمی ناردنی پاسپۆرتی خام لەلایەن بەغدادەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە  کەدەیانەوێ سیستەمەکە بکرێت بەئەلکترۆنی ئەگەرچی هێشتا لەگەرمیان سیستەمەکە بەکار نەکەوتوەو دەستبەکاربوونی سیستەمەلە وادەکات ئەم لۆدە لەسەر ئێمە کەمبێتەوە بەڵام دیار نیە کەی دەستبەکاردەبێت «.

ئەوەش دەڵێت،» بۆ نموونە ئێمە لەمانگێکدا 500 پاسپۆرتمان بۆ دێت بەڵام لەڕۆژێکدا 500 کەس زیاتردێن بۆ داواکاری پاسپۆرت، بۆیە ناچارین تەنها پێویستیەکان جێبەجێ بکەین وەک کەسێک کە نەخۆش بێت و زۆر زەزور بێت یان کەسێک مۆڵەتی خوێندنی هەبێ لەدەرەوەی وڵات جگە لەو حاڵەتانە ناتوانین بۆ کەس پاسپۆرت دەربکەین هاووڵاتیانی دیکە دەبێت چاوەڕێ بن».

کاروان محەمەد کە هاووڵاتییەکی سنوری گەرمیانە دەڵێت بەهۆی مامەڵەی پاسپۆرتەوە گەشتی عومرەی بۆ نەکراوەو نەیتوانیوە لەکاتی خۆیدا ئەنجامی بدات.

کاروان محەمەد دەڵێت،» ماوەی نزیکەی هەشت مانگ دەبێت مامەڵەی پاسپۆرتمان کردووە بۆ تازەکردنەوەی، بەڵام هەتاوەکو ئێستاش بۆمان دەرنەچوە، کاتێک کە مامەڵەکەم دا بەناو من دەرفەتێکی عەمرەم بەهەدیە وەرگرتبو پێویست بوو لەماوەی دوو مانگدا سەفەرەکەم ئەنجامبدەم، بەڵام بەهۆی ئەوەی پاسپۆرتەکەم بۆ تازە نەکرایەوە بۆیە سەفەری عەمرەکەم ئەنجام نەداو ئەو دەرفەتەشم لەدەستدەرچوو کە بەهەدیە بۆم دەرچوبوو «.

ئەوەشی وت،» من پێم سەیرە تازەکردنەوەی پاسپۆرتێک ئەوندە کاتی بوێت یان بۆمان بکەن بەئەلکترۆنی بۆ ئەوەی زووتر کارەکانمان تەواو بکەین نەک بەم شێوازە بێت و هیچ کەسێک بۆ خۆشی نایەت پاسپۆرت دەربکات، بۆیە کاری گرنگی پێیەتی ناکرێت بۆ هەموو شتێک چاوەڕێی دەستی بەغدا بیت تاوەکو بەدڵی خۆی کەی بیەوێ پاسپۆرت بنێریت کەی نەبێت بڵێت نیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار فشاریان هەبێت و دەنگی هاووڵاتی بگەیەنن بەم شێوازە چۆن دەبێت».

هاووڵاتیانی گەرمیان بۆ مامەڵەی نەخۆشیش کیشەیان بۆ دروست دەبێت لەوەرگرتنی پاسپۆرت و ناتوانن وەک هاوەڵی نەخۆش بەشیوەیەکی خێرا پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.

سومەیە رەزا هاووڵاتی گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی،» من دایکم نەخۆش بوو پێویست بوو بیبەینە ئێران خۆم و برایەکم و دایکم داوای پاسپۆرتمان کرد کە بۆمان دەرچێت ئەوەی دایکم تەواو کرا، چونکە راپۆرتی پزیشکی هەبوو زۆر بەزەحمەت ئەوەی براکەمیان بۆ تەواوکرد منیش دەمویست لەگەڵ دایکم بم و ئاگام لێی بێت بەڵام ئەوەی من تەواو نەکرا».

ئەوەش دەڵێ،» پێمانیان وتووە لەبەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت تەنها دەتوانین هی دوو کەس تەواو بکەین، چونکە پاسپۆرتمان کەمە، ئێمە داوا دەکەین ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت و خەڵک بەئاسانتر بتوانێت کارەکانی بکات نەک ماوەی نزیکەی ساڵێ چاوەڕێ بکات «.

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات هەوڵیانداوە رێژەی دەفتەری پاسپۆرت زیاتر بکەن تاوەکو ئەو کێشەیە کەمێک چارەسەربکرێت.

سروە محەمەد ئەندام پەرلەمانی بەغداد بۆ هاوڵاتی وتی،» ئێمە بەدواداچوونمان کردووە بۆ ئەم گرفتە، لەبەغدادەوە ئەو رێژەیەی دێتە گەرمیانەوە زۆر کەمەو بەشی داواکاری هاووڵاتیانی سنورەکە ناکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو کۆمپانیایەی کە کاری دەرکردنی دەفتەری خامە ئێستا ناتوانێت ئەو رێژە دەفتەرە دەبکات، حکومەتی عێراق دەیەوێ بیکات بەئەلکترۆنی کە دەبی لە 2024  ئەو سیستەمە جێبەجێ بکرێت «.

ئەوەشی وت،»ئێمە هەوڵمانداوە کە بتوانین ئەو رێژەیەی دێتە گەرمیان زیاتر بکرێت و بتوانرێت حاڵەتی زەرورەکان کارەکانیان بەڕێ بکریت، بۆ ئەم مەبەستەش من قسەم لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری بەغدادا کردووەو هەوڵدەدەین ئەو گرفتە گەر چارەسەریش نەبێت کەمتر بێتەوە تاوەکو پاسپۆرتە ئەلکترۆنیەکە دەکەوێتە کار».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار