سبەینێ پارەكەی بەغدا دەگاتە هەرێم

سەرچاوەیەك لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم‌و بەغدا زانیاری بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

سەرچاوەیەك لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم و بەغدا ئەوە بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات كەبەغدا بەفشاری ئەمریكا پارەی بۆ هەرێم ناردووە، پەرلەمانتارێكیش دڵنیایی دەدات كە بۆ ئەمساڵ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بووە، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت پێویستە بۆ دوای سێ مانگەكە هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكاتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی  یەكشەممە 17-09-2023) بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار بەقەرز بداتە هەرێمی كوردستان بۆ سێ مانگ، بەكۆی گشتی دەكاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ هاوڵاتی هێشتا هیچ بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێم نەكراوە، بەڵام وەك ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێكرد لەچەندڕۆژی داهاتوودا ئەو پارەیەی بەغدا رەزامەندی لەسەر داوە دەگاتە هەرێم و دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.

سەرچاوەیەكی دیكە لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستكردەوەو وتی: «تا پێنجشەممە 700 ملیاری بەغدا دەگاتە هەرێمی كوردستان و لەهەفتەی داهاتوودا دەست بەدابەشكردنی مووچە بكرێت».

هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دڵنیانین لەوەی دوای سێ مانگی تر هەرێم و بەغدا رێكدەكەون یاخود نا، لەچارەنووسی موچەكانیشیان دڵنیانین بەڵام پەرلەمانتارێكی پارتی دڵنیایی دەدات.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ ئەم سێ مانگە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان زامن كراوە، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم لەگفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت تادوای ئەو سێ مانگە كێشەی مووچە دروست نەبێت».

وتیشی:»بەڵام دوای سێ مانگەكە خەرجی عێراق زۆرتردەبێت و بەوەش كێشەی بودجەی هەرێم سەدا سەد چارەسەر دەبێت بۆ ئەمساڵ، بۆ ساڵی داهاتووش بودجەی 2024 دێتەوە پەرلەمانی عێراق و هەر بڕگەیەك پێویستی بەدەستكاریكردن بێت لەپەرلەمانی دەستكاری دەكرێت».

وەك ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت:»هەرێم حساباتی داهاتی ناوخۆ و نەوتیشی رادەستی بەغدا كردووەو هیچ بیانوویەك نەماوە تا بەغدا بودجە جێبەجێ نەكات و پارە نەنێرێت».

بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێویستە هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی دیكەی داهات دیاری بكات بۆ دوای ئەو سێ مانگە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دیار نییە جارێ بۆ كۆتایی ساڵ چۆن مووچە دابەش دەكرێت، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا باس لەوەدەكات ئەو پارەیەی وەریدەگرێت، لەمانگی حەوتەوە دەست دەكات بەدابەشكردنی مووچە، واتە بۆ مانگەكانی حەوت و هەشت و نۆیە، كەواتە بۆ كۆتایی ساڵ پێویستە هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی دیكەی داهات دیاریبكات بۆ دابەشكردنی مووچە».

وتیشی:»ئەگەر هاتوو بودجەی حكومەتی فیدراڵی عێراق واتە بودجەی وەبەرهێنان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوكاتە لەگەڵ بودجەی بەكاربردن بڕەكەی زۆرتربێت و خەرجییەكان زۆرتربێت ئەمەش وادەكات بودجەی هەرێم لەو خەرجییە فعلیانە زیاتر بێت كەڕەنگە بگاتە ترلیۆنێك دیناری مانگانە بۆ شەش مانگی كۆتایی ئەمساڵ و هەرێمی كوردستان بتوانێت لەپشكی خۆی مووچە دابەش بكات، بەڵام جارێ دیارنییە هەتا كۆتایی ساڵ ئەوە دەردەكەوێت».

ناردنی پارەی مووچە بۆ سێ مانگ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە لەكاتێكدایە، رۆژی دووشەممە، 18-9-2023 یوسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەناوی ژمارەیەك پەرلەمانتاری ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە رایگەیاند: پێدانی دوو  ترلیۆن و 100 ملیار  دینار بەقەرز لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بەهەرێمی كوردستان، سەرپێچییەكی روونی یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بانكەكانە.

هاوكات نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری لەبارەی ناردنی پارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سێ مانگ دەڵێت: پێشوازی كورد لەڕێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد بۆ پێدانی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران، ئاماژەیە بۆ نزیكبوونەوەی وادەی هەناردەی نەوتی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە لەوادەیەكدا كەكۆتایی مانگی داهاتوو تێناپەڕێنێت.

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت:» هەرێم و بەغداد لەبارەی كێشەی موچەی فەرمانبەران گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەوەش وەرزێك لەقەیرانێكی گەورە كۆتایهات، كەسەركردایەتی كوردی خستە بەردەم ئاستەنگێكی مەترسیدار و ناچاری كرد هانا بۆ ئەمریكا بەرێت بۆ دەربازبوون لێی».

 وتیشی: قووڵی قەیرانەكە، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی والێكرد رووبكەنە بەغداد، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی مووچەو پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق، سەردانەكەش بەهاندانی ئەمریكا بووەو بەڵێنیداوە فشار لە سودانی بكات بۆ رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان, كە لەلێواری قەیرانێكی مەترسیداردایەو هەڕەشە لەقەوارەكە  دەكات».

وەك ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی:»ئەو سانكاری و تێگەیشتنەی سودانی پیشانیدا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران، ئاماژەن بۆ ئەوەی فشارەكانی ئەمریكا رۆڵی هەبووە لەو مەسەلەیەدا».

لەدوایین لێدوانیدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:» ئەمەی بۆمان دێت بەداخەوە تەمویلی مانگی 7و 8و 9و 10و 11و 12، نیە وەك ئەوەی ئێمە وەك حكومەتی هەرێم داوامانكردووە، بەڵكو ئەمە قەرزە، حكومەتی هەرێمیش ئازادە بۆ چ مانگێكی خەرجدەكات».

وتەكانی ئاوات شێخ جەناب لەكاتێكدایە، عەدنان فیحان، سەرۆكی كوتلەی سادقونی سەر بە (عەسائیی ئەهلی حەق) لەپەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیب، بەمەرجی ئەوە رازیبووە، لەسەر قەرزەكە، پارەكە بدرێت بەمووچەخۆران، پێویستە وردبینی لەداراییەكانی هەرێم بكرێت، لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی.

وتیشی: دوو مەرجمان داناوە بۆ هەرێم یەكەمیان: وردبینیكردن لەحساباتەكانی هەرێم، دووەمیان پارەكە بگاتە دەستی فەرمانبەران.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار