ریفراندۆم... شكستی سیاسی‌ و دیپلۆماسی كورد لەسەدەی 21 دا

پاش شەش ساڵ، هێشتا لێكەوتەكانی ریفراندۆم بەسەر هەرێمی كوردستانەوە كۆتاییان نەهاتووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

هەرچەندە هەرێمی كوردستان لەدوای دروستبوونیەوە لەساڵی 1991 لەخراپترین دۆخیدایە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو ریفراندۆمەش كۆك نین كەپێكەوە بڕیاریانداو ئەنجامیاندا، دوای شەش ساڵ لەئەنجامدانی ریفراندۆم كەئەوكات بەناوی سەربەخۆییەوە ئەنجامدرا ئێستا هەرێمی كوردستان نەك هەر دەوڵەت نییە بەڵكو قەوارەكەشی لەمەترسیدایە، چاودێران و سیاسیەكانیش لەبارەی لێكەوتەكانی ریفراندۆم رای جیاوازیان هەیە.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەبڕیاردەری یەكەمی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017 دادەنرێت كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، لەشەشەمین ساڵیادی ئەنجامدانیدا لەپەیامێكدا  دەڵێت  «پیرۆزە، رۆژی سەركەوتنی ئیرادەی گەل».

شەش ساڵ لەمەوبەر ئەمریكا بەڵێنی بە مەسعود بارزانی دا ئەگەر ریفراندۆم نەكات، یارمەتی كورد بدات بۆ رێككەوتنێكی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات لەگەڵ بەغدا، هەروەها ماددەی 140 جێبەجێ بكرێتو كێشەی پێشمەرگەو كێشەكانی تری كورد لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات، بەڵام بارزانی سور بوو لەسەر سازدانی ریفراندۆم.

لەكاتێكدا یادی  شەش ساڵەی سازدانی ریفراندۆم دەكرێتەوە، شەش مانگی تەواوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەفشاری حكومەتی عێراق راگیراوە، بەوەش حكومەتی هەرێم رێژەی نزیكەی 80%ی داهاتەكانی خۆی لەدەستداوەو توانای دابینكردنی موچەی نییە، بەرپرسانی هەرێمیش چاویان لەئەمریكییەكانە نێوەندگیری بكەن بۆ دەربازكردنی موچەی فەرمانبەران لەناو كێشمەكێشە سیاسییەكان، لەكاتێكدا ئەو رۆژەش كەبڕیاری ریفراندۆم درا حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەرانی پێ دابین نەدەكرا.

نیسانی 2017 وردە وردە شەڕی «داعش» بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەچوو، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بەپاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لەحكومەت دەركردبوو، بەڵام رۆژی  7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی و چەند لایەنێکی ناڕازی، بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبوونەوە.

 لەم كۆبوونەوەیەدا بارزانی قسەی كردووەو وتوویەتی:» من دەزانم لەكوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسترێتەوە بەكێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بەهیچ كەسو لایەنێكەوە نییە، دەبوو گۆڕانو كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبوونەوەیەیان بكردایە، چونكە پرسێكی چارەنووسسازە، ئێستا دوو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاووڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیانو مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێت و دەڕوات».

هەرچەندە بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی مەسعود بارزانی لەكۆبوونەوەكەدا وتوویەتی كە «ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە». بەڵام بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دووپاتكردووەتەوە.

بەگشتی لەكۆبوونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون  یەكەم بەشداریكردنی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لەپڕۆسەكەدا، هاوكات سەرجەم بەشداربووان سەرەڕای تێبینیەكانیان بەشێوەی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدابووە رۆژی یەكی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی كەمیی كات ناچار بووە بەڕۆژی 25 ی ئەیلول رازی بێت كە رای نوێنەرانی یەكێتی و بەشێك لەلایەنەكانی دیكەش بووە.

 یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم  رۆژی 7/8/2017 بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بوو، ئەم كۆبوونەوەیە لەكۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان كەتێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بارزانیو نوێنەری لایەنەكان لەلیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچوونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لەبڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كرد، بارزانی هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وتوویەتی:» خۆتان دەزانن لەكۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من».

ریكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخات، بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلەرسندا كە لەزیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكاتو لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدادو ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە.

هەروەها تیلەرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنسا هەوڵدەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەدیلەكە قبوڵ نەكاتو سووربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت.

سەرئەنجام رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوریو سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە ئێران، توركیا و ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو یەكێتی ئەوروپا، ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو، دواتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم رایگەیاند زیاتر لە 92%ی بەشداربووان بە»بەڵێ» دەنگیانداوە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، هەرچەندە بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لەڕۆژی دەنگداندا چوونە پاڵ ریفراندۆمەكە.

بەیانی رۆژی 25ی 11ی 2017، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشەلەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركردو كاركردنی بەئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم ، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكردو بەوەش قایل بوو بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق و هەڵگرتنی ئابڵۆقە لەسەر دەروازە سنوریو فڕۆكەخانەكانی هەرێم.

