قاسم ئەعرەجی: حکومەتی هەرێم جددی بووە لەو پابەندییانەی لە رێککەوتنە ئەمنییەکەی ئێران-عێراق بۆی دیارییکراوە
.jpg)
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەسەر رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران رایگەیاند، عێراق هەموو بڕگەکانی نێو رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات و دەرئەنجامی رێککەوتنەکە لە ساڵی 1991ەوە بەدەست نەهاتووە، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان جددی بووە لەو پابەندییانەی لە رێککەوتنەکە بۆی دیارییکراوە."
دوێنێ یەکشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2023، شاندێکی حکومەتی عێراق و هەرێم بەرەو تاران بەرێککەوتن بۆ تەواوکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان بەغدا و تاران سەبارەت بە چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. لە شاندەکە هەریەکە لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم بوونیان هەیە.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە سەر کۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنی ئێران سەبارەت بە رێێککەوتنەکە رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا لە تاران قۆناغەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکە تاووتوێ کرا.
قاسم ئەعرەجی وتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان جددی بووە لەو پابەندییانەی رێککەوتنەکە بۆی دیاریکردووە" و "ئەو ناوچانەی کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لێبووە بەپێی رێککەوتنەکە چۆڵکراوەو لە چەکداماڵراون، هێزەکانی پاسەوانی حکومەتی فیدراڵی تێدا جێگیرکراوە."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسی لەوەش کرد، "ئەو دەرەنجامەی لەدوای رێککەوتنە ئەمنییەکەوە پێی گەیشتوین لە ساڵی 1991ەوە بەدەستمان نەهێناوە."

