لەپێنج رۆژدا توركیا 72 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، زیاتر لە 50 دامەزراوەی مەدەنی كردووەتە ئامانج

بەرپرسێكی رۆژئاوا بۆ هاوڵاتی: توركیا دەیەوێت لەڕێگەی بۆردومانەوە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ناوچەكانیان چۆڵ بكەن

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

 

نزیكەی هەفتەیەكە توركیا بەچڕی لەزەوی و ئاسمانەوە بۆردوومانی ناوچە كوردیەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەكات، بەپێی ئامارێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات،  لەپێنج رۆژی هێرشەكەدا 72 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوەو 55 دامەزراوەی مەدەنی و پەیوەست بەژیانی هاووڵاتیانی كردووەتە ئامانج، بەهۆی هێرشەكانەوە 45 كەس شەهیدبوون كەبەشێكیان مەدەنین.

سیامەند عەلی، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێرشەكانی توركیا دوای وتەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان چڕبوونەوە، تائێستاش لەڕۆژئاوای كوردستان بەهۆی ئەو هێرشانەوە 45 كەس شەهیدبوون كەبەشێكیان مەدەنین».

وتیشی:»لەو كەسانەی شەهیدبوون 11 كەسیان مەدەنین و ئەوانی دیكەش ئەندامی هێزە ئەمنیەكانن كە 29یان ئەندامی ئاسایشی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرن و زۆربەی زیانەكانیش لەحەسەكەن».

وتەبێژی یەپەگە باس لەوەشدەكات توركیا لەڕێگەی 34 هێرشی ئاسمانیەوە 23 دامەزراوەی مەدەنی لەڕۆژئاوای كوردستان كردووەتە ئامانج لەوانەش (پێگەی نەوتی لەشارۆچكەی كرداهۆڵ، وێستگەی سیكركا، وێستگەی تەقل بەقڵی نەوتی، وێستگەی ئاوی خانا، وێستگەی كارەبای مالیكیە، ناوچەی پیشەسازی دەوروبەری حەسەكە، نووسینگەیەكی دراو لەمشیرفە، رادیۆی ستار، دەوروبەری كەمپی رۆژ، كارگەیەك لەكۆبانی، كارگەی رستن و چنین لەعامودا، یاریگەیەكی وەرزشی لەكۆبانی، نەخۆشخانەی كۆرۆنا لەكۆبانی، كۆمپانیایەكی نەوت لەقەحتانیە، وێستگەی ئاوی باكوری حەسەكە، وەرشەی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل لەباشوری رۆژئاوای سررین،  وێستگەی ئاو لەگوندی رەكبە لەدەوروبەری تل تەمر، وێستگەیەكی كارەبا لەدەوروبەری حەسەكە، وێستگەیەكی كارەبا لەقامیشلۆ، قوتابخانەی گوندی داد عەبداڵ لەدەوروبەری تل تەمر.

بەوتەی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەو هێرشانەی توركیا لەسوریا ئەنجامیاندەدات، تاوانی جەنگە بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، داواش دەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش فشار بخەنەسەر حكومەتی توركیا كە ئەو هێرشانە بوەستێنێت، هاوكات ئامادەیی خۆشی نیشاندەدات دۆسیەكانی پەیوەست بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەكان و كوشتنی هاووڵاتیان بگەیەنێتە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان.

ئارام حەنا، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: لەڕۆژی نۆی تشرینی یەكەمی 2023 لەكاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی هێزەكانمان لەگوندەكانی (ئوم شەعیفە، باب ئەلفەرج، تل محەمەد، ئەلداودیە و عەبدولحەی) لەدەوروبەری شارۆچكەی زركان لەباكوری حەسەكە، هێزەكانی توركیای داگیركەریان كردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە چوار سەربازیان كوژراون و پێنجی دیكەش برینداربوون.

ئارام حەنا دەشڵێـت: لەچوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی سوپای توركیا، هێزەكانمان توانیویانە لەچەندڕۆژی رابردوودا 15 سەربازی توركیا بكوژن و 13 ی دیكەش برینداربكەن.

وتەبێژی هەسەدە وتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش رەتدەكاتەوە كەڕایگەیاندبوو لەهێرشەكانیاندا بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا 194 پێگەیان بەئامانج گرتووەو بەهۆیەوە 162 ئەندامی هەسەدە «كوژراون» .

ئارام حەنا دەشڵێت: سەرجەم ئەو پێگانەی توركیا بۆردوومانی كردوون پێگەی خزمەتگوزاری و مەدەنی و ژێرخانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بوون، بەهۆی هێرشەكانیشەوە 45 كەس شەهیدبوون كە 11 یان مەدەنین، ئەوانی دیكەش ئەندامی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەربوون كە لەكاتی مەشق و راهێناندابوون.

