سەرچاوەیەکی سەربازی یەپەگە: هێرشە نوێیەکان لە دێرەزوور پەیوەندی بەعەشیرەتەكانەوە نییە و پیلانی هاوبەشی سوریا و توركیایە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشكرادەكات، ئەو شەڕەی لەدێرەزوور بەڕێوەدەچێت و بۆ دووەم جار سەریهەڵداوەتەوە هیچ پەیوەندییەكی بەعەشیرەتەكانەوە نییە، بەڵكو پیلانی هاوبەشی توركیاو سوریایە دژ بەڕۆژئاوای كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكەی.
هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند سەرجەم ئەو چەكدارانەیان وەدەرناوە كەچوونەتە شارۆچكەی زیبان لەپارێزگای مەیادین كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریادایە، ئەوەش لەكاتێكدایە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) قەدەغەی هاتوچۆی لەچەند ناوچەیەكی پارێزگای دێرەزوور راگەیاند دوای ئەوەی كە شەڕ لەنێوان هێزەكانی هەسەدەو هۆزە عەرەبەكان روویداوە كەتێیدا 22 كەس كوژراون.
ناوەندیی میدیایی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەكردووە هێزەكانیان لەئێوارەی رۆژی دووشەممەوە هێزێكی سوپای رژێمی سوریایان وەدەرناوە كە چوونەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەشارۆچكەی زیبان سەر بەشاری مەیادین، كەدەكەوێتە رۆژئاوای رووباری فوڕات، ئەویش دوای دوو كاتژمێر لەپێكدادانی سەربازی لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەو هێزەی سوپای سوریا كەهاووڵاتیانی مەدەنییان بۆ خۆحەشاردان و شەڕ بەكارهێناوەو چوونەتە ناو چەند ماڵ و مزگەوتێكەوە.
هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو: لەپێكدادانەكاندا 20 سەربازی سوریا كوژراون و 31 ی دیكەش برینداربوون، بەوتەی هێزەكانی سوریای دیموكرات رژێمی سوریا بۆ پشتیوانی ئەو چەكدارانە بەتۆپی دوورهاوێژ هێزەكانیانی بۆردوومان كردووە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لەكۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی ئەلزیبان.
لەلایەكی دیكەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لەپێكدادانی هەسەدەو هۆزە عەرەبەكان 64 قوربانی بوونی هەیەو 22 كەس كوژراون كە 18 كەسیان سەر بەهۆزە عەرەبەكانن و سێ كەسیان سەر بەهەسەدەن، ئەمە جگەلەوەی 42 كەسی مەدەنی، 26 چەكداری هۆزە عەرەبەكان و 12 ئەندامی هەسەدە برینداربوون.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەكانی سوریا، هەسەدە لەچەند شارۆچكەیەكی پارێزگای دێرەزوور، بەتایبەتی شارۆچكەی زیبان، قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندووە بەبێ ئەوەی وادەی كۆتایی هاتنی دیاری بكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژی دووشەممە شەڕ لەنێوان هەردوولا دەستیپێكردەوە دوای ئەوەی كەهەسەدە لەسەرەتای ئەم مانگەدا كۆتایی بەشەڕو پێكدادانەكان هێنا.
لەبارەی ئەو هێرشانەوە، سیامەند عەلی وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل بەهاوڵاتی وت:»رۆژی دووشەممە ژمارەیەك چەكداری نزیك لەڕژێمی سوریا لەڕۆژئاوای فوڕاتەوە دەربازی رۆژهەڵاتی فوڕات بوون و هێرشیان كردەسەر ژمارەیەك لەهێزەكانی ئێمە، لەئەنجامدا شەڕی قورس روویداو پاشان هێزەكانمان ئەو هێزانەیان گەمارۆداو گورزێكی كوشندەیان لێوەشاندن، بەهۆیەوە سێ هەڤاڵی ئێمە شەهیدبوون،بەدیاریكراویش شەڕەكە لەشارۆچكەی ئەلزیبان بوو، بەهۆیەوە قەدەغەی هاتوچۆ لەو ناوچەیە راگەیەندرا».
وتیشی:»ئێستا رەوشەكە ئارامەو شەڕڤانەكانی ئێمە دەستیان بەئۆپەراسیۆن كردووە لەو ناوچەیە لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین وردە وردە رەوشەكە ئارام دەبێتەوە و رێوشوێنەكان ئاسایی دەبنەوە، ئەو چەكدارانە بەناوی عەشیرەتەوە شەڕ دەكەن بەڵام لەڕاستیدا ئەوانە عەشیرەت نین و گرێدراوی رژێمی سوریان، لەكاتێكدا كوڕو كچی ئەو عەشیرەتانە بەشێكیان لەناو هێزەكانی سوریای دیموكراتدان، بەڵام بەشێكیان لەلایەن رژێمی سوریاوە بەكاردەهێنرێن».
وتەبێژی یەپەگە دەشڵێت:»هەر هێرشێك لەهەرێمی دێرەزوورو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریاوە دەكرێت بەپێی پیلانێكی مەترسیدارە لەلایەن توركیاو رژێمی سوریاوە، بەڵام هەم هەسەدەو هەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پیلانانە هۆشیارەو رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر».
بەپاساوی دەستگیركردنی فەرماندەیەكی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور بەناوی ئەبو خەولە لەسەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی لەلایەن هەسەدەوە، لەكۆتایی مانگی ئاب شەڕ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و هۆزە عەرەبەكان دروستبوو كەتێیدا چەكدارە عەرەبەكان بەهاوكاری سوپای سوریا چەند ناوچەیەكیان داگیركرد، بەڵام دواتر هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێكدا سەرجەم ناوچەكانی كۆنترۆڵكردەوە.