یەكێتی كۆنگرەیەكی «سەخت» بەڕێدەکات

بەشێك لەئەندامانی سەركردایەتی و كادرانی ئەو حزبە رێگەیان پێنادرێت یاخود بەشداری كۆنگرە ناكەن

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ڕۆژی  27ی ئەیلولی 2023 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێنجەمین كۆنگرەی خۆی دەستپێكرد، ئەم كۆنگرەیە بۆ یەكێتی سەختە، چونكە دووساڵ بەسەر رووداوەكانی هەشتی تەمموز لەناوخۆی ئەو حزبە تێدەپەڕێت، كەتێیدا لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی دوورخرایەوەو بەشێك لەسەركردەكانی ئەو حزبەش كەنزیكبوون لێیەوە بەهەمانشێوە دوورخرانەوە، چاوەڕواندەكرێت ئەم كۆنگرەیە پەیكەری حزبەكە بگۆڕدرێت.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆنگرەی پێنجدا دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و پەیكەری سەركردایەتی حزبەكەش دەكرێت، بەجۆرێك سیستەمی هاوسەرۆكایەتی كە لەكۆنگرەی چوار جێگیركرابوو هەڵدەوەشێنرێتەوە، بەوەش بافڵ تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی هەڵدەبژێردرێتەوەو ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەب و بەشێك لەئۆرگانەكانی ئەو حزبەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

ئەوەی ئەمجارە بۆ كۆنگرەی یەكێتی جیاوازە، بەشێك لەسەركردەو كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی بەشدارییان پێناكرێت و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزبووەتەوە.

سەردار هەركی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كەیەكێكە لەدوورخراوەكان، بەهاوڵاتی وت:» ئەم كۆنگرەیە لەكاتێكدایە كەزەمینەی كۆنگرەكردن فەراهەم نییەو كاری لەپێشینەی دیكە هەیە. لەلایەك لەهەمووكات زیاتر دۆخی ناوخۆ پێویستی بەپرۆسەی ئاشتەوایی و تەبایی هەیە، لەلایەكی دیكە دوو هەڵبژاردنی گرنگ و چارەنووسسازمان لەبەردەمە، پێویست دەكات یەكێتیی خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنانە ئامادەبكات».

وتیشی:» كۆنگرەكردن لەم بارودۆخەو بەبێ بوونی زەمینەیەكی لەباری هێمنی و سەقامگیریی ناوخۆیی، زیان بەدەنگ و پێگەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە پێموایە ئەم كۆنگرەیە لەهەلومەرجێكدا دەكرێت كە زەمینە لەبار نییەو لەئەنجامدا زیان بەیەكێتی دەگەیەنێت، رەنگە ئەم كۆنگرەیە لەبری چارەسەركردن گرفتەكان قووڵتر بكاتەوە».

پەیامی ئەو سەركردایەتیەی یەكێتی لەكاتێكدایە،فێنك ئەحمەدو ژینۆ محەمەد كەهەردووكیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین، رایدەگەیەنن كەبەشداری كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ناكەن.

 فێنك ئەحمەد دەڵێت:» ئامادەنیم بەشداری كونگرەی پێنجی یەكێتی بكەم، ئەم كونگرەیە نەك كونگرەی رێكخستنەوەی  یەك وتاری و یەك كرداری نیە، بەڵكو كونگرەی وێرانكردنی یەكێتی یە هەر لەدوای هەشتی تەمموزەوە وتوومانە ئێمە نابین بە بەشێك لەبڕیاری وێرانكردنی یەكێتی».

هاوكات ژینۆ محەمەد دەڵێت:» لەهەشتی تەمموزەوە ئێمە بەهەستكردن بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر مێژوو و سەروەریەكانی یەكێتی و خوێنی شەهیدان و میللەتەكەمان بڕیارماندا كەشەرعیەت بەگرتنەدەستی دەسەڵات بەكودەتا نەدەین و نەچووینە ژێر باری هیچ هەڕەشەو هەوڵدانێك بۆ رازیكردنمان بەئیمتیازات، بۆیە جێگەی شانازیمانە كەئەوە ئێمەین بەشداریكردنمان لەسیاسەتی بەرەو هەڵدێربردنی یەكێتی ڕەتكردەوەو ئامادەنەبووین ببینە بەشێك لەو نەهامەتیانەی بەسەر یەكێتیەكان و میللەتەكەمان دا دەهێنرێت و هەر لەسەرەتاشەوە  دركمان بەوە كرد كەئەنجامەكانی هەشتی  تەمموزو سیاسەتی ناسیاسیانەی بەڕێوەبەرانی ئێستای یەكێتی بۆ  یەكێتی و گەلەكەشمان باش نابێت و هەر لەو پێناوەش بەردەوامبووین لەسەر هەڵوێستەكانمان».