لەبارەی هێرشەكانەوە ئەڤین سوێد، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لەهەرێمی كوردستان، بەهاوڵاتی وت:»توركیا لە 4-10-2023 ەوە هێرشێكی قورسی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردووە، هێرشی ئەمجارە زیاتر لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگی و درۆنەوەیە، وەك چۆن لە 2018 بەوشێوەیە هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێكرد، دواتریش لە2019 دا بۆ سەر سەرێكانی بەهەمانشێوە دەوڵەتی توركیا هێرشی ئەنجامدا».

وتیشی:» تائەمڕۆ هێرش بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، بەڵام هێرشی ئەمجارە جیاوازە دوای وتەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتی هێرش دەكەینەسەر ژێرخانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەوكاتەوە هەموو كایەكانی پەیوەست بەژیانی خەڵك بۆردوومانكراون، لەوانە وێستگەی كارەباو سوتەمەنی و پڕۆژەی ئاوو تەنانەت بەنداوەكانیش».

«ئەو سیاسەتە بۆ ئەوەیە خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كۆچ بكەن و لەجێگەی ئەوان لەناوچە كوردیەكان چەتەكانی نزیك لەخۆیان نیشتەجێ ببن، دەیانەوێت گۆڕانكاری دیموگرافی دروست بكەن، ئەمەش كارەساتێكی گەورەیەو زیاتر خەڵكی مەدەنی دەكرێنە ئامانج» . ئەڤین سوێد وای وت.

بەوتەی نوێنەری رۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان «بەئامانجگرتنی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەلایەن توركیاوە بۆ ئەوەیە رێگری لەكاری ئەوان بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر كەتوركیاو گروپەكانی نزیك لێی كاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر دەكەن».

نورشان حسێن ئاماژە بەوەشدەكات «لەبەرامبەر هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان تائێستا چەند لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان و خەڵكی سلێمانی و چەند وڵاتپارێزێك هەڵوێستی خۆیان پێشان داوە، ئەو هێرشە رەنگە بەردەوامبێت و ئامانج لێی لەباربردنی دەستكەوتەكانی كوردە بۆیە پێویستە هەموو كەسێك هەڵوێستی هەبێت چونكە كاریگەری دەبێت لەسەر رای گشتی».

هێرشەكانی توركیا لەكاتێكدایە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریكا جگە لەئیدانەكردنی هێرشەكان و خستنە خوارەوەی درۆنێكی توركیا كەنزیكببوەوە لەهێزەكانیان، هیچ هەڵوێستێكی دیكەی نەبووە، بەڵام بەوتەی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رۆژی 10-10-2023 ئەمریكا 30 بارهەڵگر چەك و تەقەمەنی لەڕێگەی دەروازەی وەلید لەهەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش كردووە لەدەوروبەری حەسەكە.

وەك هەڵوێستێك بەرامبەر بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەكانی توركیا،  بەتایبەت ئەو هێرشەی كە هەشتی ئەم مانگە كردیەسەر ئەكادیمیای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەڕۆژئاوای كوردستان و بووە هۆی شەهیدبوونی 29 ئەندامی ئەو هێزانەو برینداربوونی 28 ی دیكە، لەسەرتاسەری رۆژئاوای كوردستان سەرجەم دامەزراوەكان و خوێندنگە و بازاڕەكان لەناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا داخران و ئەو داخستنە گشتییەش سێ رۆژ دەخایەنێت.

هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لەكاتێكدایە، داعش لەهێرشەكانی بۆ سەر هێزە ئەمنیەكانی رۆژئاوای كوردستان بەردەوامەو حكومەتی سوریاش ناوبەناو لەڕێگەی بەشێك لەهۆزەكان بەتایبەتیش لەدێرەزوور دەیەوێت گرفتی ئەمنیی بۆ هێزە كوردییەكان دروستبكات.

رۆژئاوای كوردستان لەوكاتەوەی لەساڵی 2011 بەهۆی خۆپیشاندانە ناوخۆییەكانی سوریا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراندووە، بەردەوام لەلایەن توركیاو ئێران و پاشانیش گروپە چەكدارەكانی نزیك لەتوركیاو لە2014 لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش رووبەڕووی هێرش و پەلامار بووەتەوەو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیش لەلایەن توركیاو گروپەكانی نزیك لێی لە 2018و 2019 داگیركران.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار