بەردەڕەش نەخۆشخانەی گشتی نییە؛ یازدە ساڵە پرۆژەکەی تەواو نەکراوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممارعەزیز
زیاتر لە 15 ساڵە كێشەی نەبوونی نەخۆشخانەیەكی گشتیمان هەیە، جگە لەمەش ئەو بنكانەی تەندروستی كەهەن پزیشك و دەرمان بەپێی پێویست نیە، بۆ بچووكترین نەخۆشی دەبێت سەردانی ئاكرێ و شارەكانی تر بكەین»، ئەمە قسەی حەلیمە عەبدولڕەحمانە کەدانیشتوویەکی قەزای بەردەڕەشە لەسنوری پارێزگای دهۆک.
حەلیمە عەبدولڕەحمان، تەمەنی 49 ساڵەو لەبەردەڕەش دادەنیشێت کەگرفتاری تەواوکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتییە. ئەو دەڵێت نەخۆشی شەکرەی هەیەو زۆرجار بۆ دەرمان کڕین سەردانی دەرەوەی بەردەڕەش دەکات چونکە هەندێکجار لەبەردەڕەش «دەرمان نامێنێت یان پزیشکی لێ نییە»و «ئەگەر خوا نەكات تووشی نەخۆشیەكی تر بین دەبێت سەردانی ئاكرێ و دهۆك بكەین، ئاكرێ كەنزیكترین قەزایە بۆ ئێمە بەهەمانشێوەی بەردەڕەش قەزایە بەڵام دوو نەخۆشخانەی هەیە نەشتەرگەری دەكرێت و ئەمانە لەبەردەڕەش نیە».
نەخۆشخانەی بەردەڕەش لەساڵی 2012وە بەردی بناغەی بۆ دانراو گوژمەی پرۆژەكە 40 ملیار دینار بوو کەنەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەییە بەڵام تەنها ماوەیەكی كەم ئیشی لەسەر كرا كەتەنها لەسەدا 10ی پرۆژەكە تەواوكراو زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن لەپرۆژەكەدا وەستاوە.
بەردەڕەش لەساڵی 2007وە بووەتە قەزاو ١٥٠ هەزار دانیشتووی هەیە، لەسێ ناحیەو 106 گۆند پێكهاتووەو تائێستا هیچ نەخۆشخانەیەكی گشتی نییە. ئەوەی هەیە تەنها دوو بنكەی تەندروستییە لەسەنتەری قەزا لەگەڵ 16 بنكەی ناحیەو ناوچەكانی تر.
شەهاب ئەحمەد کە هاووڵاتیەكی دیكەی شاری بەردەڕەشە دەڵێت، کاتێک نەخۆشخانەکە بەردی باغەی بۆ دانرا ئەو زۆر دڵخۆش بووە چونکە پێیوابووە رزگاری دەبێت لەکێشە تەندروستییەکان، بەڵام بەوتەی خۆی ئەو دڵخۆشییە بوو «بەخەون و ماوەیەكی كەم ئیش لەسەر پرۆژەكە كراو دواتر وەستا تائێستاش چارەنووسی دیارنیە، نازانین جارێكی تر دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت یان نا».
لەدوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لەهەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤ چەندین پرۆژە لەهەرێمی کوردستان وەستاوەو تائێستا تەواونەکراون، نەخۆشخانەی گشتی بەردەڕەشیش یەکێکە لەو پڕۆژانە.
شەهاب ئەحمەد باس لەوە دەکات کە «زۆر پێویستە بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە بكرێت تاخەڵك كەمێك پشووبدات، گوناهی ئەو خەڵكە چیە رۆژانە دەبێت سەردانی شارەكانی تر بكەن بۆ لای پزیشك.»
سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی پرۆژەکەو کارکردن تێیدا ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بەهاوڵاتی راگەیاند، «دوو نەخۆشخانەی گشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك هەیە، یەكێكیان نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەردەڕەش و ئەوەی تر نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەشاری دهۆك زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن تیادا وەستاوە ، ئەگەر بودجە لەبەغداوە بگات، ئەوا جارێكیتر دەست بەكارەكانی دروستكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە دەكەینەوە، هیچی نوێ لەسەر دەستپێكردنەوەی ئەو دوو نەخۆشخانەیە نیە، لەبەرنامەماندایە جارێكی تر دەست بەدروستكردنی بكەینەوە بەڵام چاوەڕێی پارە دەكەین».
ئەفراسیاب موسا دەشڵێت، «نەخۆشخانەیەكی تر دروستكراوە لەسەنتەری بەردەڕەش وەكو بینایە تەواو بووە بەڵام هێشتا نەكراوەتەوە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی نەخۆشخانە هەركات تەواوبن بەفەرمی بە رووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە، هیچ جیاوازی لەنێوان قەزاو شارەكاندا ناكەین بەپێچەوانەوە لای ئێمە هەموویان وەك یەكن، بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستمانە پزیشك و پەرستارو دەرمانی پێویست بۆ بەدەڕەش و دەوروبەریمان دابینكردووە.»
بەڵام حەلیمە عەبدولڕەحمان کەچەندین ساڵە دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە بێهیوا بووە لەبەڵێنی بەرپرسان و دەڵێت، «ماوە ماوە لەتەلەڤزیۆن و شوێنەكانی تر دەبیستین كەكێشەكان چارەسەر دەكەن بەڵام تەنها قسەیەو كردارمان نەبینیوە».