یەکێتی بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونی لیستەکەی لاهور شێخ جەنگی دابڕاوەکان ئاشت دەکاتەوە
"بڕیارە لیژنە باڵاکەی یەکێتی لەگەڵ حاكم قادرو مەلا بەختیار کۆببێتەوە"
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
یەكێتی هەوڵەكانی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان دەستپێكردو بەڕاسپاردەی سەرۆكی ئەو حزبەش، عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی دیاریكرا بۆ ئەوەی دەست بەكۆبوونەوە بكرێت لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكان، لەبەرامبەر باڵەكەی لاهوری شێخ جەنگی هیچ جووڵەیەكی سیاسی نییەو چاوەڕێی كردنەوەی دەرگای تۆماری قەوارەكان دەكات لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ ئەوەی وەك لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
پاش كۆتایی هاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەرۆكی ئەو حزبە بڕیاریداوە كە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ كۆبوونەوەو دانیشتن لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكانی حزبەكەی، تا بگەڕێنەوە ناو یەكێتی و دووبارە دەست بەكاری سیاسی بكەنەوە. لەوبارەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی سەركردە دابڕاوەكان، یەكێكە لەبڕیارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، لەكۆنگرە پێشنیاركراو دواجار كرا بەبڕیارو بۆ ئەوەش لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا بۆ ئەو پرسە كە بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت.»
ئەگەرچی دوای كۆنگرە بڕیار لەسەر ئاشتكردنەوەی سەركردە تۆراوەكان دراوە، بەڵام چاودێرێكی سیاسی پێی وایە كەپێش كۆنگرە ئامادەكاری بۆ ئەوە كراوەو یەكێتی و خودی سەرۆكەكەشی بەرنامەڕێژییان كردووە تا پاش كۆنگرە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەن، لەوبارەوە دكتۆر كاروان حەمە صاڵح چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «دەتوانین بڵێین ئەم پرۆسەی ئاشتەواییە لەدوای كۆنگرە بیری لێنەكراوەتەوە، پێش كۆنگرە بەرنامەی بۆ دانراوە. لەسەر ئەو بنەمایەی كە لەناو كۆنگرە ئەوە یەكلایی بووەوە كە سەرۆكی یەكێتی دەسەڵاتی ئەوەی پێبدرێت هەموو كورسییەكان لەناو كۆنگرە یەكلایی نەكرێتەوە بەتایبەت لەناو سەركردایەتی و ئەنجومەنەكان، بۆ ئەوەی بوارێك بهێڵرێتەوە لەدوای كۆنگرە ئەو كۆمەڵەیەی نەهێنرانە ناو كۆنگرە، خۆیان لەپاش كۆنگرە بانگهێشتیان بكەنەوە ناو حزب.»
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دیاریكراوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیە بكات كە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە دابڕاوەكان پێكهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «لیژنەكە بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی و ئەندامێتی هەڤاڵ عومەر شێخ موس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و هەڤاڵ شێخ جەعفەر بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لەیەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەم بابەتە تاوتوێكرا بۆ ئەوەی بڕیارەكە بكەوێتە بواری پراكتیكیەوە و لەدووەم كۆبونەوە رۆژی 10ی ئەم مانگە دیاریكرا بۆ ئەوەی لیژنەكە دەستبەكاربێت، ئەمڕۆ سەردانی چەندین هەڤاڵ كراوەو لەوبارەوە قسەیان لەگەڵ كراوە، بۆیە هەڤاڵ عومەر شێخ مووس دیاریكراوە چونكە ئەو یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، كەسێكی نزیك بوو لەهەڤاڵ مام جەلال، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لەخەبات و لەلایەن هەموو هەڤاڵانەوە رێز لە عومەر شێخ مووس دەگیرێت و لەناو كۆنگرەی پێنجەمیشدا كاتێك مشتومڕێك دەهاتە كایەوە ئەم بەنەرم و نیانی و ئەزموونی خۆی وای دەكرد كە ببێتەهۆی كۆكردنەوەی بیروبۆچوونەكان و گەیشتن بە ئەنجام و بڕیارێكی هاوبەش. دەتوانین بڵێین رۆڵی كاریگەری هەبووە لەسەرخستنی یەكێتی.»
لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی یەكێتی بۆ كۆكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان، لیستەكەی لاهوری شێخ جەنگی هیچ جووڵەیەكی سیاسی نییەو چاوەڕێی كرانەوەی دەرگای تۆماركردنی لیست و قەوارەكان دەكات لەكۆمسیۆن تا وەك هێزێكی سیاسی بۆ هەڵبژاردن تۆماربكرێت، لەوبارەوە بەختیار كاوانی كەسی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «هێشتا قەوارە لەكۆمسیۆن داوا نەكراوە، ئەوەی هەیەو نییە كاك لاهور گوتویەتی لیستم دەبێت. تەنها ئەوە هەیەو هیچی تر، سەبر بگرن لەداهاتوودا هەموو شت یەكلایی دەبێتەوە.»
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەهەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان، رێگرییە بەرامبەر هەر هەوڵێكی لاهوری شێخ جەنگی بۆ بەهێزكردنی لیستەكەی، لەوبارەوە سەرچاوەیەكی نزیك لە لیستەكەی لاهوری شێخ جەنگی بەهاوڵاتی وت «یەكێتی دەبوو پێش كۆنگرە ئەوەی بكردایەو هەموو جەمسەرەكان لەكۆنگرە بەشداربووان، تا بەهۆیەوە یەكێتی بەهێز بووایە. نەك ئەو فەراغە هەبێت و یەكێتی بەو پەرتەوازەییە بهێلِرێتەوە، ئاشكرایە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كە ئەو سەركردە دابڕاوانە پەنا بۆ هێزو كەسایەتی تر نەبەن، بەڵام یەكێتی هەڵەی كرد دوای كۆنگرە ئەوە دەكات، دەبوو پێش كۆنگرە بەوكارە هەستایە.»
هەوڵەكەی یەكێتی بەچەند قۆناغێك دەبێت، سەرەتا سەركردەكان و دواتریش ئۆرگان و مەكتەبەكان. كە بۆ ئەوەش لیژنەی تایبەتمەند پێكهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «لەدوای كۆنگرە هەوڵەكانمان بە ئاراستەی كۆكردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكانی یەكێتیە، كۆكردنەوەی هەڤاڵانمانە لەهەموو ئۆرگانەكان. لەیەكەم هەنگاویشدا لەسەركردەكانەوە دەستپێدەكات و هەمو ئۆرگانەكان دەگرێتەوەو بەدروشمەكەی مام جەلال كە دەڵێت كەسمان لێ زیاد نییە، بەردەوام دەبین لەكۆكردنەوەی یەكێتییەكان.»
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە لیژنەكە لەگەڵ تەواوی سەركردە دابڕاوەكان جگە لەنزیكەكانی لاهوری شێخ جەنگی كۆدەبێتەوەو دانیشتن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرێت، لەوانە حاكم قادرو مەلا بەختیار، لەئێستاشدا گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ سامان گەرمیانی ئەنجامدراوەو ناوبراو نزیكبووەتەوە لە پەیوەندیكردنەوەی بە یەكێتی، هەروەك ئەوەی لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «دوێنێ یەكەم دانیشتن ئەنجامدراوەو گفتوگۆ لەگەڵ هەڤاڵ سامان گەرمیانی كراوە، ئومێدمان هەیەو دەتوانین بڵێین ئەنجامی باشمان دەبێت.»
بەهۆی كێشەو ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە، دەیەها سەركردەو كادیری پێشكەوتوی ئەو حزبە وازهێنانی خۆیان راگەیاندو لەیەكێتی دووركەوتنەوە. بەتایبەت پاش رووداوەكانی هەشتی تەمموزی ساڵی 2021 كە براوەی یەكەمی كۆنگرەی چوارەم كرایە دەرەوەی حزبەكەو بەدوایدا چەندان سەركردەی تر دەركران و چەندانی تریش وازهێنانی خۆیان راگەیاند.