سەرۆكوەزیرانی عێراق بەمەرج ئامادەیە راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
هێشتا پرسی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا جێگەی مشتومڕە، هەرچەندە بەوتەی چەند سەرچاوەیەك سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە ئەگەر پڕۆژەكە لەپەرلەمان تێپەڕێت جێبەجێی بكات، بەڵام پارتی بەپڕۆژەیەكی نامەعقولی دەزانێت، لایەنەكانی دیكەش پشتیوانی دەكەن، لەكاتێكدا زیاتر لە 60 هەزار واژۆی فەرمانبەران و مامۆستایانی بۆ كۆكرایەوە.
سودانی بەمەرج پڕۆژەكە دەكاتە بڕیارو جێبەجێی دەكات
غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»شەوی یەكشەممە لەگەڵ یوسف كیلابی پەرلەمانتاری شیعەكان قسەمكردووە دەڵێت سەردانی محەمەد شیاع سودانیم كردووە وتوویەتی لەدەسەڵاتیدا نییە جێبەجێی بكات بەڵام ئەگەر بیخەنە بودجەوە ئەوكات ئامادەیە جێبەجێی بكات».
وتیشی:»نزیكەی دوو هەفتەی دیكە بودجەی 2024 دەست دەکرێت بەگۆڕانكاری و ئەگەر تیایدا جێگیر بكرێت و لەپەرلەمان تێپەڕێت پێویستە جێبەجێ بكرێت، لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیشیدا دەكرێت پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببرێت».
«ئەو پڕۆژەیە دەبێت جێبەجێ بكرێت ناكرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەوشێوەیە بدرێت، دەبێت لەلایەن پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا هەوڵی جددی بۆ بدرێت، چونكە ئەو 700 ملیارە بۆ سێ مانگ بەمەرج نێردراوە كەیەكێكیان پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هەرێمە». غالب محەمەد وای وت.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەشڵێـت:»زۆربەی پەرلەمانتارە كوردەكان لەپارتی دەترسن بۆیە كار بۆ ئەو پرسە ناكەن، پێم سەیرە خۆیان مووچەیان لەسەر بەغدایەو نایانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ بەغدا بیدات».
نەوەی نوێ پێی وایە بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە چیتر مووچە نابێتە هەواڵ
لەبەرامبەردا رێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەگەر ئەم پڕۆژەیە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و وەك ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە، بەڵێ گرفتی دابەشكردن و دواكەوتنی مووچە لەهەرێم كۆتایی دێت».
وتیشی:»مانگانە پارە دەچێتە سەر هەژماری تی بی ئای و لەكاتی خۆیدا دەچێتە سەر هەژماری مووچەخۆرانی هەرێم و دواناكەوێت، ئەوكات بەشێوەیەكی بنەڕەتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت و چیتر مووچە نابێتە هەواڵ».
پێشتر جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی كراوە هەوڵێكەو واژۆ كۆكراوەتەوە دەبێت لەپەرلەمان تێپەڕێت دواتر حكومەتی عێراق جێبەجێی بكات، ئەگەر نیسابی دانیشتنەكە تەواو ببێت و پەنجا كۆیەكی پەرلەمان دەنگی لەسەربدات دەبێتە بڕیار».
پارتی پڕۆژەكە بە «نامەعقول و دەستبڕین» ناودەبات
شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەو پڕۆژەیە دەستبڕینە و تەنها بۆ موزایەدەیە لەڕێگەی چەند پەرلەمانتارێكی شیعەوە كەپێشتر لەسەر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم سكاڵایان تۆماردەكرد، ئێستا چۆن رازی دەبن مووچەی زیاتر لەملیۆنێك فەرمانبەر راستەوخۆ لەبەغداوە بێت».
وتیشی:»ئەو پڕۆژەیە سەرناگرێت چونكە بانكی تی بی ئای لەهەرێم تەنها سێ لقیان هەیە كەبچووكن جگە لەوەش دابەشكردنی مووچە لەڕێگەی ئەوانەوەو بەكارتی زیرەك كاتێكی زۆری پێدەچێت و قسەیەكی نامەعقولە».
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم بۆ هاوڵاتی:»ئەمساڵ هیچ پڕۆژەیەك بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا جێبەجێ ناكرێت و دوای ناردنی دوو گوژمەی دیكەی 700 ملیار لەلایەن بەغداوە دەبێت حساباتی نێوان هەرێم و بەغدا تەسفیە بكرێت ئەوكات كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی دەكرێتەوە».
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی دەستیكەوتووە، وەفدێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لەهەرێمی كوردستان ماونەتەوەو راپۆرتی خۆیان لەبارەی ژمارەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نووسیوەو رادەستی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەكەن.
هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزار) مووچەخۆری هەیە، بەڵام (658 هەزار) فەرمانبەری هەرێم لای بەغداد تۆماركراوە كەدەكاتە (52%)ی كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە (48%)ی مووچەخۆرانی هەرێم بەفەرمی ناویان لای بەغداد نیە.
دوای فراوانبوونی داواكاریەكان بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حكومەتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر مووچە لەبابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت.
ئەم لێدوانەی مەسرور بارزانی وەك جۆرێك لە رازیبوون لێكدرایەوە كەكێشەی نیە بەغداد راستەوخۆ مووچە بدات، بەڵام دەبێت لەڕێگەی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێـت.
