كۆنگرەی پێنج، ماڵباتی مام جەلال دەكات بەخاوەنی یەكێتی

سەرچاوەیەك بۆ هاوڵاتی؛ ناوی كاندیدانی بەهێز بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاشكرادەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

 

كۆنگرەی پێنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەراورد بەكۆنگرەی چواری ئەو حزبە زۆر گۆڕانكاری تێدا كرا، جگە لەگۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی حزب، ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و بەشێك لەئۆرگانەكانیش كەمكرانەوە، سەرچاوەیەكیش بۆ هاوڵاتی ناوی كاندیدان بۆ مەكتەبی سیاسی ئاشكرادەكات.

 

كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 دەستیپێكرد

 لەیەكەم رۆژی كۆنگرەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی بەسەرۆكی حزبەكە هەڵبژێردرا، لەدوایین رۆژی كۆنگرەكەش، دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی حزب دراو بەپێی پەیڕەوەكەش 60 ئەندامی كۆنگرەكە وەكو ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی هەڵبژێردران.

لەم كۆنگرەیەی یەكێتیدا یەك لیستی سەركردایەتی هەبوو و دەنگیان لەسەردرا.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ئەو لیستە بەڕۆژنامەوانانی وت: «شتێكی ئاساییەو لەهەموو دنیا هەیە».

هاوكات دوای تەواوبوونی كۆنگرە، قوباد تاڵەبانی كەئەندامی سەركردایەتیی حزبەكەیە لەپەیامێكدا رایگەیاند: كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی سەركەوتوو بوو  و  یەكێتییە دڵسۆزەكان پەراوێز ناخرێن».

وتیشی: ئێستا هەمووان چاودێریی هەنگاوەكانی یەكێتی دوای كۆنگرەی پێنج دەكەن، بۆیە بەرپرسیارێتیی سەركردایەتیی نوێی یەكێتی لەهەموو كات قورسترەو دەبێت لەئاستی چاوەڕوانی خەڵكدا بن.

 

هاوڵاتی كاندیدانی بەهێز بۆ مەكتەبی سیاسی ئاشكرادەكات

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»10 كەس لەم ناوانە دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كاندیدی بەهێزن ئەوانیش ( رەفعەت عەبدوڵا ، ئاسۆ مامەند،  ستران عەبدوڵا، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، عیماد ئەحمەد، خەسرەو گوڵ محەمەد، جوان ئیحسان، قوباد تاڵەبانی، هاوڕێ دارۆی شێخ نوری، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەمین بابەشێخ).

سەرچاوەكە وتیشی:»ئەو كەسانە راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دیاری دەكرێن و دەبێت لەدوو هەفتەی داهاتووشدا كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی ئەنجامبدرێت».

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێشتا كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نەكراوە هەركات كۆبوونەوە بكرێت ئەوكاتە بڕیار لەسەر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەدرێت».

هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیەوە كرد، بەڵام رەتیانكردەوە لەوبارەیەوە لێدوان بدەن، هەرچەندە ئەو ناوانەیان رەتنەكردەوە كە سەرچاوەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد، وەك یەكێك لەسەركردایەتیەكانی یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بەهاوڵاتی وت:»كۆنگرە تەواو بووەو ئێمە هاتووینەتە ماڵەوە جارێ ئاگاداری هیچ شتێك نین».

 

رێژەی بەشداری ژنان لەم كۆنگرەیەدا زیادكرا

لەبارەی رێژەی ژنان لەكۆنگرەی پێنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە لەكۆی ٦٠ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی، تەنها نۆ ژن هەڵبژێردراون، كەدەكاتە ١٥٪ی ئەنجوومەن، لەكاتێكدا بەپێی رێژەی كۆتای ٢٥٪ ە، تەلار لەتیف ئەندام و وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی بەهاوڵاتی وت:» لەكۆی هەرسێ ئەنجومەنەكە نابێت رێژەی ژنان لە 25٪ كەمتر بێت بەڵام بۆ هەر ئەنجومەنێك مەرج نییە رێك 25٪ بێت، چونكە رێژەكە لەكۆی گشتی هەرسێ ئەنجومەن دیاریكراوەو بەدڵنیایی دوای هەڵبژاردنی دوو ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكان و ئەنجومەنی پشتیوانی رێژەی ژنان لەهەرسێ ئەنجومەنەكە ئەگەر لە 25٪ زیاتر نەبێت كەمتر نابێت».