هاوكات چەتۆ ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند:» بەحەسرەتێكی قووڵەوە بڕیارمدا وەكو ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كەمتمانەی هەردوو كۆنگرەی سێ و چوارم بەدەستهێنابوو، چیتر لەناو سەركردایەتییەكی بێ رۆڵ و لاوازو ناكاریگەر نەبم».

دەشڵێت،»بەشداری كۆنگرەی پێنجەمیش ناكەم، چونكە بەكۆنگرەیەكی پەلەپەل و بێزەمینەو بۆ هەڵكڕوزاندن و زاڵبوونی مەرامە ترسنۆكەكانی دەزانم، ئێستا یەكێتی لەحزبی هێزی بیرو بازوو داماڵراوە بۆ بازووی بێ بیر، بەنەفەسی بوغزو قینەو پاكتاوكردن بۆ راماڵینی رەمزو كەسە دەركەوتووەكان ملی هەڵدێری گرتووە».

لەلایەن خۆشیەوە ئاراز  شێخ جەنگی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لەدوای رووداوەكانی هەشتی تەمموز لەپۆستەكەی سڕكراوە، لەپەیامێكدا دەڵێت:» نەمدەویست هیچ بنووسم لەسەر ئەم وەزعەی كەیەكێتی تێدایە،كە من چەند هەفتەیەك پێش ئێستا رای خۆم وت كەبەشداری لەم مەهزەلەیە ناكەم كەناونراوە كۆنگرە، من حەزدەكەم بەو هەڤاڵانەو جەماوەری یەكێتی بڵێم كەئەمە بەشی كۆتایی فلیمەكەی هەشتی تەمموزە كە بەهاوكاری دامودەزگای ئیقلیمی و بەپاڵپشتی هەندێك كەس لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان كرا».

ئاراز شێخ جەنگی دەشڵێت:» شتێك نامێنێت بەناوی یەكێتیەكەی مامجەلال، حزبێكی نوێ لەمانە دروستدەكرێت كەهەردەم لەدژی مامجەلال كاریان كردووە، پێموایە ئێستا كۆمەڵێك كەس دەستیانگرتووە بەسەر یەكێتی و بەكاریدەهێنن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و خەڵكە تێكۆشەرو ماندووەكانیش پەراوێزدەخرێن».

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی نووسیوە:» بەداخەوە ئەمەی ئەم كارەش دەكات دوو كەس بەناوی كوڕانی مامجەلالەوە دەیكەن كەكۆمەڵێك خەڵكی هەلپەرستیان لەدەور كۆبووەتەوە، بۆیە داوا لەهەموو تێكۆشەرە بەئەمەكەكانی یەكێتی دەكەم كەخۆیان بەدوور بگرن لەم بارودۆخەو لەكۆتاییهێنان بەم حزبە كەزیاتر لە 20 هەزار شەهیدی لەپێناو دراوەو بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان دروستبووە».

پێشتریش مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتی لەپەیامێكدا رایگەیاند:» ئۆباڵی بەشدارینەكردنی من و هەڤاڵەكانی ترم لەكۆنگرەی پێنجی یەكێتی لەئەستۆی مەكتەبی سیاسی بەگشتی و هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی-یە بەتایبەتی، سێ هەفتە لەمەوپێش لەگەڵ هەڤاڵ بافڵ دانیشتم زیاد لەكاتژمێرو نیوێك گفتوگۆمان كرد، بەڵام گفتوگۆكانمان ئەنجامی نەبوو».

وتیشی:» ئەوان دەیانەوێت 21 بۆ 31 كەس بكەنە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵاو پەیڕەوی بۆ دانێن، بڕیاربوو، ناوی ئەوانەی دەكرێنە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا بنێرن لەگەڵ پەیڕەوەكەی، بەڵام تائێستا نەیانناردووە، لەكاتێكدا دوو رۆژی تر كۆنگرە دەبەسترێت».

مەلا بەختیار دەشڵێت:»هەڤاڵ بافڵ پێیوایە، دۆخی یەكێتی زۆر باشەو وڵاتانیش لەسیاسەتی یەكێتی رازین، تەنانەت وتی  سەردانی توركیاش دەكەم و چارەسەری كێشەكان دەكەم، بەڵام ئەنجامەكەیمان بەچاوی خۆمان بینی».

لەدرێژەی قسەكانیدا مەلا بەختیار دەشڵێت:» كۆنگرەكانی پێشوو شەش مانگ بۆ ساڵێك ئامادەكاری دەكرا، بەڵام ئێستا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوەو پەیڕەوی ناوخۆش پێشێلكراوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە پرۆسەی دیموكراسی جێبەجێنەكراوە، چونكە ئەوەی كراوە دەستنیشانكردن بووە، نەك دەنگدان».

جگە لەو ئەندام سەركردایەتی و بەرپرسانەی یەكێتی كەپەیامیان هەبووەو بەشداری كۆنگرە ناكەن، نزیكەی 15 ئەندامی دیكەی سەركردایەتی ئەو حزبەش كەهیچ پەیامێكیان نییە بەشداری كۆنگرە ناكەن، هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند كادیرێكی پێشكەوتووی یەكێتیەوە كرد لەمەڵبەندو مەكتەبە جیاوازەكان بەڵام بەشێكیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن هەرچەندە لەپاڵاوتن بۆ كۆنگرەش دەرنەچوون.

یەكێك لەو كەسانەی لەمەڵبەندی سلێمانی بۆ كۆنگرە دەرنەچووە، محەمەد باڵخییە، ئەو بەهاوڵاتی وت:»هیچ خروقات و دەستەگەرییەك لەهەڵبژاردنەكەی مەڵبەندی سلێمانیدا نەبووەو بەبێ كێشە بەڕێوەچووە، لەكۆی 54 كاندید 19 یان دەرچوون، پیرۆزباییان لێدەكەم گرنگ ئەوەیە كۆنگرە سەركەوتوو بێت».

لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كۆنگرە هاوڵاتی پەیوەندی بە ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە كرد، وەڵامی چەند پرسیارێكی هاوڵاتی دایەوە.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەهاوڵاتی وت:»یەكێتی ئێستا تۆكمەترەو بڕیاری سیاسی تێیدا بەیەكگرتوویی دەدرێت و داهاتووی سیاسی یەكێتی روونبووەتەوە، بۆیە ئەم كۆنگرەیە ئاسانتر بەڕێوەدەچێت، شێوەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەو دەزگاكانیش لەم كۆنگرەیە جیاواز دەبێت كەئەوەش مافێكی ئاسایی هەر حزبێكەو پەیڕەوی ناوخۆ داویەتی».

وتیشی:»ئێمە وا سەیری كۆنگرە دەكەین كە هەر بڕیارێك دەربكات شەرعیەتی هەیە، كۆنگرەش بۆ ئەو كەسانەیە كەبەشداری تێدادەكەن و رێوشوێنەكانی دیاریكراوە، سەركردایەتیەكانی پێشوو و ئێستا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و پێشمەرگەكانی حەفتاو هەشتاكان ئەو كەسانەشی كە بەدەنگدان لەهەڵبژاردنی كۆنفرانسەكانەوە هاتوون و ئەو 100 كەسەی كە لەدەسەڵاتی سەرۆكی یەكێتییە بانگیان بكات».

«دەسەڵاتی ئەو 100 كەسە كاتی خۆشی مام جەلال هەیبووە كە بەتەزكیە خەڵكێك هاتووەتە كۆنگرەوە، ئەو كەسەشی نایەتە كۆنگرە شتێكی ئاساییەو ئەم كۆنگرەیە بڕیار لەهەتاهەتایی هیچ حزبێك نادات و كۆنگرەی دیكەش دەبێت، ئەو بڕیارانەی لەم كۆنگرەیە دەدرێت بۆ كۆنگرەی داهاتووش دەخوات هیواداریشین بەزوویی كۆنگرەكانی دیكەش ئەنجامبدرێت، هەر كەسێكیش نایەت ئازادە چۆن باسی دەكات بەڵام ناتوانێت بڕیار لەسەر كۆنگرە بدات».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار