هەوڵێکی سێ مانگیی ئەمینداری یەکگرتوو بۆ ئاشتەوایی باڵەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی شکستیهێنا
عیرفانی مەلا عەلی سێهەمین رابەری حزبەكەی دوورخستەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
پاش ململانێیەكی سەختی نێوانیان، دواجار كێشەو ناكۆكی نێوان هەردوو رابەرەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەجیابوونەوەی یەكێكیان كۆتایی هات و حزبێكی نوێ لەهەناوی بزووتنەوەی ئیسلامی راگەیەنراو هەمان ئەو ناوەیان بەكارهێنا كە لەسەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە پێی ناسرابوو. بەرپرسێكی حزبە نوێیەكەی بزووتنەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەسڵی بزووتنەوە ئەوانن بۆیە ئەو ناوەیان بەكارهێناوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو دوێنێ سێشەممە كۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لەنێوان هەردوو باڵە ناكۆكەکە ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراوو پێش ئەنجامدانی كۆنگرەكە، باڵی كامیلی حاجی عەلی بایكۆتی كۆنگرەیان كردو لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا جیابوونەوەی خۆیان راگەیاندو بڵاویانكردەوە كە لەژێر ناوی حزبێكی تردا درێژە بەكاری سیاسی خۆیان دەدەن.
لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی بڵاویانكردەوە كە بەهۆی پێشێلكاری و لادان لەبنەماو پڕەنسیبەكانی حزب، بڕیاری ئەوەیاندا نەچنە كۆنگرەو بایكۆتی بكەن، هەروەها بڕیاری ئەوەیاندا كەحزبێكی نوێ دروستبكەن و بەناوی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامییەوە درێژە بەخەباتی سیاسی خۆیان بدەن. لەوبارەوە دكتۆر محەمەد بازیانی سەركردەی حزبە نوێیەكە بەهاوڵاتی وت «گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە كاركردن لەگەڵ ئەو برایانە گونجاو نییەو باشترین رێگا جیابوونەوەیە لێیان.»
بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی، كە ناوە نوێیەكەی باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی-یە. مێژوویەكی كۆنی هەیەو هەمان ئەو ناوەیە كە لەسەرەتای دامەزراندنی رێكخستنی كاری ئیسلامی لەكوردستانی باشوور بەكارهاتووە. ئەو حزبە لەساڵی 1978 لەسەر دەستی شێخ صدیق سەرگەتی و شێخ محەمەد بەرزنجی و عەبدولڕەحمان نەورەسی و محەمەدی رازی و چەندین سەركردەی تری ئەوسای رێكخستنی كاری ئیسلامی دامەزرا، كەدواترو پاش نۆ ساڵ لەخەباتی نهێنی و چەكداری، بڕیاری گۆڕینی ئەو ناوە دەدرێت و لەساڵی 1987و پاش پەیوەندیكردنی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزو كۆمەڵێك سەركردەی تری برایانی موسڵمان (اخوان المسلمین) بزووتنەوەی پەیوەندی هەڵدەوەشێتەوەو لەجێیدا بزووتنەوەی ئیسلامی راگەیەنرا.
بزووتنەوەی ئیسلامی لەماوەی تەمەنی خۆیدا دوانزە كۆنگرەی ئەنجامداوەو چەندین كێشەو گرفتی ناوخۆیی بەرۆكی ئەو حزبەی گرتووە. كە سەرجەمیان ناكۆكی بووە لەسەر رابەری و پۆستی یەكەمی حزبەكە. هەربۆیە لەساڵی 2001 كۆمەڵی ئیسلامی راگەیەنراو دواتریش لەكۆنگرەی نۆهەمدا مەلا محەمەد عومەری ئامۆزای عیرفان عەبدولعەزیز لەڕابەری كشایەوەو بەهۆی ناكۆكی لەسەر ئەو پۆستە لەبزووتنەوە دووركەوتەوە، هەروەها لەكۆنگرەی دەهەمیشدا بەهەمان هۆكار شێخ صدیق عەبدولعەزیز كشایەوەو نەیتوانی ركابەری عیرفانی برازای بكات.