 

لەكۆنگرەی ئەمجارە ژمارەیەك لەسەركردە دێرینەكان دەرنەچوون و ژمارەیەك دەموچاوی نوێش دەركەوتن

هەروەها بەشێك لەو سەركردەو بەرپرسە دیارانەی یەكێتی لەكۆنگرەدا بەشداربوون بەڵام ناویان لەلیستی سەركردایەتیدا نەبوو، هەریەك لە (قادر عەزیز، رزگار عەلی، فەرید ئەسەسەرد، مستەفا چاوڕەش، جوتیار نوری، بێستون سابوراوایی، سیروان كوێخا نەجم، حەمەی حەمەسەعید، ئاوات محەمەدو رابەر سەید ئیبراهیم) هاوڵاتی پەیوەندی بەبەشێكیانەوە كرد بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە قسە بكەن.

هاوكات، هەریەك لەم ناوانە  یەكەمجارە دەبنە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ئەوانیش ( سالار مەحمود، عەباس فەتاح ، جەلال شێخ كەریم ، سەركەوت حەسەن ، لوقمان وەردی ، زیاد جەبار، شێخ جەمال تاڵەبانی، وەهاب هەڵەبجەیی، هاوڕی دارۆ شێخ نوری، رێباز بێركۆتی، یوسف گۆران)ن.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بوو، لەچوار كۆنگرەی رابردوودا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرابوو، لەبارەی نەبوونەوەی بەئەندامی سەركردایەتی  رایگەیاند:»هەڵنەبژاردنەوەم بەئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئارەزوومەندانە بووەو من خۆم بڕیارمداوە خۆم كاندید نەكەم، چونكە ئێستا من بەرپرسی یەكەكانی 70ی پێشمەرگەم».

وتیشی: «من یەكێتیم و یەكێتیش دەمێنمەوە، دوای ماوەیەكی دیكە پۆستێكی باڵاتر لەئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی وەردەگرم».

بافڵ تاڵەبانی لەدوای كۆنگرە لەپەیامێكدا رایگەیاند: لەئەمڕۆوە هەموومان بە رۆحێكی یەكێتییانەوە، بەسوودوەرگرتن لەئەزموونی چەندساڵەی تێكۆشەرە دێرینەكانمان، بەوزەی گەنجە داهێنەرو خوێنگەرمەكانمانەوە كەگەورەترین سەرمایەی نیشتمانین و داهاتووی وڵاتەكەمانن، بەشارەزایی و ئەزموونی ژنە لێهاتووەكانمانەوە، قۆناغێكی نوێی كاری حزبی و رێكخراویی دەستپێدەكەین و بەنوێگەری لەكارو كۆدەنگی لەبڕیارەكانماندا، یەكێتی بەهێزتر دەكەین و لەپێناو خزمەتی خاك و خەڵكەكەمان تێدەكۆشین.

 

جیاوازی كۆنگرەی چوارو پێنجی یەكێتی چی بوو؟

لەكۆنگرەی چواری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ یەكەمجار 121 ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتیش دامەزرا، جگە لەوەی سیستەمی سەرۆكایەتی یەكێتی گۆڕدرا بۆ هاوسەرۆك، بەڵام لەكۆنگرەی پێنجی یەكێتی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ نیوە كەمكرایەوەو لەبری ئەوە دوو ئەنجومەنی تر بۆ یەكێتی زیادكران و پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەش گۆڕدراو سیستەمی سەرۆكایەتی بەبێ جێگر بووە جێگرەوەی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی.

ئەوەی لەكۆنگرەی چوار جیاوازبوو لەكۆنگرەی پێنجی یەكێتی ژمارەی ئەندامیەتی كۆنگرەبوو، لەكۆنگرەی چوار زیاتر لەهەزار ئەندام بەشدارییان كرد، بەڵام لەكۆنگرەی پێنج كەمبووەوە بۆ 600 كەس، هەروەها رێگەش بە ئەو سەركردایەتیانەی یەكێتی و خودی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی نەدرا بەشداری كۆنگرە بكەن، رۆژێك پێش كۆنگرەكەش لاهور شێخ جەنگی لەپەیامێكدا جیابوونەوەی خۆی لەیەكێتی راگەیاندو ئاماژەی بەوەشدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی دەبێت كەبڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

 

دەسەڵاتەكانی سەرۆكی یەكێتی لەدەسەڵاتەكانی سەردەمی مام جەلال زیاترن

لەیەكەم رۆژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرا، واتا لە رۆژی 27ی تەمموزەوە یەكێتی كۆتاییهێنا بەسیستەمی هاوسەرۆكی و ناوی هاوسەرۆكی و تەنانەت ناوی سكرتێری گشتی یەكێتیش، كە جەلال تاڵەبانی لە (1976 - 2017) واتا بۆ ماوەی (41) ساڵ سكرتێری یەكێتی بوو.

بەپێی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، دەسەڵاتێكی زۆر دراوە بەسەرۆكی یەكێتی، سەرۆكی ئەنجومەنەكانی یەكێتی و دیاریكردنی ئەندامانیان و تەواوی دەسەڵاتەكانی دارایی و سیاسی و رێكخستن و بەرپرسەكان دراوە بەسەرۆكی یەكێتی.

بەپێی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی (59) جار ناوی سەرۆكی یەكێتی هێندراوەو دەسەڵاتەكانی لەماددە جیاوازەكاندا خراوەتەڕوو.

بەپێی ماددەی (26)ی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆكی یەكێتی راگری یەكدەنگی و یەكڕیزی یەكێتیەو كاردەكات بۆ پاراستن و جێبەجێكردنی پەیڕەوی ناوخۆو یەكڕیزی و یەكگوتاری و یەكهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەكان و نوێنەرایەتی (ی.ن.ك) دەكات لەناوەوەو دەرەوەو لەبەردەم دامودەزگا حكومی و یاساییەكاندا، سیمبولی یەكڕیزی و یەكگوتاری یەكێتیە لەناوخۆو دەرەوە، سەرۆكی یەكێتیەو سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی یەكێتیە. لەماددەی 21 ئەنجومەنی سەركردایەتی بەسەرۆكەوە (61) ئەندامە دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی بانگهێشتیان دەكات بۆ كۆبوونەوەو سەرپەرشتیان دەكات، لەكاتی بەتاڵبونی ئەندامێكی سەركردایەتی سەرۆكی یەكێتی دەتوانێت شوێنەكەی پڕبكاتەوە،

بەڕەزامەندی سەرۆكی یەكێتی (5) كورسی سەركردایەتی بۆ كەسایەتیە سیاسی و حكومییەكان و (5) كورسی بۆ ئەو كەسانەی دێنە ناو یەكێتیەوە دیاری دەكات.

بەپێی مادەی (30) لەپەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیش  دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی كاروباری یاسایی، لەگەڵ سەرجەم پەیوەندییەكانی بەغداد و عێراق بەگشتی و هەر پەیوەندییەكی تری كاریگەر هەبێت راستەوخۆ بەسەرۆكەوە دەبەسترێتەوە. 

لەماددەی (33)شدا هاتووە: ئەندامانی مەكتەبی سیاسی (12 - 14) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە پێشنیاز دەكرێت. هەروەها لەماددەی (37) هاتووە: لێپرسراوی مەكتەبەكان و بەرپرسی بۆردو بەشە سەرەكییەكان  كەئەندامی سەركردایەتین هەروەها بەرپرسی مەڵبەندەكان لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن. جگە لەوەش لەماددەی (46) هاتووە: دەزگای دارایی یەكێتی سەرپەرشتی خەرجی و داهاتی یەكێتی دەكات و راستەوخۆ بەسەرۆكی یەكێتیەوە دەبەسترێتەوە، بۆردی داهات لەلایەن ئەنجومەنێكەوە بەڕێوەدەبرێت كەسەرۆكی یەكێتی پەسەندی دەكات. هەروەها ناوەندی كاروباری یاسایی  بەپێی ماددەی (50) بەرپرسێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتی دیاری دەكرێت.

بەپێی ماددەی (53)ش مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتی لێپرسراوێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێت. لەماددەی (55)یشدا هاتووە: ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە (9 -15) ئەندام پێكدێت و سەرۆكی یەكێتی ئەندام و سكرتێرو جێگرەكانیان دیاری دەكات، جگە لەوەش ماددەی (57) باس لەوەدەكات ئەنجومەنی پشتیوانی لە (100) ئەندام پێكدێت، ئەندامەكانی و جێگرو سكرتێری ئەنجومەنەكە لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ١-٦-١٩٧٥ دامەزراوە، تائێستا پێنج كۆنگرەی ئەنجامداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار