دوو ساڵە حكومەتی هەرێم تەنیا لەناوچە شاخاوییەکان سەرقاڵی دابەشكردنی نەوتە
هاووڵاتیان لەبەر گرانیی نرخەكەی، لەهاویندا نەوت بۆ زستان دەكڕن
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرما خواستی هاووڵاتیان لەسەر سوتەمەنی و بەتایبەت نەوتی سپی زیاد دەبێت، بەهۆی ئەوەش كەحكومەتی هەرێم پاڵپشتی نرخی نەوتی سپی ناكات، نرخەكەی بەرزدەبێتەوە، فرۆشیارێكی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەماوەی هەفتەیەكدا نرخی نەوتی سپی 20 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كەپڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان دەستیپێكردووەو سەرەتا لەناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكەن.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بودجەی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابینكراوەو هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت لەبەرامبەر 100 هەزار دیناردا.
بەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، بڕی شەش ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەكانی خوێندنی حكومی لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان دابینكراوە كە لەپێنجی تشرینی یەكەمەوە دەست بەدابەشكردنی كراوە.
گەیلان جەمال، بەڕێوەبەری تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئاگاداری پرسی دابەشكردنی نەوت نیم و زانیاریم نییە، ساڵی رابردووش بەهەمان شێوەی ئەمساڵ بەرمیلێك نەوت بە 100 هەزار دینار بەهاووڵاتیان دراوە».
وتیشی: «نەوت لەناو شارەكان دابەشنەكراوەو ساڵی رابردوو و رابردووتریش دابەشكردنی نەوت لەناوچە شاخاوییەكان كۆتایی پێنەهاتووە».
هاوڵاتی گفتوگۆی لەگەڵ چەند فرۆشیارێكی نەوتدا كردو ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد كەنرخی نەوتی بازرگانی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو بەراورد بەساڵی رابردوو بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 65 هەزار دینار زیادیكردووە، هەروەها باسیان لەوەشكرد كە بەهۆی ئەوەی هێشتا لەوەرزی پایزداین نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزنەبووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لەوەرزی زستاندا نرخەكەی زیاتر بەرزببێتەوە».
عەلی فوئاد، كە پیشەی نەوتفرۆشە لەسەنتەری شاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خواستی هاووڵاتیان لەسەر نەوت تاهەفتەیەك بەر لەئێستا زۆر باشبوو، بەڵام بەهۆی دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتەوە لەچەند ناوچەیەك كەمێك بازاڕ لاواز بووەو هاووڵاتیان گلەییان لەبەرزی نرخی نەوت هەیە».
سەبارەت بەنرخی نەوت ئەو نەوتفرۆشە باسی لەوەشكرد « هەفتەیەكە نرخی نەوت لە 165 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 185 هەزار دینار، پێنج رۆژ لەمەوبەر لیترێك نەوتمان بە 680 دینار كڕیوەو لەم رۆژانەدا بە 770 دینار كڕیومانە، بەدابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتەوە نرخی نەوتی بازرگانیش دادەبەزێت».
«نرخی نەوت لە 21ی ئازاری ساڵی رابردوو 120 هەزار دیناربوو تانزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر، ئەو كاتە بوو بە 150 هەزارو پاشان بەرزتربووەوە بۆ 160 هەزار دینار، بەڵام لەئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 185 هەزار دینارە». عەلی فوئاد وای وت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی نرخی جۆرەكانی نەوت لەبازاڕدا جیاوازەو نەوتی كەركووك هەرزانترین نرخی هەیە، كەبەم شێوەیەن: نرخی نەوتی بێجی بە 185 هەزار دینارە، نەوتی بەغدا بە 170 هەزار دینارو نرخی نەوتی كەركوكیش بە 160 هەزار دینارە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە زستانی ساڵی رابردوو نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 305 هەزار دینار کە بەرزترین ئاست بوو بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت نرخەکەی دەستی بەدابەزین کرد.
هاووڵاتیان گلەییان لەنرخی نەوت هەیەو دەڵێن ئەو نەوتە هاوردەكراو نییە تا باجی بچێتە سەر.
ئەحمەد عەبدوڵا، هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە بەهاوڵاتی وت: بۆ ئەمساڵ بەر لەهاتنی وەرزی زستان بەرمیلێك نەوتم كڕیوە بە 170 هەزار دینار كە لەم بارودۆخە داراییە ناهەموارەدا ئەو نرخە زۆرە چونكە نەوتەكە لەدەرەوە بۆمان نایەت و هی وڵاتی خۆمانە.
ساڵانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرمیلێك یان دوو بەرمیل نەوت بەرامبەر بڕێك پارە بەهەر خێزانێك داوە لەوەرزی زستاندا، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆكاری قەیرانی داراییەوە پڕۆسەكە خاو بووەتەوەو زۆرجار هاووڵاتیان ناچارن لەوەرزی زستاندا نەوتی بازرگانی بكڕن كەهەندێكجار بەسێ هێندەی نرخی راستی كڕیویانە.