گۆهدار زێباری تاکە کەسە لەسەر تاپڕ سزا بدرێت
"تاپڕەکە هی سەردەمی ئینگلیزە و تەقەش ناکات"
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
«دایكم بەو تەمەنەوە سێجار لەئاكرێوە هاتە بەر دەرگای دادگای هەولێر، هەموو جارێك بەدڵێكی پر هیوا دەهات تاوەكو گۆهدار لەگەڵ خۆی بباتەوە ماڵ، بەردەوام لەپێش دادگا نزای لەخوا دەكرد بەڵام بەدەستبەتاڵی و خەمێكی قووڵەوە گەڕایەوە ئاكرێ «، ئەمە قسەی زێدان زێباری، برای گۆهدار زێبارییە كەزیاتر لەدوو ساڵە چاوەڕێی ئازادكردنی گۆهدار دەكەن.
رۆژی 2ی تشرینی یەكەمی 2023 بەهۆی تاپرێكی سەردەمی ئینگلیز سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری سەپێنرا.
گۆهدار زێباری لە 22ی مانگی تشرینی یەکەمی 2020 لەگەڵ چەند کەسێک کەدواتر بەزیندانیانی بادینان ناویان برا، بەتۆمەتی تێکدانی «ئاسایشی گشتی» دەستگیرکران و هەریەکەیان بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
لەمانگی شوباتی 2022 بەفەرمانێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سزاکەی گۆهدارو هاوڕێکانی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە جگە لەشێروان شێروانی کەسزاکەی بەڕێژەی 50% کەمکرایەوە. بەپێی بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، وابڕیاربوو 16ی ئازاری 2023 گۆهدار زێباری ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بەحەوت مانگی تر زیندانی سزادرا بەتۆمەتی «گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی» پێش دەستگیرکردنی.
دوای ئەو حەوت مانگە بڕیاربوو لەمانگی ئابی ئەمساڵ گۆهدار ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت» جارێکی تر شەش مانگی تر سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
لەسەر دووبارە سزادانی زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری بەهاوڵاتی راگەیاند، «جارێكی تر براكەم بەناحەق سزادرا ، شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا ، ئەوەش بەهۆی ئەو تاپڕەی كە لەكاتی دەستگیركردنی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان دۆزراوەتەوە ، دەیانجار وتوومانە ئەو تاپڕە هی گۆهدار نیە، ئەوەندە كۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینگلیز ئێستا هەر تەقە ناكات بەڵام بێسوود بووە دادوەر بەو شێوەیە بڕیاری داوە كەئەو چەكە هی گۆهدارە بەڵام ئەمە زۆر دوورە لەڕاستی .»
«دایكم سێجار لەگەڵ باوكم دەهاتە پێش دەرگای دادگای هەولێر، هەموو جارێك كە دەهات بەیانییەكەی زوو لەخەو هەڵدەساو بەدڵێكی پر هیواوە دەهات، ئاواتی ئەوە بوو گۆهدار لەگەڵ خۆی بباتەوە ماڵ، بەڵام بۆ دواجار جارێكی تر سزای تازەی بەسەردا سەپێنرا، بەخەمێكی قووڵەوە گەڕایەوە بۆ ماڵ، ئەوەی دادوەر كردوویەتی ناحەقیەكی زۆر گەورەیە، ئەوە دەسەلمێنێت كە بەهیچ شێوەیەك دادگاكانمان سەربەخۆ نین»، زێدان زێباری وای وت.
بەپێی ماددەی 15ی یاسای چەك، هەر كەسێك بەبێ موڵەت چەكێكی ئاگرین یان تفاق هەڵبگرێت، بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە ، یان دەستاودەستی پێبكات، ئەوا بەبەندكردن بۆماوەیەك سزا دەدرێت كە لەیەك ساڵ كەمتر نەبێت و لەسێ ساڵ زیاتر نەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێ بژاردنێك سزادەدرێت كە لەدوو ملیون كەمتر نەبێت و لەپێنج ملیون دینار زیاتر نەبێت.
رێڤینك یاسین، پارێزەری تیمی بەرگری لەڕۆژنامەنووسان و چالاكی بادینان بەهاوڵاتی وت، «بەڵگەی تەواو و دروست نەبووە كە بیسەلمێنێت گۆهدار تاپڕی هەڵگرتووە یان موڵكی ئەو بووە، بڕیارێكی نادادوەرانە بوو، كەیسێك دروستكراوەو لەپێش دادوەر دانراوە تا بڕیاری لەسەر بدات، دادوەر خۆیشی بڕوای بەبڕیارەكەی خۆی نییە».
« ئەو ماددەیەی گۆهداری پێ سزادراوە ، ماددەی 15ی یاسای چەكە، بڕیاری سزادانی شەش مانگە، بەڵام لەبەرئەوەی گۆهدار بۆ ماوەی مانگێك و چواردە رۆژ لەئاسایش راگیراوە، ئەو ماوەیە بۆی حساب دەكرێت، واتە چوار مانگ و 14 رۆژی تر ئازاد دەكرێت»، ریڤینك یاسین وای وت.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان دەڵێت هیچ رۆژنامەنوسێک پێشتر لەسەر چەک سزا نەدراوە.
ئازاد حەمە ئەمین ، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسان لەهەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند، «هیچ زانیارییەكمان نیە كە رۆژنامەنوسێك لەسەر چەك سزادرابێت، هەر كەیسێك ئەگەر نەگاتە دەستمان یان سكاڵا بەفەرمی لای ئێمە تۆمار نەكات ئێمە دەستتێوەردان ناكەین «.