ئێستا چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پەیوەستكراوە بەهەمواری یاسای بودجەی عێراقەوە، بۆ ئەویش بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی دوو ئەگەر هەیە، یەكەمیان لەڕێگای بەغدادەوە راستەوخۆ بدرێت یاخود وەك پشكی هەرێم لەیاسای بودجەدا بێت و بەو شێوەیەی ئێستا بنێردرێت، هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پاڵپشت بەلایەنە شیعەكان كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لەبابەتەكانی تری پشكی هەرێم و بخرێتە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراقەوە، سودانی و بەشێك لەپەرلەمانتارانی شیعەو لایەنە عێراقییەكان بەڵێنیانداوە لەهەمواری یاسای بودجەدا كەكۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەكرێت، چارەسەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بكرێت و جیگەی بۆ بكرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵە (2023-2024-2025 ) بەڵام دەبێت ساڵانە هەمواربكرێت و خشتەو (تەخسیسات) و ژمارەكان بگۆڕدرێن، بۆیە بەپێی ئەو دوو رێگا چارەیەی خراوەتەڕوو دەتوانرێت لەكاتی گۆڕینی خشتەو ژمارەو تەخسیساتەكان پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش چارەسەربكرێت و بخرێتە ناو خشتەی مووچەخۆرانی عێراقەوە جا راستەوخۆ بەغداد لەڕێگەی ئەژماری ئەلكترۆنی و بانكی (TBI) بێت یاخود بەمەبلەغ بنێردرێت و حكومەتی هەرێم خۆی دابەشی بكات.
لەحاڵەتی جێگیركردن و جیاكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەبابەتەكانی دیكەو خرایە خشتەی موچەخۆرانی عێراقەوە، ئەوا دوو رێگە هەیە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم:
رێگای یەكەم ئەوەیە لەهەمواری یاسای بودجەداو لەناو خشتەی مووچەخۆرانی عێراقدا جێگەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێتەوە، بەڵام پشكی مووچەی مووچەخۆران راستەوخۆ لەبەغدادەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و حكومەتی هەرێم خۆی مووچەكە دابەش دەكات، كە لەیاسای بودجەی عێراقدا ئەوەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار بەم شێوەیە:
- كۆی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەخشتەكانی یاسای بودجەدا ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە.
-كۆی مووچەی تەرخانكراو بۆ ساڵێك: (9 ترلیۆن و 300 ملیار) دینارەو مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار.
-بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێم ساڵانە (ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینارو مانگانە دەكاتە (112) ملیار دینار.
-بۆ موچەی (23)هەزار پێشمەرگە ساڵانە ( 228) ملیار دینار مانگانە دەكاتە (19) ملیار دینار
واتا كۆی ئەو مووچەیەی بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخانكراوە، دەكاتە (906) ملیار دیناری مانگانەو ئەگەر وەك خۆی بێت ئەوا لەگەڵ (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان بەئاسانی بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات.
رێگاچارەی دووەم ئەگەر ئەو پێشنیازە سەربگرێت و بەغداد راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی بانكی (TBI)ەوە بدات ئەوكات گۆڕانكاری درووست دەبێـت، چونكە ژمارەكان جیاوازن ئەوەی لای بەغدایە لەگەڵ ئەوەی هەرێم، جیاوازیەكە (597 هەزار) موچەخۆرە، ئەوەی لای بەغداد تۆماركراوە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە دەكاتە (52%)ی كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەژمارەیان (ملیۆنێك و 255 هەزار) مووچەخۆرە بەم شێوەیە:
-ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم: (ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) مووچەخۆر
-ژمارەی فەرمانبەر: (752 هەزارو 959) كەس بەڕێژەی (60%)
-ژمارەی مووچەخۆر: 502 هەزارو 364) كەس بەڕێژەی (40%)
-فەرمانبەری مەدەنی: 430 هەزارو 231 كەس
-سەربازی: 217 هەزارو 979 كەس
-پۆلیس و ئاساییش: 104 هەزارو 699 كەس
-خانەنشینی: 246 هەزارو 269 كەس
-چاودێری كۆمەڵایەتی: 159 هەزارو 158 كەس
-شەهیدان: 96 هەزارو 937 كەس
ئەگەر بەغداد بڕیار بدات تەنیا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات كە لای خۆی تۆماركراوەو ژمارەیان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم جگە لە مووچەخۆران (752 هەزار) فەرمانبەری هەیە ئەوانەی لەكاردان، واتا نزیكەی (100هەزار) فەرمانبەری فیعلی هەرێم بێ مووچە دەبن، لەگەڵ ئەوەی (597 هەزار) مووچەخۆری هەرێم بێ مووچە دەبن.
چونكە ئەگەر بەغداد بیەوێت راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆران بدات دەبێت كۆی فایل و ئەوەلیات و پلەبەندی و خزمەت و ناونیشانی مووچەخۆران بداتە بەغداد كە ئەمەش ئاسان نیە، كە تەنیا (52%)ی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەلیاتیان لای بەغدادە، خاڵێكی تر پرسی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمە كەنزیكەی (48%)ی كۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سلكی سەربازیەو ژمارەیان (433) هەزار كەسەو كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینار مووچەكانیانە كەدەكاتە 48%ی كۆی مووچەی مووچەخۆران كە بۆ مانگێك (944 ملیار) دینارە.