لایەنە سیاسییەكان دوای شەش ساڵ لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم رای جیاوازیان هەیە

ئاری هەرسین، كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ریفراندۆمەوە بەهاوڵاتی وت:»ریفراندۆم هەڵوێستەی میللەتێك بوو بەرامبەر بەچارەنووسی خۆی، میللەتان لەكەسایەتی و حزبەكان گەورەترن، بۆیە ئەو بوختانانەی دەڵێن ریفراندۆم موبادەرەی تاكەكەسی سەرۆك بارزانییە درۆیەكی زەبەلاحە، ئەو كەسانەی پاش داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی پاشگەزبوونەوە كەسانی ترسنۆك و پۆپۆلیست و بەرژەوەندیخوازن».

سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەی ریفراندۆمەوە بەهاوڵاتی وت:» سەرباری ئاگادارکردنەوەی وڵاتانی زلهێزی دنیاو بەتایبەتی نامەی تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کەداوای لەسەرکردایەتی سیاسی کورد کردبوو دەرفەتێکی دیکە بدەن بەحکومەتی عێراقی بۆ ئەوەی بەیەکەوە مافەکانی گەلی کورد بسەلمێنن، ئەگەر هاتوو لەماوەی ساڵێکدا ئەو مافانە نەسەلمێنرا ئەوکاتە ئەمریکاش پشتگیری ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکات. ئەو ریفراندۆمەی کەگەلێک هێزو لایەن پشتگیریان کردو هەندێ لایەنیش پێیان باشبوو لەکاتێکی دیکەی گونجاودا ئەنجامبدرێ  بۆ ئەوەی نەبێتەهۆی لەدەستدانی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، دەتوانین بڵێین بەداخەوە ئەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبوو و بەڵکو بووەهۆی لەدەستدانی بەشێکی خاکی هەرێم».

وتیشی:» دیارە ئەوانەی ریفراندۆمیان کردو هانی ئەنجامدانی ریفراندۆمیاندا ئەنجامەکەشیان بەو شێوازەی کەهەیە تائێستا پێ قبوڵەو بەو شێوەیە دەیبینن کەئەمە هۆکارێک بووە رۆژێک لەڕۆژان بتوانرێ لەگەڵ وڵاتانی دەرو دراوسێ و وڵاتانی دنیا ئەم ریفراندۆمە ببێتە هۆکارێک بۆ داواکاری مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلەکەمان،  ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام نەدرایە ئەو وڵاتانەی بیانی و ئیقلیمی بیانوویان بەدەستەوە نەدەبوو کەهیچ کارێک بکەن و ئەو بیروباوەڕە شۆڤێنیانەی کەهەیانبووە لەڕابردوو جێبەجێی بکەن، لەوانەیە لەدەرفەتێکی دیکەدا بگەڕانایە بۆ ئەوەی ئەو مەرامەی هەیانە جێبەجێی بکەن لەبەرئەوەی لەعەقڵیەتی حوکمڕانی عێراقیدا هێشتا ئەوە نەهاتووەتە کایەوە کە لەوڵاتێکی فیدراڵدا بژین و باوەڕیان بەمەرکەزیەتێکی تەواو هەیە بەجۆرێک قبوڵکردنی فیدراڵیەت جارێ لەهزریاندا ماوە بچەسپێنرێت «.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی ریفراندۆمەوە بەهاوڵاتی وت:»لەڕیفراندۆم هەموو دنیا دژمان بوو، سەرجەم ئەو حزبانەش كە لەلیژنەی باڵای ریفراندۆم ئەندامیان هەبوو بەرپرسن لێی، بووەهۆی لەدەستدانی خەونی سەربەخۆیی كورد، كۆدەنگی جیهانی لەسەر كورد نەهێشت، لەناوخۆشدا رۆژ بەڕۆژ پایەكانی دەسەڵاتی كوردی دەڕووخێت، حكومەتیی هەرێم مووچەی بەپاڕانەوە لەبەغدا پێدەدرێت و دەتوانین بڵێین لەبەغدا شتێك نەماوە بەناوی فیدراڵی».

ئەبوبەكر هەڵەدنی وتیشی: «بەشێكی زۆری ئەم دۆخەی دروستبووە پەیوەندی بەگەندەڵییەوە هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە هۆكارەكەی لێكەوتەكانی ریفراندۆم، هەرێم لاساری كرد بەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جگە لەوەی كاتەكەشی خراپ بوو، جگە لەوەی ریفراندۆم شەرعیەتی جەماوەری نەبوو، شەرعیەتی سیاسیشی نەبوو، ئەوانەشی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبوونەوە رووگیر بوون ئەگینا لەگەڵ ریفراندۆم نەبوون».

«ئەگەر ریفراندۆم نەكرایە لانیكەم دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان هەر لەژێر دەسەڵاتی كورددا دەبوو، فشارەكان و دۆخی ئێستاش بەمشێوەیە نەدەبوو كە تەنها دوژمنەكانمان ئاواتیان بۆ خواستووە نەك كوردی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەر». ئەبوبەكر هەڵەدنی وادەڵێت.

ئێستا دوای شەش ساڵ لەئەنجامدانی ریفراندۆم، هەرێمی كوردستان دۆخەكەی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ پاراستنی قەوارەكەی نامەیەكی ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كردووە، هەرچەندە ئەمریكا بەفەرمی وەڵامی نامەكەی نەدایەوە، بەڵام  ناوبژیوانی كرد لەنێوان هەرێم و بەغدا تاكێشەی بودجە لەنێوانیان چارەسەر بكرێت و بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار