خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لەشەنگال بەبێ كتێب دەوام دەكەن
بەڕێوەبەرێك: 9 ساڵە كێشەی كەمیی كتێب لەشەنگال چارەسەرنەكراوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خوێندن خوێندكارانی سەنتەری قەزای شەنگال، رووبەڕووی كێشەی كەمیی كتێب دەبنەوە ، بەوتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك نۆ ساڵە ئەم كێشەیە چارەسەر نەكراوەو خوێندنكارانی 12ی ئامادەیی بەبێ كتێب دەچنە هوڵەكانی خوێندن .
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی كوردی لەناوەندی قەزای شەنگال باس لەكێشەكانی خوێندنی كوردی دەكات لەسنورەكە
كەمال حەسەن ، بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لەناوەندی شەنگال بەهاوڵاتی وت: كێشەی كەمیی كتێب هی ئەمساڵ نیە ، هەر لەدوای ئازادكردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش تاوەكو ئێستا بەیەكجاری چارەسەرنەكراوە ، وتیشی 225 خوێندكار لەئامادەیی سەركەوتن دەوام دەكەن تائەم ساتە خوێندكارانی 12ی ئامادەیی یەك كتێبیان وەرنەگرتووەو خوێندكارانی قوناغی 10 و 11ی ئامادەییش 85٪یان كتێبیان وەرگرتووە، ئەو كتێبانەش كەپێیان دراوە كۆنن.
« مامۆستایان پڕۆگرامی خوێندن زیاتر لەسەر تەختەی سپی ( سەبورە) دەنووسنەوەو خوێندكاران دەیخەنەسەر دەفتەرو بەشێكیشی بەكۆپیكراوی وەردەگرن ، بەرپرسانی پەروەردە بەڵێنیان داوە هەفتەی داهاتوو كتێبی نوێ رەوانەی شەنگال بكەن، ئەگەر بەدەستیشمان نەگات ئەوا هەر لەسەر شێوازەكەی خۆمان بەردەوام دەبین « بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لەناوەندی شەنگال وای وت.
دیار ماڵلا، خوێندكاری قۆناغی 12ی ئامادەییە لەشەنگال، تائێستا هیچ كتێبێكی وەرنەگرتووە، رۆژانە بەبێ كتێب دەوام دەكات.
ئەو خوێندكارە بەهاوڵاتی وت: دوو هەفتەیە دەوام دەكەین تائێستا یەك كتێبم وەرنەگرتووە، رۆژانە مامۆستاكان هەموو بابەتەكان لەسەر تەختەی سپی دەنووسنەوە ئێمەش بەشێكی لەسەر دەفتەرەكانی خۆمان دەنووسینەوە ئەوەی مایەوە لەدەرەوە كۆپی دەكەین، یان لەڕێگای یوتیوب لەماڵەوە دەخوێنین.
دیار وتیشی: نازانم بۆچی جیاوازی لەنێوان ئێمەو خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لەكەمپەكان و ناوچەكانی تر دەكرێت، ئەوان هەموو كتێبیان وەرگرتووە، ئەوە سەرەتایترین مافی ئێمەیە كە بەداخەوە تائێستا لێی بێبەش بووین، داوا لەبەرپرسان دەكەم بەزووترین كات كتێبمان بۆ بنێرن تا لەم كێشەیە رزگاربین .
لەسەنتەری قەزای شەنگال و دەوروبەری دوو پەروەردە هەیە، پەروەردەی عەرەبی لەگەڵ كوردی، ئەمساڵ ژمارەی خوێندكارانی بەشی كوردی 15 هەزار خوێندكارن كە لە 63 خوێندنگای بنەڕەتی و ئامادەیی دەخوێنن .
سەبارەت بەكێشەی قوتابخانە كوردییەكان، شەهاب ئەحمەد ، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی شەنگال بەهاوڵاتی وت: پێش 10 رۆژ بەفەرمی لەڕێگای ئیدارەی پارێزگای دهۆك نووسراوێكی فەرمیمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا كردووە تاهاوكارمان بن بۆ رەوانەكردنی كتێب، كێشەی سەرەكی بازگەكانی نێوان شەنگال و نەینەوایە تا ئەوان رازی نەبن ناتوانین كتێبەكان رەوانەی قەزاكە بكەین، هەموو ساڵێك ئەوە حاڵمانە.
شەهاب ئەحمەد، وتیشی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك ژمارەیەكی زۆر كتێبیان بۆ دابینكردووین و هەمووی ئامادەن، هەركاتێك بەرپرسانی بازگەكان رازی بوون ئێمەش كتێبەكان دەنێرین، بۆ ئێمەش ناخۆشە كەخوێندكارەكانمان بێ كتێبن، بەڵام ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونكە تائێستا نەگەڕاوینەتەوە بۆ سەنتەری شەنگال، ئەوەش بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشە ئیداری و سەربازییەكانی قەزاكە.