یوسف كیلابی بۆ هاوڵاتی: وەزیری دارایی هەرێم نەیەتە بەغدا قەرزە 700 ملیار دینارییەکە رادەگرین
لەبەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
لەپەرلەمانی بەغداوە هەوڵی ئەوە دەدرێت هەمواری یاسای بودجە بكرێتەوە تا لەڕوی یاساییەوە گرفت بۆ هەوڵەكانی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا دروستنەبێت، پەرلەمانتارێكی عەرەب ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەهەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەربگرێت و هۆشداریشیدا بەوەی كە ئەگەر بێتو وەزیری دارایی هەرێم بەردەوام بێت لەپەكخستنی ئامادەبوونەكەی لەبەردەم لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوا پارەداركردنی هەرێم رادەگیرێت و چیتر بەغدا پارە رەوانەی هەرێم ناكات.
هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا، بەردەوامی هەیەو لەئێستادا بووەتە پرسێكی سەرەكی و چەندین پەرلەمانتارو لایەن و فراكسیۆنی جیاواز كاری لەسەر دەكەن، بەتایبەت یوسف كیلابی پەرلەمانتاری عەرەب لەبەغدا كە دەیەوێت ئەو هەوڵە بگەیەنێتە كۆتایی، لەوبارەوە ناوبراو بەهاوڵاتی وت «داواكاری موچەخۆرانی هەرێم بەهەند وەردەگرین، ئێمە زیاتر لە 60 هەزار واژۆمان بۆ هاتووەو وەك نوێنەرێكی راستەقینەی گەلانی عێراق، هەوڵ بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەدەین و تاكۆتاییش بەردەوام دەبین.»
ئەگەرچی لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، پێدانی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە گرفتی هەیە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوامن و موچەخۆرانیش لەچاوەڕوانیدان تا داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت، بەپێی وتەی عەبدولقادر ساڵح راوێژكاری یاسایی بۆ هاوڵاتی، «گواستنەوەی مووچە بۆسەر حكومەتی ناوەندی، پێچەوانەی مادەی 117ی دەستوورە. چونكە ئەو ماددەیە دانی ناوە بەحكومەتی هەرێم و سێ دەسەڵاتەكە، كەواتە پێدانی مووچە لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەو ئەو جیهەتە تایبەتمەندە بەو پرسە. بۆیە بەبڕوای من حكومەتی هەرێم ئەگەر خۆیشی بیەوێت ئەو كارە بكرێت، بەڵام دەستوور رێگرەو ئەو كارێكی ئەستەمە. بۆ؟ چونكە بەجێبەجێبوونی ئەو حاڵەتە، حكومەتی بەغدا لەحكومەتێكی فیدڕاڵییەوە دەبێتە مەركەزی و ئەوەش پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ دەستووردا.
دەكرێت حكومەتی بەغدا پابەند بكرێت بەدابینكردنی پارەو پێدانی مووچە بەهەرێم، نەك بەپێچەوانەوە راستەوخۆ بەغدا موچە بدات بەفەرمانبەران. جگەلەوەش ئەوە پێچەوانەی یاسای موازەنەیەو بەهیچ جۆرێك یەكناگرێتەوە لەگەڵیدا، لەلایەكی ترەوە بەبڕوای من حكومەتی عێراقی ناچێتە ژێر باری ئەو ژمارە خەیاڵیانەی كە لەهەرێمدا هەیە. بۆیە بەكۆی گشتی پێمان وایە رێگری یاسایی و دەستووری و واقیعیش هەیە بۆ ئەوەی كە نەتوانرێت مووچە راستەوخۆ لەبەغداوە بدرێت بەفەرمانبەرانی هەرێم.»
سەرەڕای ئەو رێگرییە دەستووری و یاساییە، بەڵام یوسف كیلابی و نەوەی نوێ سوورن لەسەر هەوڵەكانیان و دەیانەوێت بەڕێگەیەكی یاسایی هەوڵەكانیان بگەیەننە ئامانج، ئەویش هەمواركردنەوەی یاسای بودجە. لەوبارەوە كیلابی بەهاوڵاتی وت «هەفتەی داهاتوو پرۆژە یاسایەك پێشكەش دەكەین بۆ هەمواری یاسای بودجە، پاش ئەوەش دەتوانین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازینەوەو ئاواتی هەموو موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی خۆشەویست بەدیبهێنین و هەموو هەوڵێكیش ئەدەین و تاكۆتایی لەگەڵیدا دەڕۆین و پشت بەخوا سەركەوتووش دەبین.»
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە، پێشنیاری لایەنێكی سیاسی هەرێمە، هاوكات چەندین پەرلەمانتارو فراكسیۆنی جیاوازی عێراقی، دەنگیان یەكخستووەو لەهەوڵی ئەوەدان پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكەن، لەوبارەوە سەرچاوەیەك لەنەوەی نوێ بە هاوڵاتی وت «دەنگێكی زۆرمان كۆكردوەتەوەو زۆرینەی لایەنە كوردییەكان و بەشێكی زۆری عەرەبەكانیش لەگەڵماندان.»
لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی هەرێم لەدانیشتنی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارەداركردنی هەرێم لەلایەن بەغداوە رابگیرێت، لەوبارەوە یوسف كیلابی بەهاوڵاتی وت « نەهاتنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ ئێرەو وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكەی لیژنەی دارایی بەئامادەنەبوونی لەدانیشتنی میوانداریكردنیدا، مانای وایە كە كێشەو گرفت و ناڕوونی هەیەو ئەوان نایانەوێت دەركەوێت و بۆ ئێمەی روون بكەنەوە، كێشەكانیش لەژمارەی فەرمانبەراندایە، ئەوان نایانەوێت ئەو پارەیەی دەینێرین بیدەن بەفەرمانبەر، واتە ئەگەر ئەوان گرفت و كێشەیان نەبێت ئەوا شتەكان روونن و پێویست بەم دواخستن و پەكخستنە ناكات و ئامادە دەبوون، لەبەرئەوە پێمان وایە كە هۆكاری سەرەكی ئەو كێشانە وەزیری داراییە، دەبوو ئەم هەفتەیە بێتە ئێرە، بەڵام نەهاتووە. ئەگەربێتوو بەردەوام بێت لەسەر دواخستنی ئامادەنەبوون، ئەوكات كێشەو گرفتی بۆ دروست دەبێت، بەدڵنیاییەوە پرۆسەی ناردنی پارە كۆتایی دێت و ئیتر ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بنێرینە هەرێم. چونكە ئەمە رێكەوتنە، ئەوكاتەی كە مەسرور بارزانی هاتە بەغداو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی كرد، لەسەر دوو بڕگە رێكەوتن، یەكەم پێشكەشكردنی داتای راست و دروستی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها ناردنی وەزیری دارایی هەرێم بۆ بەغدا. بەڵام دەبینین هیچكام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەبوون، بەواتایەكی تر واتە بارزانی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكرد.»
چەندین جار بەهۆکاری جیاواز دانیشتنی پەرلەمان بۆ بانگێشتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، دواخراوە و لەهەفتەی رابردووشدا حکومەتی هەرێم بەنووسراوێک لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاگادارکردەوە کە ئاوات شیخ جەناب تا دوو هەفتەی تر ناتوانێت سەردانی بەغدا بکات.
بەپێی نووسراوەکە، «ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیەو هەفتەی داهاتووش ناتوانێت ئامادەبێت لە لیژنەی دارایی، چونکە لەوەزارەتەکەیدا سەرپەرشتی ئامادەکردنی داواکارییەکان دەکات بۆ دەستکردن بەوردبینی ژمارەو بڕی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەهەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان».
بابەتی موچەی فەرمانبەران، بووەتە كێشەو گرفتی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و رێگریش لەهەر هەوڵێك دەكات بۆ ئەوەی پێدانی موچەی فەرمانبەران بگوازرێتەوە بۆ بەغداد، ئەمەش نیگەرانی لای موچەخۆران دروستكردووەو بەگومانەوە لەهەر هەوڵێك دەڕوانن كە بەئاراستەی چارەسەری كێشەكەیان بدرێت.