کەنەکە: کەسێکی نەناسراو هێرشی کردەسەر بارەگاکەمان لە هەولێر و ئەندامێکی شەهید کرد
یەک ساڵ لەمەوپێش
ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە هاوڵاتی راگەیاند، کەسێک چووەتەسەر بارەگاکەیان لە هەولێر و تەقەی لە ئەندامێکیان کردووە، بەوهۆیەشەوە ئەو ئەندامە گیانی لەدەستداوە.
ئەو ئەندامەی کەنەکە کە شەهیدکراوە ناوی "دەنیز جەودەت"ە و بەپێی وتەی سەرچاوەکە لە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر "ئەو کەسە تەقەی لە دەرگای بارەگاکە داوە و ئەویش دەرگاکەی کردووەتەوە و بە دەمانچە لە سەری داوە و رایکردووە، لە ئێستادا تەرمەکەی لە دادی پزیشکییە لەو هەولێر."
هاوکات وتیشی، "دەنیز جەودەت ئۆفیسی کەنەکەی بەڕێوە دەبرد لە شاری هەولێر کە مۆڵەتی فەرمی هەیە لە هەرێمی کوردستان."
کەنەکە دەڵێت روداوەکە هەوڵێکی تیرۆر بووە و لەبارەیەوە شکوروڵا حەمەدەمین، ئەندامی کەنەکە رایگەیاندووە، "لەکاتێکدا کە تەنیا هەڤاڵ دەنیز لە بارەگا بووە، کەسێکى نەناسراوو چووەتە ژوورەوەو لەلای دەرگای بارەگاکە هەڤاڵ دەنیزی تیرۆر کردوە و هەڵهاتووە، بۆیە ئەمە کردەوەیەکی تیرۆری بووە."