بەغدا لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ لیستێكی خۆی بەراورد دەكات

وتەبێژی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی: سەردانی وەزیری دارایی هەرێم بۆ بەغدا فەرمان نییە و تەنیا وەڵامی پرسیارەكانی حكومەتی عێراق دەداتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت سەردانەكە ئارەزومەندانەیەو هیوادارن ئەنجامی هەبێت.

 بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2023 وەفدی  دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بەغداو ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، وەفدەكە هەمان ئەو وەفدە تەكنیكیە دەبێت كەپێشتر سەردانی بەغدایان كردووەو گفتوگۆیان لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی فیدراڵی كردووە.

وەفدەكەی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتە پەیوەنددارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بەسەردانەكە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەم سەردانە شتێكی باشەو وەڵامە بۆ ئەوەی كە لەلیژنەی دارایی كۆمەڵێك پەرلەمانتار هەبوون واژۆیان كۆدەكردەوەو ئاستەنگیان دروستدەكرد، دەیانوت كەپرسیاری جۆراوجۆریان هەیە لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەم سەردانە ئاشكرایە كە بانگهێشت نییەو فەرمان نییە بەڵكو ئارەزوومەندانەیە، چونكە وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارە نەك پەرلەمانی عێراق».

لە هەفتەی رابردوو، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەگەر بەمزوانە ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدا نەکات و بەشدار نەبێت لە کۆبونەوەی پەرلەمان ئەوا ناچار دەبن قەرزە ٧٠٠ ملیار دینارییەکە ببڕن چونکە سەردانی ئاوات شێخ جەناب یەکێک بووە لە مەرجەکانی رێککەوتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرکوەزیرانی عێراق.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دانیشتنەکە دەڵێت، «لەدانیشتنەكەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیانبووە، هیچ رێككەوتنێك نییە كە واژۆ بكرێت بەڵكو هەر لەچوارچێوەی ئەو چوونە پێشەوانەی حكومەتی هەرێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە ئێمە بەو نیەتەوە دەچین هیوامان وایە حكومەتی عێراقیش وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان».

پێشتر هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو وەفدەدا دەبێت،  بەگوێرەی بانگهێشتنامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەكەی وەزیری دارایی رۆژی 18ی تشرینی یەكەم لەگەڵ لیژنەكە دەكرێت».

بڕیاربوو لەسەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە، پێنجـی تشرینی یەكەمی 2023 بەشداری كۆبوونەوەیەكی ئەو لیژنەیە ببێت كەوەزیری دارایی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقیش تێیدا بەشداربوون، بەڵام وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەفەرمی لیژنەكەی ئاگاداركردبووەوە كەدوو هەفتەی دیكە دەتوانێت سەردانی لیژنەكە بكات.

هونەر جەمال، لەوبارەیەوە وتی:» بەهۆی ئەوەی كۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی وەفدێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ بەراوردی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، داوامان لەلیژنەی پەرلەمان كرد سەردانەكە دوو هەفتە دوابخرێت».

وتیشی: «بانگهێشتێكی نوێمان لەپەرلەمانی عێراق بۆ هاتووەتەوەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت بۆ بەرگریكردن لەمووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشەفافیەتەوە دەباتە بەردەم ئەو لیژنەیە».

رۆژی 11-10-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێكراوەو ئیتر ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابین بكات.

لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم. لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

دوای ئەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم  دەڵێت «ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان كردووە» چاوەڕوانیش دەكرێت دوای سەردانەكەی ئاوات شێخ جەناب و وەفدی یاوەری چارەنووسی دوو 700 ملیارەكەی دیكە كە بڕیاردراوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت روون ببێتەوە.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراق ئەو زانیاریانەی وەزیری دارایی هەرێم دەیداتە بەغدا لەسەر فەرمانبەران لەگەڵ زانیاریەكانی خۆی بەراورد دەكات و دواتر دەیداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار