سەرچاوەیەكی نزیك لەلاهوری شێخ جەنگی: بەشێك لەسەركردە دێرینەكانی یەكێتی‌ و گۆڕان و کەسانی سەربەخۆ پەیوەندی بەلیستەكەمانەوە دەکەن

"لیستەكەمان لەدهۆكەوە تاخانەقین خەڵكی تێدایە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستەکە دەبێت"

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

لاهور شێخ جەنگی لەبارەی بەستنی پێنجەم كۆنگرەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ٢٦ی ٩ی ٢٠٢٣پەیامێكی بڵاوكردەوەو دروستكردنی لیستێكی نوێی لەدەرەوەی یەكێتی راگەیاند، سەرچاوەیەكی نزیك لەلاهوری شێخ جەنگی زانیاری گرنگ بۆ هاوڵاتی لەبارەی لیستەكە ئاشكرادەكات.

لەپەیامەكەی لاهور شێخ جەنگیدا هاتووە:»سەرانی ئێستای یەكێتی بڕیاریانداوە بەئەنجامدانی كۆنگرەیەكی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بەپێشلكردنی هەموو پرەنسیپ و رێكارە حزبییەكان، یەكێتیی بەرەو لێكترازانێكی گەورەو هەژانێكی ناوخۆیی بەرن كەهەرگیزاو هەرگیز لەمێژووی یەكێتیدا كۆنگرەیەكی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە، كە ‌‌حزبەكە بەرەو لەناوچوون و وێرانبوونی زیاتر بەرێت».

دەشڵێت:» ئێمە لەپرۆسەی سیاسی دانابڕێین و بەردەوام دەبین ، هەربۆیە لێرە بەدواوە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و درێژە بەكاری سیاسیی خۆمان دەدەین لەسەر بنەمای پرەنسیپە نەگۆڕەكانمان، دەمەوێت پێتان رابگەیەنم وەك یەكەم هەنگاومان بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی پارلەمانی كوردستان دەكەین و لیستێكی گەل پەسەند رادەگەیەنین كەخۆی دەبینێتەوە لەبەرەیەكی فراوانی رزگاریی نیشتمانیی بەبەشداریی سەرجەم دەنگە ئازاو دلێرو ناڕازییەكانی خەڵكی كوردستان لەناوەوەو دەرەوەی یەكێتی».

لاهوری شێخ جەنگی ئەوەشی خستووەتەڕوو:» بەداخێكی زۆرەوە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانیش لەوپەڕی خراپیدایەو گەنجەكانمان بەتەواوی نائومێدبوون لەوەی كەژیانێكی ئارام و شایستەو ئاسۆیەكی روونیان هەبێت لەم هەرێمەدا».

هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بەچەند سەركردەیەكی نزیك لەلاهوری شێخ جەنگییەوە كرد، هەرچەندە هیچ یەكێكیان بەفەرمی ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە زانیاری زیاتر بدەن، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لەلاهوری شێخ جەنگی زانیاری وردی بۆ هاوڵاتی ئاشكراكرد.

ئەو سەرچاوەیەی نزیك لەلاهوری شێخ جەنگی بۆ هاوڵاتی وتی:» تائێستاش خۆمان بەیەكێتی دادەنێین بەڵام كە كۆنگرە دەكرێت و چی بڕیارێك دەدات ئەوان ئازادن و ئێمەش ئازادین چۆن سیاسەت دەكەین، ئەو بەرەیەی كاك لاهور رایگەیاندووە فراوانە چونكە ناڕەزایەتیەكی زۆر هەیە لەهەرێمی كوردستان».

وتیشی:»ئێمە هەموو رێكارە یاساییەكان بۆ دروستكردنی لیست دەگرینەبەرو پێموانییە هیچ گرفتێك هەبێت چونكە حزبێكی سیاسی دروست دەكەین نەك چەكداری، هیچ لایەنێكیش بەئێمەی نەوتووە نابێت لیست دروست بكەن».

لەچەندڕۆژی ربردوودا چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی رایانگەیاند کەبەشداری کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکەن کەدیارترینیان مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بوو. چەند سەرکردەیەکی دێرینی تری حزبەکەش بەشداری کردنیان دیار نییە.

سەرچاوەکەی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کەبەشێک لەو سەرکردانە پەیوەندیان لەگەڵ لاهوری شێخ جەنگی دروستکردووە.

«ژمارەیەك سەركردایەتی و ئەنجومەنی باڵای یەكێتی بەشداری كۆنگرەی یەكێتی ناكەن و خەڵكی تریش هەیە لەدەرەوەی یەكێتی پەیوەندی بەم بەرەیەوە دەكات لەدهۆكەوە تا خانەقین خەڵكی تێدایە، داوامان لەكەس نەكردووە لەگەڵمان بێت بەڵام خەڵكێكی زۆر پەیوەندییان كردووەو ئەم لیستە هەموو لایەن و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش لەخۆدەگرێت»، سەرچاوەكەی نزیك لەلاهوری شێخ جەنگی وای وت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد:»ئێمە تەنیا كار لەسەر دەنگەكانی یەكێتی ناكەین دەمانەوێت خەڵكێكی زۆر لەدەوری ئەم لیستە كۆببێتەوە، بەڵام بەشێوەی ئەلكترۆنی دەنگدان بكرێت پێشهاتێكی خراپەو لایەنەكانیش ناڕەزاییەتیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی رێگری لەساختەكاری بكرێت لەهەڵبژاردن».

سەبارەت بەبەشداریكردنی چەند سەركردەیەكی ناڕازی لایەنەكانی دیكە، ئەو سەرچاوەیە وتی:»تائێستا بڕیار وایە لاهوری شێخ جەنگی سەرۆكی لیستەكە بێت و بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵ زۆر سەركردە لەئارادایە بەتایبەت عوسمانی حاجی مەحمود كە نزیكبوونەوەو بیروڕا گۆڕینەوە هەیە بۆ كاری پێكەوەیی، بەڵام هێشتا زۆر شت هەیە لەسەر لیستەكە یەكلایی نەبووەتەوە بەڵام بەرنامەیەكی سیاسی نوێمان دەبێت، چونكە ناكرێت ئەم دۆخەی هەرێم بەردەوام بێت و هەر رۆژەو بڕیارێك لەدژی هەرێم دەربچێت لەدادگای فیدراڵیەوە، ئێمە پێمان وایە هەرێمی كوردستان موڵكی یەكێتی و پارتی نییەو دەبێت لەم دۆخە رزگار بكرێت».

جوڵەی نوێی لاهوری شێخ جەنگی لەكاتێكدایە، دوای دووساڵ لەڕووداوەكانی هەشتی تەمموزی 2021 كەتیایدا لەهاوسەرۆكی یەكێتی دوورخرایەوە، بەناوی یەكێتییەوە پەیامی رادەگەیاندو كاری سیاسی دەكرد، بەڵام بەیەكلابوونەوەی دەستپێكردنی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی لە 27-9-2023 لاهوری شێخ جەنگی بەفەرمی جیابوونەوەی خۆی لەو حزبە راگەیاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار