فراکسیۆنە کوردییەکان گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا بە ئاسان نازانن
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
لەسەر داوا و پێشنیاری دەستەی داكۆكی لەمامۆستایان و فەرمانبەران، یوسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پرۆژە یاسایەك بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ عێراق ئامادە دەكات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی دەڵێت هەوڵێكی لەوشێوەیە ئەستەمە، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت ئەوە هەوڵێكە دژی هەرێمی كوردستان.
هەرێمی كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و جەمال كۆچەر سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و سروە عەبدولواحید سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ و سۆران عومەر، سەرۆكی لیستی كۆمەڵی دادگەری وژۆیان لەسەر پرۆژە یاساكە كردووەو بڕیارە واژۆی پەرلەمانتارانیشی بۆ كۆبكرێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، سەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق داوایان كردووە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی كێشەی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا نەكرێت، لەكۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە شیعەكان وتوویانە «چونكە فەرمانبەر ئیشی خۆیان دەكەن و مافی خۆیانە سەری مانگ مووچە وەربگرن هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق».
شیعەكان بەڵێنیان بەنوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم داوە
مامۆستا هاوڕێ قادر، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، كە یەكێك بووە لەئەندامانی ئەو وەفدەی فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»لەسەردانەكەدا چەند پەرلەمانتارێكی شیعەكانمان بینی لەوانەش یوسف كیلابی، بەڵێنی ئەوەیان پێداین لەپەرلەمانی عێراق كار لەسەر ئەو 60 هەزار واژۆیە بكەن كە فەرمانبەرانی ناڕازیی پێشكەشیان كردووەو دەیانەوێت مووچەكانیان بچێتە سەر بەغدا».
وتیشی:»شیعەكان تووشی سەرسوڕمان بوون كە باسمان لەپاشەكەوتی مووچەو لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران كردووە، هاوكات دوو رێگەچارەشیان خستەڕوو، وتیان ئەگەر حكومەتی هەرێم لیستێكی پاكی موچەخۆران نەنێرێت یاخود كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەكات ئەوا لەپەرلەمان دەستكاری ئەو بڕگەیە دەكەن كە پەیوەستە بەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاڕاستەوخۆ هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵ، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بنێردرێت».
بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەگەر لەپەرلەمانیش تێپەڕێ مەرج نییە حكومەت جێبەجێی بكات
لەوبارەیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەمە هەوڵێكە واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ پەرلەمان هیوادارین وەڵامێكی ئەرێنی هەبێت، رێكارەكان وایە دەتوانن بیكەن بەبڕیار و دانیشتنێكی پەنجا كۆ یەكی هەبێت دەبێتە پرۆژە و رەوانەی حكومەتی بكەن و بڵێن ئەوە رای پەرلەمانە».
وتیشی:»لەحاڵەتێكیشدا لەپەرلەمان تێپەڕێت مەرج نییە حكومەتی عێراق جێبەجێی بكات، ئەمە زیاتر فشارێكە ئومێد دەكەین ئەنجامێكی هەبێت چونكە سێ مانگە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە ئەمەش لایەنێكی مرۆییە».
ئەندامێكی دیكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەوڵەكە بەئەستەم دەزانێت
هەر لەبارەی ئەو هەوڵەوە، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم بابەتە بەڕاستی هەروا سادە نییە كە واژۆی بۆ كۆبكرێتەوە، لەڕووی كردارییەوە ئاسان نیە، رەنگە بۆ مووچەی خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی ئاسان بێت، چونكە ئەو بڕە پارەیەی دابەش دەكرێت یەكلابووەتەوەو جێگیرەو دەكرێت حكومەتی عێراق لەڕێگەی هەژماری بانكییەوە پارەكە بخاتە سەر هەژماری ئەو مووچەخۆرانە».
وتیشی:» بەڵام بۆ فەرمانبەران كرداری نیە چونكە بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردادێت لەڕووی دەرماڵە و پلە بەرزكردنەوەو هەندێك رێكاری تر، كە تەنها فەرمانگەكە دەتوانێت ئەو كارانە بكات، مانگانە پێویستی بەلیستی نوێیە، هەموو فراكسیۆنەكان لەخەمی ئەوەداین چارەسەرێكی ریشەیی بۆ پرسی موچە بدۆزرێتەوە بەڵام بەبۆچوونی من رێكارێكی سەركەوتوو نابێت».
«لەڕووی كردارییەوە ئەو هەوڵە ئاسان نییە، گرنگترین شت ئەوەیە ئەم پرسە ئەگەر بێتو فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵیدا بن ئەوە دەستكەوتە سەرەكییەكەیە ئەوكات دەتوانین ئەو خواستەی هەیە بەشێوازی دیكەش بیخەینەڕوو بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی هەوڵەكە رەنگە چەند ساڵێك بخایەنێت». نەرمین مەعروف وای وت.