كێشەو گرفتەكانی نێوان كامیلی حاجی عەلی و عیرفانی مەلا عەلی، ماوەی دوو ساڵە درێژەی هەیەو هەریەكەیان دەیەوێت خۆی ببێتە رابەرو كەسی یەكەمی حزب. بۆ ئەوەش چەندین كەسایەتی و مامۆستای ئاینی هەوڵی پێكهێنانەوەی داون، لەوانە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەوبارەوە عوسمان كاروانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەهاوڵاتی وت «ماوەی سێ مانگە جەنابی ئەمیندار لەسەر هێڵە بۆ یەكخستنەوەی هەردوو باڵ، ئەمەش لەسۆنگەی بەپرسیارێتی و خەمخۆری جەنابیان بۆ رابوونی ئیسلامی كوردستان، بەڵام دیارە ئەو برایانە نایانەوێت و وەك پێویست بەدەم هەوڵەكانی ئێمەوە نەهاتن.»
بڕیارەكەی كامیلی حاجی عەلی بەدووركەوتنەوە لەبزووتنەوەو راگەیاندنی حزبێكی نوێ، كۆتایی بەململانێ تولانییەكەی نێوان هەردوو رابەرە ناكۆكەکە هێنا، بەوەش عیرفانی مەلا عەلی توانی جارێكی تر دەست بەسەر بزووتنەوەی ئیسلامیدا بگرێتەوەو پاش دوورخستنەوەی هەریەكە لە مەلا محەمەد عومەری ئامۆزای و شێخ صدیق عەبدولعەزیزی مامی، كامیلی حاجی عەلی-شی خستە دەرەوەی هاوكێشەی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە.
هەڵبژاردنی ناوی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی لەلایەن باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی-یەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان پێیان وایە بنچینەو دامەزرێنەری بزووتنەوەن و خاوەندارێتی ئەو حزبە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە نەك باڵەكەی عیرفانی مەلا عەلی، لەوبارەوە دكتۆر محەمەد بازیانی بەهاوڵاتی وت «حاجی كامیل یەكێكە لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی پەیوەندی لەساڵی 1978 كە لەگەڵ چەند زانایەكی تردا ئەو حزبەیان راگەیاند، بۆیە ئەسڵی بزووتنەوە ئێمەین و خاوەندارێتی ئەو حزبە بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە.»
لەبەرامبەردا باڵەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری كۆنگرەی دامەزراندنیان كردو بەئامادەبوونی 1000 ئەندام و نوێنەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارەكانی كۆنگرەیان بەڕێوەبرد، لەوبارەوە عەبدوڵا وەرتێ وتەبێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی بەهاوڵاتی وت «بەپێی رێنمایی و مەرجەكانی كۆمسیۆنی باڵاو بەسەرپەرشتی راستەوخۆی نوێنەرەكانیان، كۆنگرەمان ئەنجامداو سوپاس بۆ خوا سەركەوتووبوو، لەگەڵ ئەوەی ئێمە چاوەڕێی ئەو برایانەمان دەكرد بەشداری بكەن، بەڵام بەداخەوە كەوتنە هەڵەیەكی سیاسی گەورەوەو مێژووی خۆیان خستە ژێر پرسیارەوەو بوونە هۆی دروستبوونی تەفرەقە لەڕیزی موسڵماناندا.»
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، كۆنگرەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەئامادەبوونی 1000 ئەندام بەڕێوەچوو، دوو كاندید دیاریكران بۆ وەرگرتنی پۆستی رابەری، ئەوانیش هەریەكە لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیزو كامیل حاجی عەلی بوون، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز توانی 986 دەنگ بەدەستبهێنێت و بۆ سێهەمین جار وەك رابەر دیاریكرا. سەرەڕای ئامادەنەبوون و نەكشانەوەی كامیلی حاجی عەلی، بەڵام ناوبراو نۆ دەنگی بەدەستهێنا. هەروەها پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە دەنگی لەسەر دراو هەڵبژاردنیش بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شورا ئەنجامدراو 23 كەس وەك ئەندامی شورای حزبەكە دەنگیان پێدرا.
بزووتنەوەی ئیسلامی لەساڵی 1987 دامەزراوەو تائێستا پێنج كەس بوونەتە رابەری ئەو حزبە، كە سێ كەسیان برابوون بەناوەكانی (شێخ عوسمان عەبدولعەزیزو شێخ عەلی عەبدولعەزیزو شێخ صدیق عەبدولعەزیز) هەروەها مەلا محەمەد عومەر برازای هەرسێ ناوبراو ماوەیەك رابەری ئەو حزبە بووەو عیرفانی مەلا عەلی-ش كە كوڕی رابەری دووەمی بزووتنەوەیە، سێ خولە رابەرایەتی ئەو حزبە دەكات و رێگربوو لەوەی رابەرایەتیكردنی حزبەكەی بدرێتە دەست كامیلی حاجی عەلی.