تورکیا لەناوخۆ ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردووە؛ هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و رۆژاڤا دەکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای هێرشەکەی بەردەم ئاسایشی گشتی تورکیاو نزیک لەپەرلەمانی وڵاتەکە، تورکیا دەستیکردووە بەئۆپەراسیۆنیکی چڕ لەناوخۆی وڵاتەکەو فڕۆکە جەنگییەکانیشی زیاتر دەست واڵا کردووە لەئەنجامدانی بۆردومان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم.
جگە لەمانەش ئەنقەرە زەنگی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تری لێدا لەهەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سنورەکانی باشوری وڵاتەکەیان دەپارێزێن و هەنگاوی نوێیان بۆ ئەوە هەیە.
ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەپارێزگا کوردییەکان و پارێزگاکانی تری وڵاتەکە
كاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانیی رۆژی یەكشەممە، یەكـی تشرینی یەكەمی 2023 هێرش كرایەسەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی توركیا، حكومەتی توركیا دەڵێت دوو پۆلیس برینداربوون بەڵام پەكەكە دوای ئەوەی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ رایگەیاند زیانەكان زۆر لەوە زیاترن و تورکیا دەیشارێتەوە. پەکەکە دەڵێت دوو کەس لەگروپی «تابوری نەمران» هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
هەر دوای ئەم هێرشە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەستیکرد بەئۆپەراسیۆەیکی چڕو نزیکەی هەزار کەسی لە ١٦ پارێزگای وڵاتەکە دەستگیرکردووە.
عهلی یهرلیكایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند کە تائێستا 55 کەسیان لە 16 پارێزگای تورکیا دەستگیرکردووەو لەئۆپەراسیۆنێکی جیادا لەپێنج پارێزگای تر 12 کەسیان دەستگیرکردووە.
بەپێی قسەی وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەو 55 کەسەی دەستگیرکراون بەشێکن لە «پێکهاتەی هەواڵگری» پەکەکە لەئورفە، ماردین، ئامەد، شرناخ، باتمان و چەند پارێزگایەکی تری تورکیا.
عەلی یەرلیکایا دەشڵێت، 13 هەزارو 400 پۆلیس، جەندرمەو میت بەشداریان لەئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە.
هەر دوای ئەم راگەیاندراوە، وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەکرد کە لەئۆپەراسیۆنەکەدا ٩٨٠ کەسی تریان بەتۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت» و «قاچاغی کردن بەچەکەوە» دەستگیرکردووەو دەستیشیان گرتووە بەسەر ٨٤٠ چەکدا.
گومان دەکرێت کەدوای هیرشەکە حکومەتی تورکیا رەشبگیری دەستپێکردبێت چونکە وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە لەدەستگیرکردنی نزیکەی هەزار کەسدا باسی لەوە نەکردووە ئاخۆ ئەوانەی دەستگیرکراون پەیوەندی راستەوخۆیان بەهێرشەکەوە هەبێت.
زەنگی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ
دوا هێرشە خۆکوژییەکە لەنزیک ناوچەی وەزارەتەکانی تورکیا، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند لەهێرشێکی ئاسمانیدا 20 ئامانج و ئەشکەوت و پەناگەو کۆگای پەکەکەیان لەهەرێمەکانی مەتیناو خواکوڕک و قەندیل و گارا لەهەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
لەدوایین پێشهاتیشدا شەوی رابردوو تورکیا بۆردوومانی قەزای ماوەت لەشارباژێڕو چەند گوندێکی بناری قەندیلی کرد. ئێوارەی ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند 22 پێگەی پەکەکەیان لە سنوری گارە و خواکورك و مەتینا و ئاسۆس و قەندیل بەئامانج گرتووە.
هێرشەکەی ئەنقەرە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کەبڕیاربوو رەجەب تەیەب ئەردۆغان لەپەرلەمانی وڵاتەکە وتارێک پیشکەش بکات دوای کۆتاییهاتنی پشووی فەرمی پەرلەمان.
سەرباری تەقینەوەکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکۆبونەوەی پەرلەماندا لەهەمان رۆژ وتارەکەی پێشکەشکردو وتی، «ئەو خراپەکارانەی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیانمان دەکەنە ئامانج، هەرگیز ئامانجەکەیان بەدی نایەت و ناگەنە مەبەست».
بابەتی هێرشەکە لەپەرلەماندا بووە یەکەم بابەتی قسە کردن و لەدرێژەی وتارەکەیدا سەرۆککۆماری تورکیا بەناڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لەهەرێمی کوردستان کردو وتی، «ستراتیجیەتمان هەیە بۆ پاراستنی سنوری باشوری وڵات لەڕێی پشتێنەیەک بەقوڵایی 30 کیلۆمەترو بەردەوام دەبین لەچاودێریکردنی جموجوڵەکانی ئەوێ، هەنگاوی نوێیان تەنها پەیوەستە بەکاتەوە».
تورکیا لەساڵی 2015ەوە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەبێ رەچاوکردنی ناوچەی مەدەنی هێرش دەکاتەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە تائێستا سەدەها قوربانی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی CPT ئەمریکی لەساڵی 2023دا نۆ کەسی سڤیل لەهەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوەکە دەڵێت لەساڵی 2015 بۆ 2022، 98 خەڵکی سڤیل بەهێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانی تورکیا هەر ئەمرۆ چوارشەممەش 4ی تشرینی یەکەمی 2023 هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان کرد بۆ سەر رۆژاڤا.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەرچی پێگەی پەکەکە و یەپەگە هەیە لە سوریا و عێراق ئامانجی تورکیایە بۆ هێرش و نابێت هیچ لایەنێک دەستوەردان لەو دۆخەدا بکەن و ئەو دوو کەسەی تەقینەوەکەیان لە نەقەرە ئەنجامدا لە سوریاوە هاتبوون.
دواتریش یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا وتارێکی پیشکەش کرد و رایگەیاند، "بهو ئهنجامه گەیشتووین ئەو دوو چهكدارهی تهقینهوهكهی بهردهم وهزارهتی ناوخۆیان له ئهنقهره ئهنجامدا، له سووریاوه هاتوون، سهرجهم ناوهند و چالاكییهكانی یەپەگە و پەکەکە له سووریا و عێراق ئامانجمان دەبێت، تا ئهو كاتهی ئەوان لەو جوگرافیایه لهناو دهچن و دهڕۆن."
بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم وتانەی بەرپرسانی تورکیا رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئەوانەوە نەچوونەتە تورکیا و حکومەتی تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا رەوایەتی بە هێرشەکانی ئێستای بدات و "ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئێمە" ئەنجام بدات.
حوکمەتی هەرێم لەسەر هێرشەکەی ناوخۆی تورکیا هاتە دەنگ بەڵام بۆ بۆردومانەکانی تورکیا لەهەرێم بێدەنگە
هەرێمی كوردستان لەئاست هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خەڵكی مەدەنی هەرێم بێدەنگە، بەڵام فیشەكێك لەتوركیا بتەقێت یەكەم كەس ئیدانەی دەكات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێش عێراق و تەنانەت دۆستەكانی توركیا، حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئیدانەی هێرشەكەی رۆژی یەکشەممەی کرد بۆ سەر بارەگا حکومییەکانی تورکیا.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە «حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دژی هەر کارێکی تیرۆریستی و تووندڕەویی دووپاتدەکاتەوە».
تەنانەت سەرۆکایەتی هەرێمیش ئیدانەی هێرشەکەی کردو وتی: جهخت لهكاری پێكهوهیی و پێویستیی برهودان بههاریكاریی هاوبهش دهكهینهوه بۆ رێگریكردن لهتیرۆرو سهرچاوهكانی لهناوچهكه.
ئەمە لەكاتێكدایە لەئاست هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خەڵكی مەدەنی و ناوچە سنوریەكان دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بێدەنگی دەنوێنن و هیچ كاردانەوەیەك نیشان نادەن.
هەر دوای بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئیدانەكردنی كردەوەكەی ئەنقەرە، توركیا لە 10 شوێنی جیاوازی هەرێم هێرشی ئەنجامدا بەڵام لەسەر ئەو هێرشانە حکومەتی هەرێم بێدەنگی هەڵبژارد.
تەنانەت دژە تیرۆری کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی دەکات لەزۆر هێرشی درۆنی تورکیا دەڵێت قوربانییەکان «چەکداری پەکەکە»ن. دواترین هێرش کە تێیدا دەرکەوت ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی مەدەنی بوون هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بوو بۆ سەر دوو ئۆتۆمبێل لەدوکان و دواتریش لەپێنجوێن. هەردوو هیرشەکە لە رۆژی ٩ و ١١ی مانگی ئابی ئەمساڵ ئەنجامدرا کە تێیدا چوار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا بەبێ ئەوەی پەیوەندیان بە پەکەکەوە هەبێت.
رۆژانە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەدیارترین هێرشدا ئێوارەی رۆژی ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لەڕێگەی درۆنەوە هێرشی كردەسەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت و لەئەنجامدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون، بەڵام وەك چاوەڕوان دەكرا حكومەتی هەرێم و دەزگا فەرمیەكانی لەئاستی هێرشەكەدا بێدەنگبوون، لەكاتێكدا عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هێرشەكەیان ئیدانەكرد.