هاوڵاتی هۆكاری دواخستنی بانگهێشتكردنەكەی وەزیری دارایی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
بەچەند هۆكارێك، وادەی بانگهێشتكردنەكەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان دواخرا، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كەچاوەڕێی هەرێم دەكەن و لەماوەیەكی نزیكدا بانگهێشتكردنەكە بەڕێوەدەچێت. وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمیش رایگەیاند كە هەموو ئامادەكارییەكیان كردووەو چاوەڕێی بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمن، دڵنیاییشیدا بەموچەخۆران هیچ موچەیەك ون نابێت و بەپێی ئەو نەخشەیەی لەبەردەستیاندایە موچە دابەش دەكەن.
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە رابردوو دانیشتنی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیری دارایی هەرێم بەڕێوەبچێت. دەربارەی دواكەوتن و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و گفتوگۆ لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانەوە كە بەلای حكومەتی بەغدادەوە گرفت و كێشەی تێدایە. بەڵام بەچەند هۆكارێك دانیشتنەكە نەكراو بانگهێشتكردنەكە دواخرا بۆ كاتێكی نادیار.
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی هاوڵاتی، هۆكاری دواكەوتنەكە بۆ هەردوو لایەن دەگەڕێتەوە، واتە رێوشوێنەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆتایی نەهاتووەو لایەنی هەرێمیش چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی ئەنجومەنی وەزیران دەكات تا ئامادەی دانیشتنەكە بێت، لەوبارەوە مستەفا گەرعاوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «ئێمە وەك لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران چاوەڕێی رێوشوێنی ئامادەكارییەكان دەكەین بۆ میوانداری وەزیری دارایی هەرێم.» هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمیش بەهاوڵاتی وت «چاوەڕێی ئەوەین ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی بدات».
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە هۆكارێكی تری دواكەوتنی بانگهێشتكردنەكەی وەزیری دارایی هەرێم بۆ هەبوونی جیاوازی لەداتاو زانیارییەكان دەگەڕێتەوە لە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم، لەوبارەوە وتەبێژەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم بەهاوڵاتی وت «لانی كەم ئەوەی هەیە واقیعەكە وەك خۆی دەخەینەڕوو. داتاو زانیاری ئامادەكراوەو پێشتریش پێشكەش كراوەو رەنگە هەندێ جیاوازی هەبێت ئەوەش پەیوەندی بەو دابڕانەوە هەیە كە ماوەیەكی زۆرە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، جگەلەوەش لەساڵی 2021 ەوە بەردەوام دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێرە بوونی هەیەو وەك پێویست ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانن، بۆیە رەنگە لەو رووەوە گرفتێكی ئەوتۆ نەبێت».
سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد كە سەردانەكەی ئەمدواییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، هۆكار بووە بۆ دواخستنی وادەی بانگهێشتكردنەكەو سەرۆكی حكومەت لەگفتوگۆی لەگەڵ سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تری بەغدا، داوای كردووە رێكەوتن لەبارەی گرفت و كێشەكانەوە بكرێت و هەردوولا بەپێی لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەن، لەوبارەوە یوسف كیلابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی موچە بووە، رەنگە قسە لەسەر ئەوە كرابێت بەڵام ئێمە وەك لیژنەی دارایی لەچەندڕۆژی داهاتوودا بانگهێشتی وەزیرەكەی هەرێم دەكەین».
لەماوەی رابردوودا عەلی حەمەساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە كە هەڵەو كەموكوڕییەكی زۆر لەداتاو ژمارەكانی موچەخۆرانی هەرێمدا هەیەو ئەوەش بووەتە بەشێك لەكێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی ناردنی موچەو بودجەی پێویست بۆ هەرێم، بەڵام وتەبێژەكەی وەزارەتی دارایی دەڵێت «ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان كردووەو كێشەمان نییە، بەڵام ئیتر لەوانەیە لەكاتێكی تردا وادەی بانگهێشتكردنەكە بەڕێوەبچێت. پێدەچێت هۆكاری دواخستنەكە تەكنیكی بێت نەك بابەتی سیاسی یان رێكەوتن، یان بوونی هەڵە لەداتاكان، وەك روونە نزیكەی 10 ساڵە دابڕان لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، ئەوە وایكردووە هەندێ جیاوازی لەداتاكان دروست ببێت».
لەئێستادا هیچ وادەیەكی تر دیارینەكراوە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات و بەفەرمی مۆڵەت بەوەزیری دارایی دەدرێت بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكات تا بەدەم بانگهێشتەكەی لیژنەی داراییەوە بچێت، لەوبارەوە هونەر جەمال بەهاوڵاتی وت «ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان كردبوو بۆ رۆژی دوو شەممەی رابردوو، بەڵام وەك ئاشكرا دەبێت ئەو بڕیارانە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بدرێت و ئەوان ئاگادارمان بكەنەوە. چونكە وەزیر بەنوێنەرایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەچێتە بەغداو ئەوەش پێویستی بەئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی ئەنجومەنی وەزیران هەیە. بۆیە پێموایە لەكۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە قسە لەوبارەوە بكرێت».
بەشێكی گرنگی دانیشتنەكەی نێوان وەزیری دارایی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا، باسكردنە لەبارەی گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەوبارەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشی سەرەكی و گرنگی دانیشتنەكەمانەو پەرۆشیمان بۆ خەڵكی كوردستان ناچاری ئەوەی كردوین بەكاری خۆمان هەستین».
لەگەڵ دواخستنی ئەم بانگهێشتكردنەشداو بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچە، دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە رەنگە بەهۆی كەمی پارەكەی بەغداوە موچەی دوو مانگی فەرمانبەران بزر ببێت، بەڵام سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی بەفەرمانبەران داو لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «دەربارەی مووچە، ئێمە ئامادەكارییمان كردووە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی حەوت و مانگەكانی تریش دابەش دەكرێت. دڵنیاییش دەدەینە موچەخۆران كە هیچ موچەیەك ون نابێت و وەك خۆی دابەشدەكرێت».
سەرەڕای هەبوونی چەندان كێشەو گرفتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خراپی حوكمڕانی لەهەرێم، بەڵام بابەتی پێنەدان و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووەتە گرفت و كێشەی سەرەكی موچەخۆران و هاووڵاتیان، كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بازاڕو جموجۆڵی ئابووری لەهەرێمی كوردستان دروستكردووە.