پارتی بەهەوڵێك دژ بە هەرێمی كوردستانی لەقەڵەمدەدات
فراكسیۆنی پارتی تەنیا فراكسیۆنە لەفراكسیۆنە كوردییەكان واژۆی بۆ دانیشتنی لەوشێوەیە لەپەرلەمانی عێراق نەكردووە، لەوبارەیەوە شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەو هەوڵە بەموزایەدە دەزانین و پێمان وانییە هیچ ئەنجامێكی هەبێت، جگە لەوەی بەهەوڵێكی دەزانین دژ بەحكومەتی هەرێمی كوردستان».
وتیشی:»ئەو هەوڵە پێچەوانەی دەستوورەو لەبەر ئەو هۆكارانەی باسیشم كرد ئێمە واژۆمان نەكردووە».
یەكەمجار نییە هەوڵی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەدرێت، لەساڵی 2020 یش زیاتر لە 100 واژۆی پەرلەمانتاران لەپەرلەمانی عێراق كۆكرایەوە، بەڵام هەوڵەكان سەریان نەگرت.
فازیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی (المعلومە) رایگەیاندووە: “پشكی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان بابەتێكە، كە زۆر بەدەستیەوە دەناڵێنین، بەتایبەتی پرسی مووچەی فەرمانبەران، بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و دیدگایەكی روون بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم”.
وتیشی: “باشتر بوو حكومەتی بەغداو هەولێر لەسەر یەكلاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەبانكە حكومییەكان رێكبكەون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هاووڵاتیانی كورد، عێراقیین و دەبێت لەكاتی خۆیدا مافی دارایی خۆیان وەربگرن”.
سەرەڕای پەسەند كردنی یاسای بودجە، بەڵام هێشتا بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەتەواوی رەوانە نەكراوەو هەریەكە لەهەولێر و بەغدا یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە پابەندنەبوون بەجێبەجێ كردنی بڕگەكانی یاساكەو لەو نێوەندەشدا فەرمانبەرانی هەرێم گیرۆدە بوون، بەشێوەیەك سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2023یەو هێشتا حكومەتی هەرێم لەدابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموزدایە، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم لەمانگی ئاداری رابردووەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەكەی لەلایەن دادگای ناوبژیوانی پاریس رایگەیاند كە چیتر توانای دابەشكردنی مووچەی نەماوەو پێویستە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، دوای چەند مانگێكیش لەگفتوگۆو دانوستان و پەسەندكردنی بودجە، حكومەتی عێراق بەشێوەی قەرز زیاتر لەترلیۆنێك دیناری رەوانەی هەرێم كردووە، 10 رۆژ لەمەوبەریش حكومەتی عێراق بڕیاریدا سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بەقەرز بنێرێت.
هەرچەندە تائێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی (8 و 9)یان وەرنەگرتووەو لەوەرگرتنی مووچەی مانگی (7)دان، بەڵام نە حكومەتی هەرێم ئامادەیە لەداهاتی ناوخۆی ئەو سێ مانگە مووچەكانی دیكە دابەشبكات یان میلاكی فەرمانبەران بەتەواوی رادەستی بەغدا بكات، نە بەغداش گەرموگوڕە لەناردنی پارەو وەرگرتنی دۆسیەی فەرمانبەران و بەستنەوەی راستەوخۆ بە وەزارەتی داراییەوە تاوەكو لەگەڵ فەرمانبەرانی شارەكانی دیكەی عێراق مووچەی هەرێمیش بدات، هەرچەندە چەند جارێك باسی ئەو پرسە كراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم ئامادەنەبووە فەرمانبەرانی بەحكومەتی فیدراڵییەوە ببەسترێنەوەو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە مووچەیان پێدەدرێت.
پێشتریش، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، كە لەكۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران باسی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە كردووەو لەبەرامبەردا سودانی پێی وتووە، كە حكومەتی هەرێم بەوە رازی نەبووە، ئەگینا لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەكەین.
مەسعود حەیدەر بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لەڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی ئەو هەوڵە رایگەیاند: بەپێی دەستووری عێراق؛ حكومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان هەر خەرجیەكی تر بۆ هەرێم خەرجبكات.
وتیشی: هەموو مامەڵەیەكی نێوان هەرێمو بەغدا دەبێ لەڕێگەی دامودەزگا فەرمیەكانی هەردوولاوە بێت كە حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵییە.
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشكردوە، بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023 دەبێت حكومەتی فیدراڵی مانگانە 775 ملیار دینار مووچە بۆ هەرێم خەرج بكات لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە.
مەسعود حەیدەر نوسیوویەتی: هەر بابەتێك لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریكردنە بەهەستو سۆزی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بكات، چونكە پێچەوانەی ماددەی 117و 121ی دەستووری عێراقە.
بەڵام د. یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق دەڵێت: ناردنی راستەوخۆی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەستورییە، هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستوری نیە، بۆ ئەوەی بەغداد راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات.
وتیشی: رەسمكردنی سیاسەتی دارایی كە پرسی موچەش دەگرێتەوە بە پێی مادەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستور لە سەڵاحیاتە حەسرییەكانی دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانە، لەبەر ئەوە رێگری دەستوری نیە، تەنانەت یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ لە مادەی (١٣/ ھەشتەم/ أ و ب) رێی بە حكومەتی فیدڕاڵ داوە راستەوخۆ ئەركی پارەداركردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران لە ئەستۆ بگرێ.