لەدهۆك 20 پردی پیادە مەترسیی رووخانیان لەسەرە
«كاتێك بەسەر پردەكە هاتوچۆ دەكەین دەترسین بكەوینە خوار»
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
ئەو 30 پردەی كە دەكەونە سەر رووباری هشكەڕوو لە سنوری پارێزگای دهۆک و بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتیان دروستكراون ، نزیكەی 20 یان مەترسی رووخانیان لەسەرە، چەند جارێك هاووڵاتیان داوای نۆژەنكردنەوەیان كردووە بەڵام بێسوودبووە.
ئاشتی جوبرائیل، خوێندنكاری قۆناغی ئامادەیییە ، ماڵیان نزیكی رووبارەكەیە بەهاوڵاتی وت، « چەند رۆژێكی تر دەرگای خوێندنگاكان دەكرێنەوە ، رۆژانە دوو جار بەسەر ئەو پردە هاتۆچوو دەكەین كەنزیكی ماڵمانە، ئەو پردانە هەموو شتێكن تەنها پرد نین، چونكە زۆر بەناڕێكوپێكی دروستكراون لەمەش خراپتر دەمێكە نۆژەن نەكراون».
ئاشتی جوبرائیل دەشڵێت «ساڵی 2022 كەسێك لەیەكێك لەپردەكان كەوتووەتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا، ئەمساڵ هیچ حاڵەتی مردن نەبووە ، بەڵام زیاد لە سێ كەس كەوتوونەتە ناو رووبارەكەو لەلایەن خەڵكەوە رزگاركراون، كێشەی سەرەكی ئەو پردانە زۆرینەی هیچ راگرێكیان نییە، بۆیە بەپێی تێپەڕبوونی كات و بوونی باران ئەملاو ئەولایان داڕووخاون ، مەترسی رووخانیان لەسەرە».
رووباری هشكەڕوو كەدرێژییەكەی 15 كێلومەترە، بەشی زۆری ئاوی باران و ئاوەڕۆی دانیشتووانی ناوشاری دهۆك پێیدا تێدەپەڕێت و دەچێتە دەرەوەی شار .
پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ چەمی هشكەڕوو بڕی 90 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا بەڵام ماوەی 10 ساڵە پرۆژەكە تەواونەكراوەو پارەكەشی دیار نەماوە، پرۆژەكە درا بەكۆمپانیایەك و لەسەردەمی تەمەر كۆچەر، پارێزگاری پێشووتری دهۆك جێبەجێكراوە، تەنیا لەسەدا 11ی تەواوكرا دوای ماوەیەك پرۆژەكە راگیرا. تائێستا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە.
بەڕۆژ بەرواری، ماڵەكەی تەنها 200 مەترێك لەڕووباری هشكەڕوو دوورە بەهاوڵاتی وت، «من لەناو خانوویەكی بەكرێدام كەزۆر نزیكە لەرووباری هشكەڕوو، رۆژانە بەلایەنی كەمی دوو بۆ سێ جار لەسەر ئەو پردانە هاتوچۆ دەكەین كە لەسەر رووبارەكە دروستكراون ، من باسی ئەوانە دەكەم كە لەدەوروبەری ئێمەن بەڕاستی مەترسی رووخانیان لەسەرە چەندینجار داوامانكردوە نۆژەنبكرێنەوە، بەڵام بێسوود بووە، لەوەرزی باران كاتێك ئاوێكی زۆری پێدا دەڕوات زۆر بەزەحمەت هاتوچۆی لەسەر دەكەین«.
بەرۆژ بەرواری دەشڵێت «جگە لەمەش پردەكان لەڕووی پانتاییەوە زۆر تەسكن ئەگەر پێنج بۆ شەش كەس هاتوچۆی لەسەر بكەن دەبێت ئەوانەی لەلەلای تری پردەكە چاوەڕێ بكەن تا ئەوان دەرباز بن ئینجا ئەوان بێن، خەڵك هەبووە كەوتوونەتە ناو رووبارەكە دڵنیام ئەگەر نۆژەن نەكرێنەوە رووداوی ناخۆشتر روودەدەن».
شارەوانی دهۆك بەشێك لەو پردانەی نۆژەنكردوەتەوە بەڵام پارەی تەواو لەبەردەست نیە هەموویان نۆژەن بكاتەوە، لەبەرنامەیاندایە هەموو پردەكان نۆژەن بكاتەوە، بەڵام چاوەرێی پارە دەكەن.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك بەهاوڵاتی وت، «بەشێك لەو پردانە شارەوانی دهۆك نۆژەنی كردووەتەوە، هەروەها لەچەند شوێنێكی سەر رووبارەكە دیواری پاڵپشتمان دروستكردوە بەدرێژایی زیاتر لە 500 مەتر، جگە لەمەش شارەوانی دهۆك هەموو ساڵێك پێش دەستپێكردنەوەی وەرزی سەرماو باران بارین رووباری هشكەڕوو پاكدەكاتەوە ئەمەش بۆ ئەوەی لەكاتی دروستبوونی لافاو زیان نەگاتە هاووڵاتیان».
ئیسماعیل مستەفا دەشڵێت، «بۆ نۆژەنكردنەوەی هەموو پردەكان پێویستی بەپارەیە هەركاتێك بودجەی پێویستمان بۆ دابینكرا ئەوا بەدڵنیایەوە ئەو پردانەی مەترسی رووخانیان لەسەرە نۆژەنی دەكەینەوە».
بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆك بەهاوڵاتی وت» لەوەرزی هاوین ئەو ئاوەی پێیدا دەڕوات كەمە بەڵام لەوەرزی زستان ئاستی ئاوەكە بەرز دەبێتەوە، بۆیە لەكاتی راگەیاندنی شەپۆلێكی باران بارین لەلایەن كەشناسیەوە ئێمە دەكەوینە حاڵەتی ئامادەباشی و تیمەكانمان بڵاوە دەبن بەتایبەت لەدەوروبەری رووباری هشكەڕوو، ئێمەش پاڵپشتی ئەوەدەكەین كەهەر پردێك مەترسی لەسەربێت نۆژەن بكرێتەوە باشترە پێش ئەوەی رووداوێكی نەخوازراو لێی رووبدات.